گەر لەگەڵ ئەم دۆخە سەپاو و سەلماوەی ئێستای ناوچەکەدا بدوێن. دەبینین بەرە بەشی وڵاتە دەسەڵاتدارەکانی دەرەوەی خاوەن سنورەکان، مافی زیاتریان بۆ دەستەبەرکراوە لە جێ نشینانی ناوچکە!
ئەم دابەشکردنی پارچە بەشانەی بەزۆرە ملێ و زوڵم دەستیان داوەتێ ئاکامەکی ڕآکێشانی خوێنی زیاتر و قوربانی بەخشینی زۆرترە بۆ ئایندە و ، پێماندەڵێن ئارامی بۆ گەلانی ناوچەکە کۆتایی هات و دۆخی شەڕی سارد و داگیرکاری تا کۆتایی ئەم قۆناغەش جێگیر و چەسپاوە کە مەوداو بەردەوامییەکەی نادیارە.
عێراق و ئوردن و میسریش وەک پشتێنەی ئاسایش و تەواوکاری بازنەی یەکەم دوای لوبنان و سوریا دەچێتە بەردەم هەمان هەنگاوی نەخوازراوەوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە بەناو ئاشتییەکەی ناوچەکە بۆ سەقامگیری.
لە ئێستادا لە چەند لایەکەوە خەریکی کنە و هەڵکۆڵینی عێراقن ، هەڕەشەکان و پێکهاتەی بەکارهێنانی ئەم ئۆپراسیۆن و گێژەڵوکە ڕاستەوخۆیە ترسناکن ، کەرەستەکانی شەڕی ناوخۆ و فشاری ڕاگرتنی پارەو سامانی سەرخان و ژێرخان و بزواندنی هەستی تیرەو خێڵ و مەزهەب و ناوچەکانی عێراق لەو چەمکە سەرەتایی و سەرداوی گڵۆڵە ئاڵۆزەن کە خوێن تا بن لوتی عێراق نشینەکان هەڵئەهێنجێ.!
بێگومان هەرێمی باشوری کوردستان لەم گێژەڵوکەیەدا بەر شەڕی بەرگری مانەوە و خۆپارێزی دەکەوێت.
بە هۆکاری ئەم دۆخەی ئێستا کوردی تێکەوتووە دەست لە هەندێک وردەکارییەکان دەپارێزم. کە پێم وایە هەموان ئەو پریشک و تەڵزم و تەڵاشانەی سەر جەستەی کورد دەبینن کە بە پلار و تەوس و قوڵپەوە رۆژانە ڕوو بە ڕومان دەکرێتەوە و لێی بێدەنگین.!
لە دۆخی شەڕدا:.
ئەگەر ئێمە بەرگریمان کرد و ماینەوە لە سنوری دەسەڵاتی خۆسەلماندندا هەڵسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێت یان جیاوازترە لەو سنورەی کە موڵکی کوردو لەسەر خاکی کوردستانە.
بە کورتی ئەوەی خەونی تورکیا و هەوڵەکانی لێکبداتەوە بەوە دەگات کە ئامانجیان لە هاوپەیمانی ناوچکە جگە لە مانەوەی خۆیان بردن و بەشە وەرگرتن و هێنانەوەی زۆرەملێیانەی دەسەڵاتی کۆنی ویلاتی موسڵە بە شاری کەرکوکەیشەوە.
کە ئەمە دەمانخاتە بەر گریمانەکانی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی گریمانەکان.
گریمانەی یەکەم :
گەر دەسەڵاتدارانی زلهێزی ناوچەکە ویستی تورکیا پەسەند بکەن و دەسەڵاتەکە بدەنە دەست تورکیا ؛ کورد دەکەوێتە بەردەم دوو هەڵوێستە ڕێگا.
یەکەم : ڕێگای شەڕ، شەڕی ڕاستەوخۆی ڕووبە ڕوو بونەوەی داگیرکاری تورکیا یان ناڕاستەوخۆی دۆستەکانی تورکیا و گروپە دروستکراوەکانی دەستی دووی بەرکەوتەی سنورەکانی هەرێم و خۆ لە گێلیدانی دەسەڵاتە زلهێزەکان هاوپەیمانی تورکیا لەم شەڕە؛ هەر وەک دۆخی ئێستای رۆژئاوای وڵات.
ئایا لەم ڕووبەڕوونەوەیەدا کورد یەکگرتوو هاو هەڵوێست ئامادەیە بۆ ئەم شەرە. وە ئەنجامەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنێت و دۆخی باشور دەکەوێتە کام سەنگەری بەرگری زلهێزەکانەوە بۆ خۆ سەلماندن و مانەوەو تەسلیم نەبوون بەم داگیرکارییە.
دووهەم: ڕێگای خۆ بەدەستەوەدان و خۆپارێزی ئاشتی یان هەر جۆرە پاساوە ناوێک بۆ ئەم دەسەڵاتەی کە تا ئێستا پەرلەمانێکی پوختی بەو هەموو ساڵ و ئەزمونی خەباتەوە بۆ دروست ناکرێ!
بەم جۆرە و بە فشار دەسەڵاتەکە دەکەنە ناوەندی بڕیاری سەپێنراو و بە ئاشتییەکی سورەی پێش لەشکرانەوە دێنە ناوچەکەو بۆ قۆناغێکی نادیار داگیری دەکەن.
ئەم داگیرکارییەش خوێن کێش و دژوار و سەخت و پڕ قوربانی دەبێت بۆ ناوچەکەو بەرەی دژ بەم داگیرکاری و خۆ بردنە پێشی تەسلیم بوون و خۆ گرێدانە بە داگیرکاری دروست دەبێت ؛ وڵاتانی درواسێش هاوتەریب لەگەڵ لێدانی ئەم دۆخەدا گرژیەکان زیاتر و ئاڵۆزتر دەکەن تەنانەت ئەگەری شەڕی بەرکەوتنی قورسی وڵاتانی درواسێ دەکەوێتە ناوچەکەوەو لێرەوە کورد دەبێتە سوتەمەنی جەنگ و قوربانییە گەورەکە. بەرخۆرانیش وەک هەمیشە چەپڵەی بوێریمان بۆ لێدەدەن و فوو دەکەنە جەستەی جەنگاوەرە ئازاکەی کورد و کوانوی ئاگری شەڕیش بە خوێنی کورد جۆش دەدەن. شیرازەو ڕێچکەی بوونی هەرێمەکەشمان قووت دەدەن.
گریمانەی دووهەم :
دەسەڵاتێکی تر جگە لە تورکیا وەک بەرە بەشی رۆژئاوای کوردستان بە فەڕەنسا یا هەر وڵاتێکی تر بمان پارێزێ.
ئایا کورد لەم سنورەی ئێستا زیاتری بۆ دانانرێ ، کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەچنەوە سەر هەمان دۆخی کێشەکان و بە هاوبەشی دانیشتوانەکانی دەبرێن بەڕێوە یان کورد ووتەنی : لەدوای چووان نەچین و بێدەنگ بین تا زەمانێکی تر.
لێرەدا با ئەم ئەگەرە نوێییە تاقی نەکراوەیە هەڵگرین بۆ کاتی ڕودانی. کە من وا تێدەگەم بۆ ئێمە باشترین بژاردەی ڕوودانە گەر نەگاتە شەڕی هەرە زلهێزەکان و کاولکاری ناوچەکە.
بەگشتی و کورتی : جۆن دەتوانین ئەم هەرێمە لەم شەڕە نەگریس و جاڵجاڵۆکەیی ڕزگار بکەین ئەو پەرت بوون داڕزان خۆ خۆرییەی توشمان بووە چارەسەر بکەین تا بتوانین بۆ قۆناغەکانی داهاتوو خەڵکی کوردستان ئامادەو ساز بن بۆ هەر پێشهاتێک کە ئەگەری بەرەو پێشچوون و سەرکەوتنی زیاتری تیا دەستەبەر ببێت و وەک گەلێکی یەگرتوو پێکەوە لەسەر خاکی خۆمان بە ئازادی بژین.
٢٧ی ١ ی ٢٠٢٦
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی