لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، بنەماکانی یاریی سیاسی لەعێراقدا گۆڕانکاریی ڕیشەیییان بەسەرداهاتووە، بەدەستبەکاربوونی تیمی "هەڵۆکان" بەسەرۆکایەتیی مارکۆ ڕوبیۆ، واشنتۆن چیتر وەک پڕۆژەیەکی دیموکراسی یان هاوبەشێکی ستراتیژيی سەیری بەغدا ناکات؛ بەڵکو عێراق لەڕوانگەی نوێی ئەمریکاوە، وەک "ناوچەیەکی هەژموونی ئێران" پۆلێنکراوە، تیمی ڕوبیۆ مەیلیان بۆ ئەوە هەیە، کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەڕەش و سپی ببینن.
لەم ڕوانگەیەوە، بەغدا چیتر ناتوانێت یاریی "هاوسەنگی" لەنێوان تاران و واشنتۆن بکات، لای ئەم تیمە نوێیە، ناوەندی بڕیاری تاران لەبەغدايە، هەربۆیە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی دیپلۆماسییەوە گۆڕاوە بۆ "کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی نفوز".
ئاماژەکان بۆ داخرانی دەرگاکانی گفتوگۆ ڕوونن. ئەگەر لەڕۆژانی داهاتوودا مارک ساڤایا ڕیکارە کارگێریەکانی بۆ نەکرێت و دەستبەکارنەبێت، ئەوە نیشانەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت، کە دۆسیەی عێراق بەتەواوی ڕادەستی "هەڵۆکان" کراوە خودی مارک ڕوبیۆ داوای کردوە کە خۆی سەرپەرشتی مەلەفی عیراق بکات نەوەک لە ڕێگای ساڤایا، ئەم گۆڕانکارییە پەیامێکی توندە؛ بە مانای ئەوەی قۆناغی ڕێککەوتنە سیاسییە کلاسیکییەکان کۆتایی دێت.
ئەمریکا چیتر هاوبەشێکی ئارام نییە، بەڵکو چاودێرێکی توڕەیە، کە تەنها چاوەڕێی "کاتژمێری سفر" دەکات تاوەکو زۆرترین فشار بەکاربهێنێت.
لەسوچێکی ئەم هاوکێشە نوێیەدا، بەهێزترین چەکی ئەمریکا موشەک و هێزی سەربازی نییە، بەڵکو بانکی فیدراڵیی نیویۆرکە، ئەو شوێنەی داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە. کاتێک مارکۆ ڕوبیۆ عێراق وەک پاشکۆی تاران دەبینێت، مامەڵەی دارایی لەگەڵ بەغدا لە"پەیوەندیی ئاسایی"یەوە دەگۆڕێت بۆ "کەرەستەی سزادان".
واشنتۆن دەتوانێت بەسادەیی، بەڕێگریکردن لەناردنی "دۆلاری کاش"، ئەم سێ چەکوشە بوەشێنێت:
1. ئیفلیجبونی سیستەمی بانکی: کە 100% بەستراوەتەوە بەسیستەمی "سویفت"و چاودێریی وردی فیدراڵیی ئەمریکاوە.
2. قەیرانی موچە: نەمانی هیچ بەدیلێکی خێرا بۆ دۆلار، کە بتوانێت بودجەی ملیۆنان فەرمانبەر دابینبکات.
3. هەرەسهێنانی دراو: دابەزینی کتوپڕی بەهای دینار کە دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لەشەقامدا.
دووڕێیانە سەختەکە: خۆبەدەستەوەدان یان هەرەسهێنان
ئێستا لایەنە دەسەڵاتدارەکانی شیعە لەبەردەم هاوکێشەیەکی سفردان؛ چیتر ناتوانن لەیەک کاتدا "دۆلاری ئەمریکی"و "ستراتیژی ئێرانی" پێکەوە کۆبکەنەوە. بژاردەکانی بەردەمیان بریتین لە:
دەستبەرداربون لەو کاندیدو کەسایەتییانەی ترەمپ بە"نەیار"یان دەزانێت و قبوڵکردنی مەرجە دارایییە توندەکان.
بەردەوامی لەململانێ: کە ڕەنگە عێراق بەرەو "لوبنانێکی نوێ" ببات؛ سیستەمێکی سیاسی بێ پاشخانێکی دارایی، کە لە بەردەم یەکەم شەپۆلی ناڕەزایەتیدا هەرەسدەهێنێت.
ئەمریکا گەییشتووەتە ئەو بڕوایەی، کە هێزی سەربازی تێچوی زۆرو ئەنجامی کەمە، بۆیە "دۆلار"ی کردوەتە جێگرەوەی "تانک". بۆ تیمی نوێی کۆشکی سپی، عێراق چیتر پێویستی بەدیپلۆماسییەتی کلاسیکی و باڵیۆزخانە نییە؛ دۆسیەکە بوەتە بابەتێکی "تەکنیکی و دارایی"، کە کلیلی چارەسەرەکەی لەنیویۆرکە نەک لەبەغدا، هێشتنەوەی پەیوەندییەکان بە"نافەرمی"و تەمومژاوی، گەورەترین هەڕەشەی سیاسییە کە واشنتۆن لەمێژوی نوێی عێراقدا دژی نەیارەکانی بەکاریهێنابێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی