بابەتێكی جدییە بۆ گفتوگۆی فەلسەفی و رووناكبیریی، دوور لە رستەی بۆش و بەتاڵی بێ مانا.
سروشتی فەیلەسووف و ڕۆشنبیر، لە بازنەی بەربەرەکانیی بوون و نەبووندا، وەکو پشکۆیەک لە دەرووندا هێواش هێواش بەهۆی هەناسە ساردەكانەوە خۆی نمایشدەكات. لێرەدا، ڕامانەکە تەنها لەسەر هەڵوێست و بێدەنگی نییە، بەڵکو نقومبوونە لە ڕۆحی فیکر و فەلسەفەدا، بۆ دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەی فەلسەفە دەکەنە فەلسەفە و فەیلەسووف دەکەنە فەیلەسووف. ئەو دەنگانەی بانگەشە بۆ بێدەنگیی ڕۆشنبیر دەکەن لەناو گێژاوی رووداوی مەرگ و خوێندا ، لە ڕاستیدا پاساوێکی شەرمنانە و پڕ لە ناسکی ترسی خودی دەدەنە دەست خۆیان. ئەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و شاردنەوەی ترسێکە کە دەتوانێت سروشتی مرۆڤی ڕەسەن بتوێنێتەوە.
کاتێک شارێک بۆنی مەرگ و خوێنی لێ دێت و کۆمەڵکوژی دەگاتە ترۆپک، كام پاساوی میتافیزیکی دەتوانێت رەوایی بداتە بێدەنگی؟ بێدەنگی لەم ساتە قەیراناوییەدا تەنیا هەڵوێستێک نییە، بەڵکو خۆدزینەوەیە لە نووسینی قەدەری مێژوو و ویژدانی بەکۆمەڵ. شانۆگەرییە سیاسییەکەی دوای کۆمەڵکوژییەکان، کە هەوڵدەدات ڕاستییەکان بشێوێنێت و ژیان بکاتە شانۆگەرییەکی توڕەهات، لە خودی کۆمەڵکوژییەکە ترسناکترە. چونکە کۆمەڵکوژی جەستەکان دەکوژێت، بەڵام شانۆگەریی سیاسی ڕۆح و فیكر دەکاتە قوربانی و ڕاستی دەكاتە خۆڵەمێش. لێرەدا بێدەنگی دەبێتە هاوبەشی تاوان، شەریک لە کوشتنی ڕاستی و ئازادی و لە شاردنەوەی سروشتی ڕەسەنی مرۆڤ.
سارتەر، ئەو فەیلەسووفەی جەوهەری بوونی خۆی بە کردەوە و هەڵوێست تێکەڵکرد، هەرگیز لە ژاوەژاوی خەڵكەكەی دوور نەکەوتەوە. لە داگیرکاری نازی بۆ فەڕەنسا، لە جەنگی ڤێتنام و لە ڕاپەڕینی خوێندکارانی ساڵی ١٩٦٨، سارتەر پێشەنگی خۆپیشاندانەکان بوو. بۆ ئەو، وجود بریتی بوو لە کرداری خودی و کردار بریتی بوو لە هەڵوێستی یەکلایەنە. بێدەنگی لای سارتەر نیشانەی ترس و، خۆدزینەوە بوو لە بەرپرسیارێتیی وجود و ئینکارکردنی ئازادیی خودی بوو.
لە پرۆتاگۆراسەوە، کە پرسی مرۆڤی کردە ناوەندی فەلسەفە و خۆیشی بووە قوربانی، تا سوکرات کە ژیانی خۆی لەپێناو ڕاستیدا بەختکرد، تا ئەفڵاتون کە فەلسەفەی کردە بنەمای کۆمەڵگایەکی دادپەروەر، هەموویان ریشەی ئازایەتییان لە قووڵایی فیکرو مرۆڤپەروەریدا بوو. ئەوان لەناو كێشە ئاڵۆزەكانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا دەژیان، بەڵام هەرگیز بێدەنگ نەبوون، چونکە بێدەنگییان بە مردنی ڕۆحی خۆیان و نەتەوەکەیان دەزانی. بۆیە 2500 ساڵە هەموو مرۆڤایەتی قەرداری یۆنانە. ئەم هەڵوێستە تا ڤۆلتێر و مارکس و ئێمیل زۆلا و فەیلەسووفەکانی سەدەی بیستەم و لەوێوەش تا ژیژەک و ڕۆجی دۆبریە، هەر بەردەوامە. ئەوان فەلسەفە بۆ خۆشیی فەلسەفە ناکەن ،خۆ ئەمە هونەر لە پێناوی هونەردا نییە. بەڵکو فیكر بۆ گۆڕانکاریی جەوهەری، بۆ ڕوونکردنەوەی تاریکییەکان و بۆ داکۆکیکردن لە جوگرافیای مرۆڤایەتییە. لێرەیە فیكرو فەلسەفە دەبێتە چەكی دەست.
ڤۆلتێر، لە گێژاوی شەڕی ئایینیدا، كە لێوان لێو بوو لە ئاژاوە،بەڵام دەنگی بەرزی ڕەخنە و ئەقڵانییەتی لەبەردەم ستەمكاریدا بەرز کردەوە، قەت پێی وا نەبوو بێدەنگی هەڵوێستە. ئاخر بێدەنگی بە هاوبەشی لە تاوان دەزانی. هەڵوێستی ڤۆلتێر تەنها فیکریی نەبوو، بەڵکو کردارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە دەتوانێت ژیان بگۆڕێت و سروشتی مرۆڤایەتی بپارێزێت. ئێمیل زۆلا لە کێشەی دریفۆسدا، نەترسانە ڕووبەڕووی ستەمی دەسەڵات بووەوە و بە وتارە بەناوبانگەکەی(تاوانبارتان دەكەم (J'accuse دەنگی هەڵبڕی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە، ڕۆشنبیر کاتێک ڕۆشنبیرە کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا ڕۆڵی پارێزەری ویژدانی کۆمەڵگا بگێڕێت.
کارل مارکس، تەنیا فەیلەسووفێک نەبوو کە بیرۆکەکانی لە کتێبەکاندا دەرببڕێت، بەڵکو چالاکوانێکی نەترسی سیاسیش بوو. لای ماركس، فەلسەفە بریتی بوو لە گۆڕینی جیهان، نەک تەنیا لێکدانەوەی. بێرتراند ڕاسڵ، داکۆکیکاری سەرسەختی ئاشتی بوو. لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، بە توندی دژی بەشداریکردنی بەریتانیا لە جەنگەکەدا وەستایەوە و بەهۆیەوە زیندانی کرا. لە سەردەمی جەنگی ساردیشدا، یەکێک بوو لە دەنگە دیارەکانی دژی چەکی ئەتۆمی. خۆ دەیزانی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ناوەستێنرێت، بەڵام ویژدانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بەكارهێنا. ئەم فەیلەسووفانە، هەرگیز بێدەنگییان نەکردە هەڵوێست، بەڵکو بە کردەوە و بە قەڵەم ڕۆڵیان لە داڕشتنی مێژوودا بینی.
ئێستا، لێرە ، لەم هەرێمە وێرانەدا، 35 ساڵە ژاوەژاو بەردەوامە، ئەی باشە رۆشنبیر بێدەنگ بێت تا دەمرێت؟ ئەمە تەنیا مردنی فیزیكی رۆشنبیر نییە، ئەمە مردنی رۆحی رۆشنبیرو بە خەڵووزكردنی نیشتمانیشە. ئێستا لەدوای كۆمەڵكوژییەكە شانۆگەری سیاسی خۆی نمایش دەكات. ئەو شانۆگەرییەی لە کوشتنی بەکۆمەڵ زۆر ترسناکترە، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مرۆڤ دەکوژێت، ژیانی ڕۆح و هیواو ئایندەی مرۆڤەکان بە چەقۆیەكی كول سەردەبڕێت. لەم ساتە پڕ لە مەرگەساتەدا، ئەو دەنگانەی پێشتر پاساویان بۆ بێدەنگی دەهێنایەوە، بۆچی ئێستا گەروویان نووساوە و نووزەیەکیشیان لێوە نایەت؟ ئایا لە کاتێکدا مەترسییەکە لەسەر جەستەکان کەمترە، بەڵام لەسەر ڕۆحەکان زیاترە، پێویست ناکات ڕۆشنبیر دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە؟ ئاخر بێدەنگی لەم ساتەدا تەنیا نیشانەی ترس نییە، بەڵکو نیشانەی مردنی ویژدان و خۆبەدەستەوەدانە بە شانۆگەرییە سیاسییەکان کە لووتکەی گاڵتەجاریكردنە بە مرۆڤایەتی. ئەگەر ڕۆشنبیر نەیتوانی جوولەیەک بەناو ئەو واقیعە سەپێنراوە پڕ ستەمکارییەدا بکات، چ مانایەک بۆ بوونی دەمێنێتەوە؟
هەڵوێست تەنیا وشەیەک نییە، بەڵکو کردارێکە کە لە ڕۆحی فەلسەفەو رووناكبیرییەوە هەڵدەقوڵێت و لە ئەزموونی مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت. رۆشنبیر ناتوانێت لەناو بورجە عاجییەکەیدا(كە زۆر عاجباتییە!!) خۆی بشارێتەوە و لە کێشەکانی مرۆڤایەتی خۆی مات و بێدەنگ بكات و،بشڵێت ئەمە هەڵوێستە!!. ئەمە نکووڵیکردن و هەڵوەشاندنەوەی خودی خۆیەتی. بێدەنگی لەم کاتانەدا تەنیا پاساوێکی شەرمنانەیە کە نە دەتوانێت مێژوو بگۆڕێت و نە دەتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە. ئەو بێدەنگییە دەبێتە بەشێک لە مێژووی شەرمنانەی مرۆڤایەتی، لە کاتێکدا دەنگی فەیلەسووف و رۆشنبیرە ئازاکان بە درێژایی مێژوو وەک چرایەک لە تاریکیدا دەدرەوشێنەوە.
لە بەرانبەر درەوشانەوەی هەڵوێستی فەیلەسووفە ئازاکان، پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت: ئایا بێدەنگی نیشانەی حیکمەت بووە، یان هەمیشە نیشانەی ترس و خۆدزینەوە بووە؟ گەڕان بە دوای فەیلەسووفێکدا کە لە کاتی کارەساتە گەورەکاندا بە شێوەیەکی ڕوون و گوزارشتلێكراو بێدەنگیی بە باشترین هەڵوێست زانیبێت و بۆچوونەکەی بە شێوەیەکی فەلسەفی قووڵ و سیستەماتیک خستبێتەڕوو، کارێکی ئاسان نییە. زۆربەی ئەو فەیلەسووفانەی بە بێدەنگ ناسراون، بێدەنگییان لە ڕووی سیاسی یان کۆمەڵایەتییەوە بووە، نەک لەبەر ئەوەی فەلسەفەیەکی سیستەماتیکیان بۆ بێدەنگی هەبووبێت. زۆرجار بێدەنگییەکەیان بە هۆی چەند فاکتەرێکی جیاواز بووە وەک: نەبوونی پلاتفۆرم، ترسی ڕاستەقینە لە دەسەڵات، یان بڕوایەکی قووڵ کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ڕێگەی فیکری قووڵەوە دێت نەک هەڵوێستی ڕاستەوخۆ و ڕووکەش.
دەتوانین چەند تێڕوانینێکی فەلسەفی هەمیشەیی بهێنینەوە کە لەوانەیە ببێتە بنەمایەک بۆ پاساودانی بێدەنگی لە چەند بارودۆخێکدا، پاشان ڕەخنەی فەلسەفییان لێ بگرین. بۆ نموونە، قوتابخانە فەلسەفییە کۆنەکان وەک ستۆئیکیزم كە سەرەتای سەدەی سێیەمی پێش زایین (نزیکەی 300 پ.ز.) لە ئەسینا سەریهەڵدا، جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوەوەی مرۆڤ و قبووڵکردنی ئەو شتانە دەکردەوە کە لە دەسەڵاتی مرۆڤدا نین. هەرچەندە ئەمە بە مانای بێدەنگی لە ڕووی سیاسییەوە نەهاتووە، بەڵام دەتوانرێت بە شێوەیەک لێکبدرێتەوە کە دەربڕینی هەڵوێستێک لەناو گێژاوێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەگەر نەتوانرێت گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە دروستبکات، تەنیا وزەی مرۆڤ بەفیڕۆ دەدات و ئارامیی ناوی تێکدەدات. لێرەدا، بێدەنگی دەبێتە نیشانەیەک لە حیكمەت بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی لە کێشمەکێشی بێسوود بەدوور بگرێت.
ڕەخنە لەم تێڕوانینە ئەوەیە، هەرچەندە گرنگە مرۆڤ ئارامیی ناوەوەی خۆی بپارێزێت، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە پاساوێک بۆ پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی. فەلسەفە تەنیا بۆ ئارامیی خودی نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی جیهان و گۆڕینییەتی. بێدەنگییەک کە لە قبووڵکردنی واقیعەوە سەرچاوە دەگرێت، دەتوانێت ببێتە خۆبەدەستەوەدانێک بە قەدەرێک کە مرۆڤ هیچ رۆڵی لەو قەدەردا نەبێت. ئەمەش دژی ئەو ڕۆحە چالاکەی فەلسەفەیە کە هەمیشە هەوڵی تێپەڕاندنی سنوورەکان و پرسیارکردن لە واقیع دەدات. فەیلەسووفی ڕاستەقینە،رۆشنبیری رەسەن، تەنانەت لە قووڵترین کاتەکانی نائومێدیدا، قەت نابێت واز لە ڕۆڵی خۆی وەک پرسیارکەر و ڕەخنەگر بهێنێت.قەت قەت ناشبێت خۆی بخاتە داوی قەدەرەوە. ئەمە كارەساتێكی زۆر گەورەیە.
لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، هەندێک فەیلەسووفی وەک لودڤیگ ڤیتگنشتاین، هەرچەندە ڕاستەوخۆ نەچوونەتە ناو سیاسەت و کێشمەکێشی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو زیاتر کاریان لەسەر لۆژیک و زمانی فەلسەفە كردووە. بەڵام ئەم بێلایەنییەی ئەوان لە گۆڕەپانی کرداردا، بە مانای بێدەنگی لە ئاست کارەساتەکان نەهاتووە. ئەوان بە شێوەیەکی فەلسەفی قووڵ، پرسیاریان لەسەر بنەماکانی مرۆڤایەتی دەکرد و هەوڵیاندەدا ڕووناکی بخەنە سەر تاریکییە فیکرییەکان. ڕەخنە لێرەدا ئەوەیە کە هەرچەندە کاری فەلسەفی قووڵ لەسەر زمان و لۆژیک گرنگە، بەڵام ناکرێت لە کاتی کۆمەڵکوژی و ستەمی ڕاستەوخۆدا، تەنیا بەسەر ئەم بوارانەدا بڕوات و لە پرسی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و ژیان و مەرگدا بێدەنگ بێت. فەلسەفە نابێت لە واقیع داببڕێت، نعۆم چۆمسکیش لەوبارەیەوە ڕاستتر و ئازایانەتر بوو.
ئەگەر نموونەی زیندوو بۆ فەیلەسووفێک کە بە ڕوونی بانگەشەی بێدەنگیی کردبێت لە کاتی کارەساتدا نەدۆزینەوە، ئەوا دەبێت ڕوانینێکی فەلسەفی قووڵتر لەسەر ئەم پرسە دابنێین. بێدەنگیی ڕۆشنبیرێک لە کاتی ڕووداوە مەرگەساتبارەکاندا، بە تایبەتی کاتێک کۆمەڵکوژی ڕوودەدات و شانۆگەری سیاسیی بەدوایدا دێت، لێرەدا بێدەنگی تەنها بێلایەنییەک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆیە. ئەم بێدەنگییە، بەبێ ویستی خودی ڕۆشنبیرەکەش بێت، دەبێتە چەکێک بە دەست ستەمکارانەوە. کاتێک ستەمکار دەبینێت ڕۆشنبیرەکان بێدەنگن، بێدەنگییەکەیان بە مانای ڕەزامەندی و قبووڵکردنی کردارەکانی ئەوان لێکدەداتەوە. ئیتر کێ دەتوانێت بەرگری لە قوربانییەکان بکات ئەگەر خاوەن بیر و ویژدانەکان بێدەنگ بن؟
ئەمە تەنیا لەسەر بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو لەسەر سروشتی خودی فەلسەفەیە. فەلسەفە هەمیشە پرسیارکەر بووە، ڕەخنەگر بووەو هەوڵی تێپەڕاندنی سنوورەکانی دابەشبوونی دەدا. ئەگەر فەیلەسووفێک رۆشنبیرێك بێدەنگ بێت لەبەردەم ستەمدا، ئەوا لە خودی ڕۆحی فیكرو فەلسەفە لایداوە. فیكرو فەلسەفە بریتییە لە داکۆکیکردن لە ڕاستی، لە دادپەروەری و لە ئازادی. کاتێک ڕاستی دەشێوێنرێت، دادپەروەری پێشێل دەکرێت و ئازادی زەوت دەکرێت، فەیلەسووف چۆن دەتوانێت بێدەنگ بێت؟ بێدەنگی لەم کاتانەدا واتا دەستبەرداربوون لە ئەرکی فەلسەفە. واتا ڕازیبوون بە چارەنووسێک کە مرۆڤ خۆی دەتوانێت بیگۆڕێت.
لێرەدا، فەلسەفەو فیكر کە نەخشەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دەستنیشان دەکات. هەڵوێست تەنیا دروستکردنی بانگەشە یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندان نییە. هەڵوێست دەتوانێت بە نووسین بێت، بە بیرۆکە بێت، بە ڕەخنەگرتن بێت لە بنەماکانی ستەم و زوڵم. رۆشنبیر دەتوانێت بە چەمکسازیی نوێ، بە ڕوونکردنەوەی لایەنە شاراوەکانی دەسەڵات، بە شیکردنەوەی میکانیزمەکانی ستەم، دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە. تەنانەت لەو کاتانەشدا کە دەنگهەڵبڕینی ڕاستەوخۆ مەحاڵە، دەتوانرێت بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ، بە شێوازێکی هونەری و فەلسەفی قووڵ، ڕەخنە لە واقیع بگیرێت و هیوای گۆڕانکاری بچێنرێت و نەشونمای پێبكرێت.
لەو کاتەی جەستەکان دەسووتێنرێن و ڕۆحەکان دەنێژرێن، بێدەنگیی ڕۆشنبیر هیچ پاساوێکی فیكری و فەلسەفی نییە، بەڵکو شکستێکە لە ئاست ویژدان و ئەرکی مرۆڤایەتی. ئەگەر فەلسەفە نەتوانێت لە کاتی پێویستدا دەنگی مرۆڤایەتی بێت، ئیتر چی دەبێت؟ ئەگەر رۆشنبیرێك بترسێت لە دەربڕینی ڕاستی، ئیتر چی لە ڕۆڵی خۆی وەک چرایەک لە تاریکیدا دەمێنێتەوە؟ مێژووی فیكر بە گشتی، مێژووی دەنگە ئازاکان بووە. مێژووی ئەو کەسانە بووە کە نەترسانە ڕووبەڕووی ستەم و نادادپەروەری بوونەتەوە. نەك ئەو دەنگانەی بێدەنگ بوون و لەبیرکراون یان وەک بەشێک لە کێشەکان سەیرکراون.
فەلسەفە، لە مێژووی دێرینی خۆیدا تا ئەمڕۆش هەر بریتییە لە هەڵوێست. هەڵوێست لە دژی نادادپەروەری، هەڵوێست بۆ ڕاستی و، هەڵوێست بۆ ئازادی. بێدەنگی لە کاتی کارەساتدا، هەرچەندە بە پاساوەکانی حیکمەتیشەوە بێت دەبێتە خۆبەدەستەوەدان بە قەدەر، قەدەریش ئایندەی دیار نییە. ئەمەش دژی ئەو ڕۆحە یاخییەی فەلسەفەیە کە هەمیشە هەوڵی شکاندنی زنجیرەکان و دۆزینەوەی ڕێگا نوێیەکان دەدات. ڕۆشنبیری گەورە، لە هەموو سەردەمێکدا، وەک پارێزەری ویژدانی مرۆڤایەتی دەبێت دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو دەنگەش بە تەنیا بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی