لە پەیوەندیدا بە تاوانە گەورەکانی «جێفری ئێپستین» و «دورگەی لەزەت»کەیەوە، ژمارەیەک لە کادر و چالاکوانە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا، هێرشێکی ڕێکخراو و هەمەلایەنیان بۆسەر ئەوەی ناوی «خۆرئاوا» و «شارستانیەتی خۆرئاوا» و «دیموکراسیەت» و «عەلمانیەت» و «مافەکانی مرۆڤ»یان ڵێناوە، دەستپێکردوە. هەریەکێکیشیان بەجۆرێک ئەم خۆرئاوا و دیموکراسیەت و عەلمانیەت و مافی مرۆڤە، فڕێدەداتە ناو تەنەکەی خۆڵی ئایدیۆلۆژیە ئیسلامییەکەی خۆیانەوە. لەهەمانکاتدا هێرشێکی بەرفراوانیشیان بۆسەر ئەو نووسەر و رۆشنبیر و چالاکوانە کوردانەی کۆمەڵگاکە دەستپێکردوە، کە لە حیساباتی ئەواندا مولحید و بێدین و خزمەتکاری خۆرئاوان، درێژکراوەی پیلانەکانی خۆرئاوان بەرامبەر بە موسڵمانان و بەشێکن لەو هێرشەی، بە حیسابی ئەوان، دەکرێتە سەر ئیسلام و کولتور و بەها «جوانەکانی» کۆمەڵگاکە. ئەمانە تا ئاستی تەشهیرکردنێکی راستەوخۆ بەرامبەر بە خەڵکانێکی زۆر دەڕۆن و، بەشدارن لە «تێرۆرکردنی رەمزیی» و لە «تێرۆری کەسایەتی» ئەو کەسانەدا کە هێرشیان دەکەنەسەر. یەکێک لەو کەسانە منم کە، بە تایبەتی، لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ئەم کارانەم بەرامبەر کراوە. بێگومان دەشێت بڕێکی ئەم تەشهیر و تێرۆرە رەمزییە لە دادگاکاندا یەکلاییبکرێنەوە، بەڵام بەشەکانی تری پێویستی بە وەڵامدانەوە و بەرخوردکردنە لەگەڵ ئەو کەسانەدا.
بۆ ئەم مەبەستە و لێرەدا بە چەند خاڵێک هەندێک مەسەلەی سەرەکیی باسدەکەم.
یەکەم: خۆشحاڵانە، لەناو مێژووی کۆمەڵگا جیاوازەکانی دونیای ئەمڕۆدا، شتێک هەیە ناوی «ویژدانی مرۆڤایەتیی»ە، ویژدانێک مێژووی درێژی بەگژاچوونەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان بۆ تاوان و خراپەکاریەکان بەرامبەر بە مرۆڤ، دروستیکردوە. ئەم ویژدانە ئینسانییە لە هەموو بەشێکی دونیادا هەیە و چالاکە، بە خۆرئاوا و خۆرهەڵات و سەرەوە و خوارەوەی گۆی زەویەوە. لای دیندار و بێدین و دژەدینەوە. بە مەسیحی و موسڵمان و خاوەن دینەکانی ترەوە. ئەم گشتە گەورەیەش، دوای کەشفبوونی تاوانەکانی جێفری ئێپستین و تۆڕە جیهانییەکەی، ئیدانەیەکی گەورە و سەرتاسەریی ئەو کارە ناشیرینانەیان کرد و دەکەن کە ئە تۆڕە، ئەنجامیاندابوو. هەرکەسێکیش لانی هەرەکەمی ویژدانی مرۆڤانەی هەبووبێت، ئەم ئیدانەکردنەی بە شێوازی جیاواز ئەنجامداوە. ئەم ئىدانەکردنە جیهانییە، قۆرخکراوی هیچ هێزێکی ئىسلامیی و هیچ کۆمەڵگایەکی موسڵمان بەتەنها، نەبووە و نییە.
دووهەم: بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، دەستردێژیکردنە سەر منداڵان، دروستکردنی ئەو هەموو قوربانییە، شوێنی تاوانبارکردنێکی گەورە و سەرتاسەری بکەرەنیانین. ئەوەیش ئەم تاوانە گەورەتر و هەمەلانەیتر دەکات، ئەو راستییە کە تەنها تاوانێکی تاکەکەسیی نییە، بەڵکو پێشێلکردنێکی رێکخراو و سیستماتیکی و پلان بۆدانراوی بەنهێنی و بەمەبەستی سەرجەمی بەها مرۆییەکانە، بە بەها دینیی و نادینییە مرۆییەکانەوە.
سێهەم: «جێفری ئێپستین» نوێنەری ئەو غەریزە ترسناکانەی ناو مرۆڤە، کە مێژووی مرۆڤایەتیی هەولدانێکی بێماندووبوونە، بۆ ڕامکردن و سنووردارکردن و بەشارستانیکردنیان. «جێفری ئێپستین» نوێنەری غەریزە ترسناکەکانە بە رووتیی، بەبێ کولتور، بێ شارستانیەت، بەبێ منێکی باڵای چاودێریکەر، بەبێ بەزەیی و ماف و لانیکەمی رێزگرتن. نوێنەری ئەو غەریزانەیە بە کوێریی، بە دەستکراوەیی، بە بوونی توانا و ئازادیی پیادەکردنیان بە رووتیی. ئەمەش وایکردوە ئەوەی ناوی ویژدان و ئەخلاق و بەهایە بیسڕنەوە وسڵ لە ئەنجامدانی هیچ کارێک نەکەوە. ئەم جۆرە مرۆڤەیش تەنها لە خۆرئاوادا بوونیان نییە، بەڵکو لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا هەن و لەگەڵمان و لەتەنیشتمانەوە، دەژین.
چوارهەم: ئەم مارەکردنەی غەریزە لە ئازادیی و دەسەڵات و سەرمایە، هەم خراپ مامەڵەکردنێکی غەریزەکان و هەم خراپ مامەڵەکردنی ئازادیی و هەم خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هەم خراپ بەکارهێنانی سەرمایەیە. ئەم دۆخە هەم غەریزە و هەم ئازادیی و هەم دەسەڵات و هەم سەرمایە، تووشی فەسادێکی گەورە و هەمەلایەنی ترسناک، دەکات، فەسادی تێکدانی عەقڵ و ئەخلاق و ویژدانیی مرۆیی. ئەم دۆخە مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئەو بوونەوەرە نارسیست و ئەنانییەی حەز و ئارەزوە کۆنترۆڵنەکراوەکانی بخاتە پێش سەرجەمی ئەو بەها و نۆرم و کولتورانەوە، کە ڕێ لە گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ قۆناغی دارستان دەگرن و مرۆڤ لە کێوییبوون و وەحشیبوون دەپارێزێت.
پێنجەم: هەموو ئەمانە، وەک لە نووسینەکەی پێشومدا لەسەر ئەم مەسەلەیە باسمکردن، بەشێکن لە دۆخی هەبوونی دەسەڵاتێکی گەورەی بێچاودێریی و بێلێپرسینەوە و گرێدراون بە کەڵەکەبوونی سەرمایەیەکی چەوسێنەر و تەعەداکەرەوە. دەسەڵات و سەرمایەیەک سڵ لە بازرگانیکردن بە خودی مرۆڤ خۆیەوە، نەکەن. بێگومان مرۆڤایەتی بەگشتیی و ئەم ناوچەیەی ئێمە بەتایبەتی، ێویستی بە «جێفری ئێپستین» نییە بۆ ئەوەی ئەم راستییە سادانە بزانین. ئەمە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بەمجۆرەیە، بە خۆرئاوا و دەرەوەی خۆرئاواوە، بە دەسەڵاتدارێتی دینیی و نادینیی و عەلمانیی و ناعەلمانییەوە. دەسەڵات و سەرمایە چاودێریی و سنووردار نەکرێن، بەربەریەتێکی گەورە دەخەنەوە.
شەشەم: رەنگە جیاوازییە سەرەکییەکە لەوەدابێت، هەندێک بەشی جیهان توانا و دەزگا و یاسا و بوێری ئەوەیان هەیە ئەم خراپەکارییە رەهایانە بدۆزنەوە و سنوورداریان بکەن و بەرەنگاریان ببنەوە، وەک لە خۆرئاوادا دەیبینین. بەڵام لە بەشەکانی تری جیهاندا ئەو توانا یاسایی و دەزگایی و بوێرییە نەبێت و کۆمەڵگاکان نەتوانن و نەوێرن، باسی ئەو خراپەکارییانە بکەن، لەناویاندا بەشە موسڵمانەکەی جیهان کاتێک دێتە سەر باسکردنی کێشە و ناشیریننەکانی ناو هەناوی خۆی.
حەوتەم: لەم ئاستەدا ئەوەی «جێفری ئێپستین» و تاوان و تۆڕەکەەی و کەسایەتییە دەسەڵاتدارە تێوەگلاوەکانی، ناساند و خستنیە بەرچاوی هەموو جیهان، دیسانەوە خودی خۆرئاوا خۆی بوو. ئەوەیشی رووبەرووی لێپرسینەوە و سزادانی کردونەتەوە، دیسانەوە هەر خودی خۆرئاوا خۆیەت. ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە «عەلمانی»انەش ئەم کارەیان ئەنجامدا، کە ئیسلامییەکانی لای خۆمان بە مولحید و بێدین و بێئەخلاق ناویاندەبەن. ئەوەی ئەو ڤایرۆسە ناوەکییە گەورەیەی دۆزییەوە و بەرەنگاریشی بوەتەوە، دیموکراسیەتی خۆرئاوایی خۆیی و دەزگاکانی چاودێریکردنی دەسەڵات و ئەو بڕە زۆر و پارێزراوە لە ئازادیی و ئەو میدیا چالاک و رەخنەییە بوو، کە لە خۆرئاوادا هەن و بەسەریکیشەوە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ژیانی پێکەوەیی ئەو کۆمەڵگایانە دەستنیشاندەکەن و رێکدەخەن.
هەشتەم: ئەوەی بەبەرچاومانەوە دەیبینین هەوڵدانی کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانە، بۆ خۆپاکژکردنەو لە پیسیی و پۆخڵەواتە ناوەکییەکانی ناو هەناوی خۆی. ئەوەی دەبینین کردەی بەگژاچوونەوە و هەوڵدانی بنبڕکردنی ئەو پۆخڵەواتە ناوەکییە. کەس نکوڵی لەوەناکات لەناو کۆمەڵگاکانی خۆرئاوادا، نەخۆشیی و ڤایرۆسی گەورەی وەک «جێفری ئێپستین» و دەوروبەرکەی تێدایە، خۆرئاواییەکان بەر لە هەموو کەسێک دان بەوەدا دەنێن. بەڵام ئەوەیش ڕاستییەکی سادەیە، کە خۆرئاوا تاکە شوێن و شارستانیەتە لە جیهاندا، توانا مادیی و مەعنەویی و ئامراز و یاسا و دەزگا و ئازادیی و بەهای ئەخلاقییانەی بەگژاچوونەوەی ئەو پۆخڵەواتیەی، لەناو خۆیدا دروست وگەورە کردوە. لەبەشەکانی تری جیهاندا هەمان ئەو دیاردە ناشیرینانە هەن، بەڵام خاوەنی ئەو گشتە ئاڵۆزە ئینسانیی و شارستانییە و ئەو ئازادییە نین، بتوانن بەگژ ئەم جۆرە دیاردانەدا بچنەوە.
نۆهەم: سەرجەمی ئەو سەرۆک و سیاسیی و ملیۆنێر و ملیاردلێرە دەسەڵاتدارانەی، ویستیان و هەوڵى ئەوەیان دا لە ڕێگای دەسەڵاتەکانیانەوە، مەسەلەکە بشارنەوە، بۆیان نەکرا. تاوانەکان ئاشکراکران و هێنرانە بەرچاوی هەموو جیهان. ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کۆمەڵگا خۆئاواییەککان توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان و لە بەها و نۆرم و یاسا و دەزگا و ئەخلاقیاتی ئینسانیی خۆیان، هەیە. هەر ئەمەشە وادەکات تاوان و خراپەکارییەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگاکانیان نەشارنەوە، کەشفیبکەن و بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە باسیبکەن. هاوکات بە بەرچاوی هەموو جیهانیشەوە بەرەنگاریی ببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن. هەر خودی ئەو کۆمەڵگا خۆرئاواییانە خۆیشیان دەرگایان لە قوربانییانەکان کردەوە بۆ خۆناساندن و باسکردنی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان، ئەنجامدراوە.
دەهەم: لە هەر بەراوردێکی بچووکدا لە نێوان ئەوەی ئیسلامییەکانی لای ئێمە بە «خۆرئاوای بێئەخلاق» و «عەلمانیی مولحید» و «شارستانیەتێکی تۆپیو و رزیو» ناویدەبەن، ئەوەی هێزێکی ئیسلامیی وەک داعش، بە ئاڵای ئەڵاهو ئەکبەرەوە، ئەنجمایدا، تای تەراوزەکە بەلای خۆرئاوادا دەشکێنێتەوە. خۆرئاوا ناشیرینیەکانی ناو هەناوی خۆی وەک ناشرینیی دەبینێت و وەک ناشیرینیی و ئیهانەکردن بە مرۆڤ و بە کۆمەڵگا، دادگاییان، دەکات. لەکاتێکدا داعش کردەی بە «غەنیمە »و بە «مولکی یەمین» و بە «سەبی»کردنی کچانی نۆساڵ و ژنانی خاوەن مێرد، بەناوی خودا و ئیسلام و شەریعەتەوە، ئەنجامدا.
یازدەهەم: خۆرئاوا ناشیرینیەکانی خۆی وەک دیاردەی مرۆڤکرد نیشانئەدات و هەر بەو ناوەسە بەگژیان دادەچێتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنیان، دەدات. کەچی داعش ناشیرینییەکانی خۆی، وەک جێبەجێکردنی «ویستی خودا» و پیادەکردنی «سونەتی پێغەمبەر» و «هەقیقەتی ئیسلام» نیشانئەدا. داعش بەرگریی لە تاوانەکانی خۆی بەناوی ئەوەوە دەکرد، کە دەسکەوت و پاداشتێکن خوداکەیان پێیبەخشیون و هەر ئەو خوایەش بۆی حەڵاڵکردون.
دوازدەهەم: لەساتێکدا خۆرئاوا تاوان و نەخۆشییەکانی ناو هەناوی خۆی دەدۆزێتوە و ئیدانەی دەکات و بەگژیدادەچێتەوە و هەوڵی چاککردنیان دەدات، لەوکاتەدا بەشێک لە ئیسلامییەکان بەگژاچوونەوەی ئەو تاوانانەی داعش، بە هێشکردنە سەر ئیسلام و بە پیلانی مولحید و بێدین و عەلمانییەکان دژ بە ئیسلام، لێکئەدەنەوە.
سیازدەهەم: لەزۆر ڕووەوە «دورگەکەی جێفری ئێپستین» وێنەی ئەو بەهەشتە دینییەیە، کە لە خەیاڵی زۆرێک لە «سەلەفییە جیهادیی» و «موسڵمانە داعشییەکاندا» ئاماەیە. بەشێکە لەو وێناکردن و روانین و تێگەیشتنەی ئەوان بۆ ئیسلامیان وەک دین و بۆ بەهەشت وەک شوێنی پاداشتی کردەوەکانیان، هەیە. لە دیدی ئەمانەوە، رەنگە تاکە تاوانی «جێفری ئێپستین» ئەوەبێت بەهشتەکەی ئەوانی لە ئاسمانەوە بۆ سەرزەوی دابەزاندبێت.
چواردەهەم: کە ئەم خاڵانە باسدەکەم، هاوکات خەیاڵم لای «ئیسلامی دایکم» و ئیسلامی دراوسێ و بەشێکی زۆری ئەو هاوشارییانەیە، من لە ژیانمدا لە نزیکەوە ناسیومن و لەگەڵیاندا وەک مرۆڤی پاک و ناسک، ژیاوم. «ئیسلامی دایکم» و هاوشێوەکانی ئیسلامێکی تەواو جیاواز و ناکۆکە بەو «ئیسلام»ەی ئەم جۆرە هێزانە بە کۆمەڵگاکە و بە جیهانی نیشئنئەدەن. خودای دایکم خودای ئەو جۆرە هێز و چالاکوانە ئیسلامییانە نییە کە باسمکردن، ئەوانەی «سەبی»کردنی کچان و ژنان و بە«جاریە» و بە«موڵکی یەمین»کردنیان، وەک بەشێک لە دین وە وەک خەڵاتی خودا بۆ دیندارییەکەیان دەزانن و وێنادەکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی