ئایا روداوەکەی لالەزار کۆتایی بە خەباتی مەدەنی هێنا؟

28/08/2025

کەمال چۆمانی

لە مێژوی دوای ١٩٩١، تاکە کەسێک توانای بەکارهێنانی توندوتیژی هەبو دژ بە سیستەمی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا بۆ گۆڕانکاری، نەوشیروان مستەفا بو، بەڵام ئەو رێگای دیموکراسی هەڵبژارد بۆ گۆڕانکاری.
سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەکەی نەوشیروان مستەفا دواتر شکستی خوارد، بەڵام ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە رێکاری مەدەنی میکانیزمی هەرە باش نییە بۆ گۆڕانکاری. ئەوە جەوهەری خەباتی مەدەنی نییە کە شکستخواردوە، بەڵکو شێوازی سیاسەتکردن و کەسەکانن.
دوای روداوە کارەساتبارەکەی لالەزار، دەرکەوت رێکاری توندوتیژی نەک سیستەم ناگۆڕێ، بەڵکو سیستەم تەمەنی خۆی پێ درێژ دەکاتەوە. هەڵەی هەرە گەورەی لاهور شێخ جەنگی -بە رای من-، ئەوە بو کە هێزێکی دروستکرد کە پێویست نەبو. ئەو بەو سەرمایە جەماوەرییەی هەیبو، بەهێزتر دەبو کە خۆی رێکخستبوایە بۆ داهاتو نەک هێزێکی میلیشیا دروستبکا کە دڵنیایە لە میلیشیاکانی تر بەهێزتر نییە. لاهور شێخ جەنگی داوای لەو کەسانە کرد کە پێیان وایە توندوتیژی چارەسەرە، بەڵام تاکەکەسێک نەبو وەڵامی بداتەوە و بە هانای بانگەوازەکەی لاهور شێخ جەنگییەوە بڕوات.
خەڵکێک هەیە بە بیانوی ئەوەی دیموکراسی و رێکاری مەدەنی ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک دروستبکەن و تەنها توندوتیژی چارەسەرە، خەڵک لە سیاسەت سارد دەکاتەوە. بەڵێ، راستە یەکێتی و پارتی بە سیاسەتی مەدەنی ناگۆڕدرێن، بەڵام سیاسەتی. مەدەنی پشودرێژ و خاوەن روئیا، ناچاریان دەکات گۆڕانکاری بکەن. بەڵێ تا ئەو رۆژەی یەکێتی و پارتی خاوەنی میلیشیای حیزبی بن، هەر هێزێک ببێتە مەترسی لەسەریان کارەساتی هاوشێوەی لالەزار دوبارە دەکەنەوە.
بەڵام بۆچی یەکێتی و پارتی دەتوانن میلیشیاکانیان بەو جۆرە بەکاربێنن؟
چونکە هێزەکان و کۆمەڵگە خۆیان بە رێکخستن نەکردوە و نەیانتوانیوە ئەو جەماوەرە دروستبکەن کە ببێتە فشاری راستەقینە. نەوشیروان مستەفا توانی ئەمە بکا، بەڵام توانای نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کورتکرایەوە و نەبوە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری. بزوتنەوەی گۆڕان دواتر بو بە بزوتنەوەیەکی رەدفەعلی\ریئاکشنەری نەک بزوتنەوەیەک کە خاوەنی روئیا و سیاسەتی پشودرێژ بێ. هەروەها، کۆمەڵگا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و رۆشنبیریی کوردی هەریەکەیان و لە دۆڵێکن. جگە لەوەی دەیانەوێ موچە لە کاتی خۆی بێ، لەسەر هیچ شتێکی تر رێکنەکەوتون. دوریی نێوان رۆشنبیری کوردی و کۆمەڵگای کوردی، هیچی لە دوریی نێوان کۆمەڵگای کوردی و یەکێتی و پارتی کەمتر نییە. تەماشای زانکۆکانمان بکەن؛ لەبری مەعریفە جەهل بەرهەمدێنن. زانکۆی ئەهلی و خوێندن و تەندروستیی تایبەت شوێنی بە زانکۆ و خوێندن و تەندروستیی گشتیی لەقکردوە، کەچی نەمبینی مامۆستاکان و دکتۆرەکان و کارمەندانی تەندروستی و خەڵک پێکەوە هەڵمەتێک بکەن دژ بە بەتایبەتکردنی خوێندن و پەروەردە. دەبێ چاومان تەنها لەسەر خودی حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان نەبێ، بەڵکو دەبێ چاومان لەسەر پۆڵسی\سیاسەتە گشتییەکانیان بێ. لە پرۆسێسی دژایەتیکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەوان کەرتی گشتییان لە ئێمە دزی. ئێستا ئاو و کارەباش دەدەنە کەرتی تایبەت. کاریگەری ئەو بەتایبەتکردنی کەرتی گشتییە، رۆژ دوای رۆژ دەردەکەوێ و رۆژ دوای رۆژ کەلێنی هەژار و دەوڵەمەند گەورەتر دەکات. لای رۆشنبیری کوردی هەرگیز ئەوانە نەبونەتە پرس بۆیەشە رۆشنبیرییەکە دابڕاوە لە کۆمەڵگاکەی. 
من بڕوام بە توندوتیژی نییە، پێشموانییە نە توانای گۆڕانکاری هەبێ، نە ئەوانەشی کە لەڕێی توندوتیژییەوە دەیانەوێ گۆڕانکاری بکەن لە یەکێتی و پارتی زۆر باشتر دەبن.
خەباتی مەدەنی هەر خۆڕێکخستن نییە لەناو حیزبێکدا، بەڵکو گەر کەسێک دکتۆرێکی باش بێ، گەر مامۆستایەکی باش بێ لە قوتابخانەیەکی سەرەتایی یا زانکۆیەک بە ئەوپەڕی توانایەوە ئینسانێکی باش بۆ کۆمەڵگاکەی پەروەردە بکا، ئەوە گەورەترین خەباتە. گەر هەرکەسێکمان لە شوێنی خۆمانەوە ئەرکێکی بچوک بەباشی جێبەجێبکەین. ثیۆری کاریگەری پەپولە Butterfly Effectمان بیستوە؛ کاتێک پەپولەیەک لەوپەڕی دونیا لە شەقەی باڵ دەدات، بە هۆی گواستنەوەی لەرەلەرەکان و ئەو کاریگەرییەی لە دەوری خۆی دروستدەکات، لەوانەیە ببێتە هۆی رەشەبا و گەردەلولێک کاتێک لەرەلەرەکە دەگاتە ئەوپەڕی دونیا بە چەندجارەبونەوەی جوڵەکە.
بۆیە، نابێ چاوەڕێبکەین تا گۆڕانکاری رودەدات، بەڵکو گۆڕانکاری لەبەردەممانە، بەڵام پشودرێژی و کاتی دەوێ. لەوانەیە یەکێک بڵێ جا تا کاریگەری شەقەی باڵەکانی من دەگاتە ئەوپەڕ، لەوانەیە من مردبم. راستە، بەڵام سروشتی گۆڕانکاری بەو جۆرەیە؛ لەسەرخۆیە، لەوانەیە ئێمە هەر نەیبینین، بەڵام بەدڵنیایی ئەگەر لە خۆمانەوە دەستپێنەکەین، سیستەمی گەندەڵ تەمەنەکی زۆر زۆر درێژتر دەکاتەوە. بێ خۆڕێکخستنی کۆمەڵگە بە هزری باڵا و دەستەجەمعییانە، مەحاڵە گۆڕانکاری.
خەڵکێک دەیەوێ بڵێ روداوەکەی لالەزار کۆتایی بە خەباتی مەدەنی دەهێنێ و هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەوە خۆدزینەوەیە. ئەو تێڕوانینە تەنها دەچێتە خزمەتی سیستەمەوە. بە رای من، روداوەکەی لالەزار هێندەی تر بۆی رونکردینەوە کە تەنها خەباتی مەدەنی چارەسەرە. بێگومان قوڕسە، بێگومان پشودرێژی دەوێ، بێگومان لەسەرخۆیە، بێگومان خەباتی مەدەنی کاتێک کاریگەر دەبێ کە بەرانبەرەکەش بڕوای بە دیموکراسی هەبێ. بەڵام ئایا لەو رێگایە زیاتر رێگای ترمان هەیە؟ پێموایە نیمانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی