بەڕاست مۆسکۆ ( أرض مبارکة ) ؟ جۆلانی سیاسیەکی پراگماتیە یان جیهادیەکی بێ مۆڕاڵ ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

لە دوای گەیشتنی بە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق وهەڵاتنی بەشار ئەسەد ، جۆلانی لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا ، دووەم سەردانی فەڕمی بۆ مۆسکۆ ئەنجامدا ، ئەگەرچی پەیوەندی و سەردانی نێوان سەرۆکی دەوڵەتان ، جیا لە سروشتە پڕۆتۆکۆڵیەکەی ، ئاماژەی ئەرێنی پەیوەنیەکان و بەهێزی و پتەوی بەرژەوەندیە جیۆسیاسی و ئابوریەکانە ، بەڵام بۆ سوریای سەردەمی جۆلانی و مۆسکۆی پوتن ، دەکرێ ئاماژەی زیاتر و مەسیجی سیاسی جۆراوجۆر ، بۆ ناوخۆی سوریاو وڵاتانی ناوچەکەو جیهان لە خۆ بگرێ ، چونکە دوای کەوتنی ئەسەد بە پلانێکی هەڵگەڕاوەی تورکیا ، لە ڕێکەوتنی ئاستانا ، ڕوسەکان ترسی زۆریان لێ نیشتبو ، بەرامبەر پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئەسەد ، بە درێژایی نزیکەی 14 ساڵی شەڕی ناوخۆی سوریا ، ئەو پێگە ستراتیژیە لەدەست بدەن ، بەتایبەت لە هەردوک بنکەی سەربازی حمیمیم و تەرتوس ، کە جۆرێک لە پێگەو باڵادەستی بۆ مسۆگەرکردون ، بەسەر دەریای سپیدا ، لە هەمان کاتدا وەک پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی ترانزێت ، بۆ گەیشتنە قاڕەی ئەفریقا ، ئەمە لە کاتێکدا ،هەر زوو وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت ئەمریکیەکانیش ، ئەوەیان نەشاردەوە ، بونی هێزەکانی ڕوسیا ، لە کەنار ئاوەکانی سوریا ، بۆ ئەوان جێگەی خۆشحاڵی نیە ، بەتایبەت ئۆکرانیەکان ، لەدوای ڕوخانی ئەسەدەوە ، هەوڵی زۆریان خستۆتە گەڕ، لە پێناوهاندانی وڵاتان ، بۆ دەرکردنی  ڕوسەکان لە سوریا .

  جۆلانی پێش گەیشتنی بە کۆشکی کۆماری لەسوریا ، وەک ڕادیکاڵێکی بناژۆخواز ، ساڵانێکی دورو درێژ ، لە ناو کوچەو کۆڵانە تاریکەکانی پەروەردەی جیهادیدا قاڵ بۆتەوە ، لە ژێر دەستی سەرکردە باڵاکانی قاعیدەو داعشدا ، بەڵام کاتێک لەسەرکورسی دەسەڵات دانیشت ، هەر زو مۆڕاڵە جیهادیەکەی لەبیرکرد ، دەیەوێت وەک سیاسیەکی پراگماتی لە دەرەوە خۆی پێشان بدات ، لە کاتێکدا لە ناوخۆ ، بەتایبەت بەرامبەر کەمینەکان بە پێچەوانەوە ، ڕوحە جیهادیەکەی متوربەی شۆڤێنیەتی قەومی و فاشیەتی دەمارگیر کردوە ، لە دواین سەردانیدا بۆ کرملن ، زۆر بێشەرمانە وەک موهەریجێک ، لە بەردەم پوتندا ، مۆسکۆ بە( ارض مبارەکة ) ، ناو دێنێ و سوپای ڕوسیاش بە پاڵەوان ، لە کاتێکدا مۆسکۆ، لە مێژوی کۆن و نوێی ئسلامدا ،هیچ جۆرە ڕەمزیەتێکی پیرۆزی نیە بۆ موسوڵمانان ، تەنانەت بە پێچەوانەوە ،هەمیشە وەک سەرچاوەی، بیروباوەڕی کۆمۆنستی و هەڕەشە بۆ سەر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی ، بەتایبەت سەیر کراوە ، بەڵام بۆ موجامەلەیەکی درۆزنانەی پوتن ، لەپێناو دەستەبەرکردنی پشتیوانی زیاتر بۆ کورسیەکەی ، لە بری قودس و کەعبە مۆسکۆ بە أرض مبارکة ناو دەبات ، سەیرەکە ئەوەیە ، مەلاو داناو زانایەکی ئیسلامی تا ئێستا ، لەسەر ئەم بێ حورمەتیە ، نقەی لێوە نەهاتوە و ڕەتی نەکردۆتەوە .

    دەربارەی پاڵەوانیەتیەکانی سوپای ڕوسیاش ، من هیچ ناڵێم تەنها ئەم ڕاپۆرتەی تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ، بەبۆنەی تێپەڕبونی دەساڵ بەسەر دەستوەردانی ڕوسیا ، لە سوریادا بڵاویکردۆتەوە ، دەخەمە بەرچاوتان ، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ، ڕووسیا چ جۆرە پاڵپشتییەکی هەمەلایەنەی ، سیاسی و سەربازی و ئابووریی ، پێشکەش بە ڕژێمەکەی ئەسەد کردووە ، ڕوسیا بەردەوام ڕێگری لە لێپرسینەوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ، بەتایبەت لە نەتەوە یەکگرتوەکان ، بە جۆرێک 18 جار دەسەڵاتی ڤیتۆی بۆ پاراستنی ئەسەد بەکارهێناوە ، ئەمە جیا لەوەی لە 21 دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤدا ، دەنگی دژ بە خەڵکی سوریا داوە ، ڕێگری لە هەر جۆرە تۆمەتبارکردنێکی ڕژێم کردوە بەرامبەر تاوانەکانی ، لە ناویاندا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیان ، لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی باس لە دیارترین پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ڕووسیا ، لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازییان ، لە سووریا لە 30 ی ئەیلولی 2015 ، تا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8 ی کانونی یەکەمی 2024 خراوەتەڕوو، تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ، لەم ماوەیەدا ، کوژرانی 6 هەزار و 993 هاووڵاتیی مەدەنیی ، بە بەڵگەوە تۆمار کردوە ، لەم ژمارەیە 2061 کەسیان منداڵ و 984 ژن بوون . هەروەها تۆڕەکە لانیکەم ، 363 کۆمەڵکوژی لەلایەن ڕوسەکانەوە ، بە بەڵگەوە پشت ڕاست کردۆتەوە . کە بوەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 70 کارمەندی پزیشکی ، 12 کەسیان ژن بوون ، جگە لەوەی لانیکەم 24 کارمەندی میدیایی و ڕۆژنامەنوس بەپێی بەڵگەکان ، لە هەمان ماوە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون .

   تۆڕەکە لەم ماوەیەدا لانیکەم ، 1262 هێرشی سوپای ڕوسیای ، بۆ سەرژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی مەدەنی تۆمارکردووە ، 224 قوتابخانە و 217 دامەزراوەی پزیشکی و 61 دوکان و بازاڕ ، تا ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد . پارێزگای ئیدلب زۆرترین هێرشی بەرکەوتوە ، دوای ئەویش حەلەب و پاشان حەما . بێگومان ئەمە تەنها ئاماری تۆمارکراوی هاوڵاتی و دامودەزگای مەدەنیە ، ئەگەرنا ڕوسیا چەندین ئەوەندە زەرەرو زیانی گیانی و سەربازی بە گروپە چەکدارەکان گەیاندوە .
لە کۆتایدا دەکرێ بپرسین ئەرێ بەڕاست جۆلانی سیاسیەکی پراگماتیە ، یان جیهادیەکی بێ مۆڕاڵ ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە