ئەقڵی دۆگمایی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبوار چەلەبی


دۆگما چەقبەستنی ئەقڵییەتی مرۆڤی سادەوساویلکەیە، کە بەهەڵە تێگەیشتنی ئاین و ئایدۆلۆژیا دروستی دەکات.
ئەقڵی دۆگمایی تەنها یەک ئاراستەی بیرکردنەوەی هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە وەری گرتووەو لەسەری چەقی بەستووەو ناگۆڕێت.
بیروڕای پێچەوانەی خۆی پێ تاوانی گەورەو لادانە. هەتا مردن لەناو ئەو بازنەیە دەرناچێت کە بۆیان کێشاوە.
 ئەقلیەتی دۆگمایی داخراو توندو ڕەقەو بڕیارو حوکمی توند بەسەر بەرامبەرەکانی دا دەدات، باوەڕی بە جیاوازیی و فرەیی بنچینەیی نیە.
ئەقڵی دۆگما ئەقڵێکی ئومەمەیی و گشتگیری بیروباوەڕی هەیە، ئەو شوێنە بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت، کە هاوبیرەکانی ئەو فەرمانڕەوایی تیادا دەکەن. گەل و نەتەوەکەی کە وەکو ئەو بیرناکەنەوە، بە گەلی خۆی نازانێت و باوەڕی بە نەتەوەیی بوون نیە.
بۆ ناسینی ئەو جۆرە دۆگمایەش لە ناو گەلی کوردستاندا، هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراو کەسانەن، کە لە ئەنجامی ڕوداوەکانی ئەم دوایەی ڕۆژئاوای کوردستان، کەوتنە پەلەقاژێ و هەلەکە سەماو شینیان بۆ ئەم شێتە دین و ئەو مەلاخەتێ نوێیانە دەکرد، کە پشتی دەسەڵاتدارو دوژمنانی گەلی کوردیان دەکردو پاساویان بۆ تاوان و کارە دڕندەییەکانیان دەهێنایەوە.
ئاخر بەناو مەلایەک، کەدینەکەشی بە گاڵتەوگەپ و فشقیات گرتووە، بە ئاشکراو بێ سڵەمینەوە دژی ژن و خەباتگێڕانی میللەتەکەی خۆی دەوەستێتەوە و لە شکرێک لە دۆگما پاڵپشتی دەکەن و شانازی بە قسەکانی ئەوەدەکەن! چۆن دەبێت دەسەڵاتی گەندەڵ پاڵپشتی بکات و کەشی گونجاوی بۆ بسازانێت و ئەویش لە هیچ لێ پێچینەوەیەکی یاسایی نەسڵەمێتەو سوربێت لەسەر بیروباوەڕە هەڵەکانی?
یان مەلایەکی خەتێی بەرژەوەندیخواز، فتوای هەقڕەوی بۆ تیرۆریستێک دەربکات و هێزی بەرگری گەلەکەی خۆی بە پەیمان شکێن بداتە قەڵەم و نزای پارێزراوی بۆ تیرۆرستەکە بکات و پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕێت!
ئەم جەنابە بۆ مانەوەی لە پۆستێکی دیکۆریدا، هەمووان دەکاتە قوربانی و ڕێگە خۆش دەکات ملی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە بەردەم چەقۆی تیرۆریستانی داعشدا شۆڕبێت و بازرگانی بە کچانی نەتەوەکەمانەوە بکەن.
ئاخر کاتێک جەنابیان عەگال و جلە عەرەبیەکانی لابردو بۆ بازرگانی گەڕایەوە و ڵات و جلی کوردی پۆشی، هەقە دەسەڵاتی کوردی ئەوەی بەبیر بێنێتەوە، کە کاتێک بە عەگالەوە بڕیاری ئەوە دەدەیت ڕۆڵەکانی گەلی کورد پابەندی ڕێکەوتن نامەکەی جۆلانی تیرۆرست نەبوون، ئەو کات فتاوی کوشتارو خوێنڕشتنی گەلی خۆت داوە! چونکە تیرۆریستانی داعش هەر پەیمان شکاندنێک بە بێ ئیمانی دەزانن و بڕیاری قەتلوعامیان دەدەن.
حەمدی شاعیر دەفەرموێت :
ڕەببی موی لێ بێ زمانی، پەنجەکان هەڵوەرێ
هەرکەسێ گوڵشەن بەدەردی، گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی