دوای نزیکەی (90) ڕۆژ، لە کەشێکی گەرم و قەرەباڵغی پڕ لە پاڵە پەستۆو بە پێوە وەستان، لەبەر تیشکی خۆری سوتێنەرو سەرەیەکی دورودرێژدا و بە چاوەڕوانی چەند کاتژمێرێک، دواجار دوێنێ مووچەی خانەنشینی سەربازیەکەم بە نیگەرانیەوە وەرگرت، دودڵ لەوەی بتوانم قەرزو قۆڵەی ئەو هەمو ماوە دورودرێژەی پێ ساف بکەم، یان لانیکەم زۆربەی خاوەن قەرزەکان ڕازی بکەم بە بەشێک و بەشەکەی تری ئیدارەی پێبکەم تا دەگەمەوە مووچەی داهاتوو، لە گەرمەی ئەم دڵە ڕاوکێیەدا بیرم لەو کەسانە دەکردەوە لە گەڵ من لە ڕیز وەستاون، بەشێکیان دایکانی ڕەشپۆش و کەسوکاری شەهیدانن و بەشەکەی تریش لە ( پ،م ) ی هاوسەنگەرەوە بیگرە، تا خەفیفەو پیاوانی ڕژێمە ترسناکەکەی سەردەمی بەعس، کە بەردەوام خۆمان لێدەشاردنەوە، خەیاڵم بەو ئاراستەیەدا دەفڕی، ڕەنگە حاڵی زۆربەیان لە هی من باشترنەبێت، بەتایبەت ئەوانەی کرێچین، یان نەخۆشی و چارەسەری درێژخایەنیان هەیە، منداڵی زۆریان هەیە، یان مووچەکەیان کەمترە لە مووچەکەی من …
لەناو ئەو هەموو ژاوەژاو پاڵە پەستۆو تۆزوخۆڵەدا کە هەربە گەرماو تۆزو خۆڵی بیابانەکانی ( کەنعان ) دەچو، بەردەوام دەنگی بڵندگۆیەک ڕایدەچڵەکاندم، بەدەستی کەسێکەوەبوو زوزو ڕوی لە حەشامات دەکردو دەیگووت : “ خێری منداڵانی غەززەتان بیرنەچێ، براموسوڵمانەکانی غەززە لە بیر مەکەن و بەهەشت مسۆگەر بکەن بۆ خۆتان و منداڵەکانتان “. ئەوەی لە هەموو سەرنجڕاکێشتربوو ناو بەناو پیرە دایکێک یان کەسێک لێی نزیک دەبۆوەو بڕەپارەیەکی لەدەست دەکرد، ئەم کەسە بەبێ هیچ لۆگۆی ڕێکخراوێک، نوسراوێکی ڕێگە پێدراو یان ڕەمزێک یان پسولەیەک پارەکان وەردەگرێ . سەیرئەوەیە ئەم دەسەڵاتە لەچرپەی دووپاساری دەپرسێتەوە کە مەبەستی بێت، بەڵام بڵندگۆیەک وەک شێر دەنەڕێنێ لەبەردەم بانقێکی حکومی، کەس لێی ناپرسێ تۆ لەکوێوە ڕێگەت پێدراوە؟ کێ مافی پێداوی بە ناوی ڕازیکردنی خوداو مسۆگەرکردنی بەهەشت ئەم بانگەوازە بکەی ؟.
بێگومان لەهەموو جیهان دیاردەی هاوکاری کۆکردنەوە و یارمەتی لێقەوماوان زۆرە، تەنانەت ڕۆژئاواییەکان هەمیشە دەستپێشخەرن و سەدان و هەزاران ڕێکخراوی جۆراوجۆریان لەم بوارەدا هەیە، بەڵام لە هەمووجیهاندا شوێنێک نیە بەبێ ڕێگەپێدان و بونی لۆگۆ و ڕەزامەندی دامودەزگای پەیوەندیدار و بونی چاودێری توند، تەنها بە فتوای چەند کەسێک، خەڵک پارە کۆبکاتەوە و دواتر حەواڵەبکرێ بۆ وڵاتێکی تر، بەبێ بونی سیستەمی بانقی . ئەمە یەکێکی ترە لە حەوت هەزارسەرسوڕهێنەرەکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم !!!
گەلی کورد ڕاستە گەلێکی لێبوردەو بەخشندەیە، ئێستاو لە ڕابردوشدا سەرەڕای ئازارو نەهامەتیە زۆرەکانی ، بەردەوام چاوی لە سەر ئازاری ئەوانیترە، بەڵام ناکرێ ئەم فەزیلەتانەی لەڕوی سۆزداریەوە ئیستغلال بکرێ، لەلایەن تەوژمێکی بیرکردنەوەی سیاسی و ئاینی دیاریکراو، بەپێی ویستی خۆی وەبەرهێنانی تێدا بکات، دوور لە ڕەهەندە مرۆییەکەی، ئەمە لەکاتێکدا ئەم تەوژمە تاقیکراونەتەوە، ڕۆڵیان لە بەرامبەر نەهامەتیە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلەکەیان لە ڕابردودا ئاشکراو ڕوونە، بەتایبەت بەرامبەر پارچەکانی تری کوردوستان و قەیرانە مرۆییەکان بەگشتی و پاکتاوی کەمینەکان بەتایبەتی، لە کوردو ئێزیدیەکانەوە تا دەگاتە کلد و ئاشوری و کاکەیی و مەسیحی و عەلەوی و دورزی …
لەکۆتایدا پێموانییە دوو کوردی شەریف هەبێ ناکۆکبن لەسەرهاوسۆزی بۆ ئەو نەهامەتیەی حەماس و ئیسڕائیل بەسەر هاونیشتمانیانی غەززەیاندا هێناوە، بەتایبەت دوای (٧) ی ئۆکتۆبەرو پەلامارە دڕندانەکەی حەماس بۆ سەرهاوڵاتیانی سڤیلی جولەکەو بیانیەکان و کوشتن و بە بارمتە گرتنی دەیان ژن و منداڵ و ڕاپێچکردنیان بۆ نێو تونێلە تاریکەکان، لەبەرامبەردا کاردانەوە دڕندانە و نامرۆییە بێ ئەخلاقیەکەی نەتەنیاهۆ، کە هەموو سنورێکی تێپەڕاند، بە مەش غەززە لە مەحرەقەی نازیەکان وغەززەییەکان لە هۆلۆکۆستی جولەکەکان نزیک دەکاتەوە، لێرەوە هاوکاری هەموو هاوڵاتیانی سڤیل ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقیە بە ئیمتیاز، پێش ئەوەی لە پێناو مسۆگەرکردنی بەهەشت بێت یان بۆ دەستکەوتی سیاسی، بەتایبەت بەرامبەر ئەو جولەکانەی نزیکەی دووساڵە لەتونێلەکاندا بارمتەن تا دەگاتە ژن و مناڵ و موسوڵمانانی غەززە، ڕۆژانە تابلۆی داڕمانی ئەخلاقی مرۆڤ بون و سیما ترسناکەکانی سیستەمی سیاسی بەرژەوەند خوازی زلهێزە جیهانیەکان، لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە درۆزنەکان لە خوێن هەڵدەکێشن، پرسیارە جەوهەریەکە پێش هەر شوێنێک ، ئاراستەکەی ڕووی لە بێدەنگی و بێهەڵوێستی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیە، خۆ گەر سیستەم و دەسەڵاتەکانیش گەندەڵ و شکست خواردوبن، ئەدی دەنگی شەقام و ڕێکخراوەکان وهێزە سیاسیە ئیسلامیەکان، ڕێپێوانە ملیۆنیەکان کە لەپێناو دەسەڵات گرتنەدەست دەخرانە ڕێ بۆ کوێ چون ؟ گۆڕەپانەکانی بەناو کەرامەت ؟ نوێژی هەینی ملیۆنی سەر شەقام و مەیدانەکان ؟ لە بەرامبەر وەها دۆخێکدا چیان بەسەرهات ؟.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر دەمێکە متمانەی هاوڵاتیانیان لەدەستداوە بۆ ئەوەی ئەرکی کۆکردنەوەی هاوکاری بگرنە ئەستۆ، چونکە هەرزوو کۆمپانیایەکی بۆ پێکدەهێنن و ئیتر حەواڵە بە گەواڵەی دەکەن، بەڵام کارێکی ئاوهاش ناکرێ لانیکەم بێ چاودێری داواکاری گشتی و دەزگا پەیوەندارەکان وڕێکخراوەکان بە هەڕەمەکی بەڕێوەبچێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی