ڕووداوەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کە بووە پزیسکی داگیرساندنی بڵێسەی شەڕی وێرانەی غەزە و دواتر پڕیشکی پەڕیە نێو بەشێک لە وڵاتانی تری دەوروبەری، لەگەڵ خۆیدا زۆربەی ئەو گروپ و هێز چەکدارانەی پاشکۆی ئێرانی خستە بەر دەستاڕی ئیسڕائیل و تا ئەندازەیێک هاڕینی، دەستەڵاتی پەلهاویشتوو و ڕەهای ئێرانی تا ئاستێکی بەرچاو لە قاڵبدا و کەم تا زۆر خەریکە دەیخاتەوە ناو چوارچێوەی وڵاتەکەی خۆی، دەرفەتی لابردنی ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی بەردەم ئەو پڕۆژەیەشی ڕەخساند کە دەمێک بوو ئیسڕائیل خەونی بە جێبەجێکردنیەوە دەبینی و بۆی لە کەلێنێک دەگەڕا، هێشتا یارییەکەش ماویەتی بگاتە خاڵی کۆتایی و پێناچێت ئیسڕائیل ئەو دەرفەتە زێڕینە وا بە ئاسانی لەدەست بدات و چاوەڕوان دەکرێت وەک کورد دەڵێت : ئەو هەویرە زۆر زیاتر ئاو بگرێت !
هەڵبەت تورکیا کە وڵاتێکی زلهێز و پەلهاوێژ بووە لە ناوچەکەدا و ساڵانێکە دەست دەخاتە نێو کێشەوبەرەی نێوخۆی هێندێ وڵات و وەک دەمڕاست و باڵا دەست خۆی ڕادەنێت، ئەردۆغان کە وەک سوڵتانێک خۆی دەبینێ و لە دوای سەد ساڵ خەون بە گێڕانەوەی دەستەڵاتی خەلافەتی عوسمانییەوە دەبینێت، ئەویش بەدەرنەبووە لە کاریگەریی و دەرهاویشتەکانی ئەو جەنگە و خەریکە لە ئاست پەلامار و سەرکێشییەکانی ئیسڕائیلدا دۆش دادەمێنێ و دەستەوەستان دەبێت، ئەو وڵاتە کە خۆی بە براوەی نێو گەمە ئاڵۆزەکەی سوریا و بکەری پشت پەردەی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و تاقە سوار و هەژموونداری نێو ئەو گۆڕەپانە دەزانێت، ئێستا وردە وردە لە لاق هەڵکێشانەوەدایە و لەتەسدەدرێت، پلانەکانی لە سوریا بەدوای یەکدا شکست دێنن و هەر ڕۆژە و لەجێیێک بنکەیێکی دەکرێتە ئامانج، ڕوون و ڕاشکاو ئیسڕائیل دەڵێت: هیچ بنکەیێکی سەربازیی تورکیا لە سوریادا قبوڵ ناکەین و خەریکە بە تەواوی دەخرێتە پەڕاوێزەوە، کۆبوونەوەکانی ئیسڕائیل و سوریا لە ماوەکانی ڕابردوودا کە وەک ئەحمەد شەرع لەو یەک دوو ڕۆژەدا ئاماژەی بۆ کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕێککەوتن بەدوای خۆیدا دێنێت، ئاماژەی بێ ئومێد بوونی سوریایە لە تورکیا و مەیلی گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی و بەرەی ئەمریکا و ئیسڕائیل نیشان دەدا و چاوەڕێ دەکرێت ڕووی ئەو گۆڕانکارییە لەچەند ڕۆژی ئایندەدا لە ئەمریکا دەرکەوێت .
لێدانی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر لە لایەن ئیسڕائیل کە دەنگدانەوەی زۆر و کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەدەر لەوەی ڤێرژنێکی نوێی ڕوبەڕووبونەوەی دوژمنکارانە بوو لەو شەڕەی ئێستا لە ئارادایە و وەک سگناڵێک بۆ تورکیاش دەیەوێت بڵێت: لەهەر وڵات و جێیێک بن دەستم پێیان دەگات و سڵ لە لێدانیان نەکەینەوە ، لە لایەکی تریش پەیامێکی ئیسڕائیل بوو بۆ قەتەر کە تاقە وڵاتی کەنداوە سوپای تورکیا لەسەر خاکەکەی و پەیوەندیێکی توندوتۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەبێت تا بگەڕێتەوە ڕیزی وڵاتانی دیکەی کەنداو و ناوچەکە کە لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی ئیبڕاهیمی دان؛ هەڵبەت ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە گرژییەکانی "ئیسڕائیل-تورکیا" بۆ ئاستێکی زۆر باڵا هەڵکشاوە و ئیسڕائیل چۆن لە لەمەنگەنەدانی باڵادەستیی و هەژموونەکانی تورکیا لە سوریادا سەرکەوتوو بووە، ئەواش دەیەوێت دەستی ئەو وڵاتە لە قەتەر ببڕێت و وەک کورد دەڵێت: "دەستی لەبنی هەمبانەکە بێنێتە دەرێ" !
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی