میدیای بێزمانی کوردی‌و میدیای هاروهاجی عەرەبی‌و جیهانیی دژە کورد

15/02/2026

فازیل شـەوڕۆ – دوبلن

تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١- واتا بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ، سەرچاوەی متمانەپێکراوەی هەواڵ و زانیاری بۆ کوردی باشوور ئیستگەی ڕادیۆی  BBC  و هەواڵەکانی (٨:٣٠)ی ڕادیۆی ئۆرشەلیم - قودس بوون بە زمانی عەرەبی و نیو دەمژمێرێکیش دەنگی پەکی ئێرانێ بە کوردی، هەرچی ئیستگە شڕەکانی شۆڕش بوون، هەم پەخشیان لاواز بوو و هەم "هانهانی" ڕژێمەکانی بەغدایان لەسەر بوو و لەناوچە  ژێردەسەڵاتەکانی ڕژێمیش قەدەغەبوون. خۆ ئیستگەی ڕادیۆی کوردی بەغدا  و تەلەفزیونەکەی کەرکووکیش، پتر ئامرازی ڕێکلامی بەعس بوون و هیچ وتارێکی سەددام، لە دەمژمێرێک کەمتر نەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکی شەڕی عێراق – ئێران گشت میدیای عێراقی بوو بە میدیای جەنگ.

میدیای نووسراوی ڕژێمیش (ڕۆژنامە و گۆڤار) کە ژمارەیان هەر پەنجەی دەستێک دەبوو، هێندە بە سانسۆر و پارزنان دەپالێوران، شتێکی کەمیان تێدا دەمایەوە کە بۆنی (کوردیی ڕەسەنی) لێ بێت.

گەرچی ڕاپەڕین ١٩٩١ بە ڕواڵەت دەروازەی ئازادی بوو بۆ میدیای کوردی، بەڵام مەخابن هەر زوو مۆری حیزبایەتی بە نێوچەوانییەوە نرا، دەنگ و ڕەنگی میدیا ڕاستەوخۆ بوون بە دەنگ و ڕەنگی حیزب و گرووپ و دەستە و تاقم، بە شێوەیەک لەم ٢٤٣ کەناڵە تیڤییەیی کوردییەی ئیمڕۆ، یەک تاقە کەناڵی بێلایەن و سەربەخۆ نابینیتەوە. ئیمڕۆش لەگەڵ گەشەکردنی میدیایی دیجیتەڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تاقولۆقە نەبێت،  هەموویان  بە دار و بە سێبەرەوە، بە حیزبی کراون. میدیای کوردی خراپترین ڕۆڵی هەبوو لە شەڕی ناوخۆی باشوور لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا. تا ئێستا حکوومەتی هەرێم، کەناڵێکی تیڤی و ڕادیۆ و ڕۆژنامەیەکی خۆی نییە!

کێشەی سەرەکیی میدیای کوردی - گەرچی هەیانە پارەدارن، لە ٣ خاڵ چر دەکرێتەوە: لە لایەک ئامرازی دەستی حیزبن، لە لایەکی دیکە یاساکانی میدیایی لە لایەن دامودەزگا حکوومییەکانیش پەیڕەوناکرێن و ڕێزیان لێناگیرێت و زۆر جار پێشێل دەکرێن. دەردە کووشندەکەش ئەوەیە کە دەنگ و ڕەنگی میدیای کوردی نەیتوانی  لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەدا سنووری لۆکاڵی خۆی ببڕێت و کورد وەک نەتەوەی خاوەن قەزیە بە جیهان بناسێت و لە مەحافیلەکانی نێودەوڵەتیدا داکۆکی لێ بکات، لەبەر ستایش و پێداهەڵگوتنی حیزب و سەرکردەکانیان نە پڕژاونەتە سەر هیچ شتێکی بایەخداری نەتەوایەتی.

دەکرێ بڵێین کۆی میدیای عەرەبی و جیهانی – جگە لە میدیایی تورکی، تا ڕۆژی کەوتنی بەشار ئەسەد لە سوریا - لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، دەرهەق بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و بە کورد بە گشتی، گەر پشتیوان و داکۆکیکاریش نەبوو بن، دوژمنکار نەبوون، بەڵکوو لە هێندێ کەناڵ و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانیاندا ستایشیش کراوین.

دەکرێ لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و دواتریش لە عێراق، هەست بە گۆڕانکارییەدکی شاراوەی نەرێیی میدیایی فەرمی عەرەبی بکرێت، بەوەی کە خۆیان دورەپەرێز دەگرت لە گواستنەوەی هەواڵەکان و ڕۆشنایی خستەسەر تاوانە دڕندەکانی  ئەو چەتە  دەستڕەشا نە، بە تایبەتی لە هێڕشەکانیان بۆ سەر ئێزیدییەکان و شەڕە قورسەکانی قارەمانەکانی کۆبانی (١٦/٩/ ٢٠١٤ - ٢٦ / ١/٢٠١٥). نابێ بێدەنگیی میدیاکارانی عەرەبیش لە شاڵاوەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و دەڤەرە کوردییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا فەرامۆش بکەین، ئەوان لە نزیکەوە وردەکاریی دەستدرێژییەکانیان دەبینی بەڵام بێدەنگیان هەڵبژاردبوو. تا ڕادەیەکیش مەیلی خۆیان بۆ بەرەی سووننەکان نیشان دەدا و دژی بەرەی شیعەکان بوون لە عێراق.

کورد، پێشتر دوو ئەزموونی تاڵی لەگەڵ میدیایی عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەتی و میدیایی جیهانی بە گشتی، هەیە، ئەوان لە تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید و ناوچەکانی دیکەی باشوور و لە تاوانی ئەنفاڵکردنی کوردان، قروقپ، بێدەنگ و کەڕ و لاڵ بوون. تا ئێستاش هەیانە ئەنجامدانی ئەو دوو تاوانە گەورەوییە لە ئەستۆی ڕژێمەکانی بەغدا هەڵدەگرن یان هەر ددانیشیان پێدا نانێن کە ئەنجام دراون!

بۆ کورد ڕۆژی ٨ی تشرینی دووەمی٢٠٢٤، کەوتنی ڕژێمی ئەسەد بە دەستی چەکدارانی داعش لە سوریا،  قۆناغێکی مێژوویی نوێی  تۆمارکرد. بە گشتی خەڵکی عەوامی باشوور، نەک هەر سیاسییەکان، لە سەرتاوە  گۆمانیان لە پێکهێنانی هێزەکانی داعش و ئامانجەکانیان هەبوو. دەیان پرسی بۆچی لەم جیهانە پان و بەرینەدا، تەنها خەڵکی عێراق و سووریا دەبێ ئازاد بکرێن و بێنە ژێر ئاڵای ڕەشی داعش؟ جا کاتێک داعشەکان لوولەی چەکەکانیان کردە سینەی کوردان و ئێزیدییەکان لە سوریا و عێراق، ئەم گومانە پتر کاڵ بۆوە و زانرا کە کەلەکۆمەیەکی دەرەکی مەزن  دەستی لە پشت ئەو پیلانگێرە دایە. دەنا چۆن ئەو هەزارەها چەکدارە، لە ڕێی سنووری یەک دەوڵەتەوە دەپەڕنەوە و دێن و هێڕش دەکەن؟

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی نێودەوڵەتی، ڕوخاندنی ڕژێمی ئەسەد و ڕادەستکردنی حکوومەتی سوریا بە داعش، نەخشە و پیلانێکی گەورە بوو، تورکیا، ئەمەریکا، ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر، ئوردن، فەڕەنسا تەنانەت ڕۆسیاش تێیدا بەشدار بوون. عەراب و ئەندازیارەکەشی ئینگلیز بووە. لە میدیای تورکیادا ئاشکرا کرا کە بۆ ماوەی دوو ساڵ، دوو ژووری هەواڵگەری لە تورکیا و ئوردن نەخشەی ئەو گۆڕانکارییەیان دەکێشا.

گەرچی هەسەدە، وەک هێزێکی سەربازی و سیاسی لە ٢٠١١ ەوە دەسەڵاتی خۆسەریی بەسەر باشووری ڕۆژهەڵای سوریا (ڕۆاڤا) سەپاند و ئازایانە ڕووبەڕووی داعش بۆوە و هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەمریکا هەبوو، بەڵام بە درێژایی ئەو ١٤ ساڵە ڕژێمی ئەسەد و تورکیا درێخیان نەکرد لە لێدان و لاوازکردنی ئەو کیانە خۆسەرە. کورد بەگشتی و کوردانی ڕۆژاڤا ئومێدی گەڵیک مەزنیان بەو دەڤەرە و خۆبەڕیوەبردنە هەڵچنی بوو، هەرچی شێتەڵکاریی سیاسی و ڕاپۆرتنووس بوو پێی وابوو، خۆری سەربەخۆی کورد لە ڕۆژاڤا هەڵدێ!

بەڵام، کە پەردە لەسەر نەخشە گڵاوەکانی ئەم کەلەکۆمە نیودەوڵەتییە دژی کورد لادرا، کورد لە کوردستان و جیهاندا تاسا و هەستی کرد لە پشتەوە دیسان خەنجەری لێدەدرێت:

جا لەم ساتە سەخت و دژوارەدا، دوو دیاردەی بایەخدار هاتنە پێشەوە:
یەک: شالاوی داعشی ئاڵا ڕەش بۆ سەر کوردانی ڕۆژاڤا، وەک سەرەتا و ئایندەی تاریک بۆ باشوور.
دوو:  پشتگیری و پشتیوانیی میدیایی عەرەبی بە تایبەتی و میدیای جیهانی بە گشتی بۆ هێڕشەکانی داعش بۆ سەر کوردان. ئەمەش بە دوو جۆر خۆی نمایش کرد، یان بێدەنگبوون دەرهەق بە تاوانە دڕندەکانی داعش دژی کورد، یان گۆڕینی شێوازی گواستنەوەی ڕووداوەکان لە هەواڵ بۆ داکۆکیکردن لە داعش و داماڵینی کورد لە هەموو بەها جوانەکان و لکاندنی هەرچی تاوان هەیە بەوان!
ئەمە تەقینەوە گەورەکەی لە هزر و دڵ و دەروونی هەموو تاکێکی کورد و جەماوەر درووست کرد، چونکە ئەوان درکیان بەوکرد کە پیلانێکی گەورە هەیە دژی کورد وەک نەتەوە، نەک حیزب و ڕژێم و دەسەڵات:
یەک: کورد هەستی کرد، شالاوی داعس شالاوی جینوسایدی کوردە. بۆچی؟بەدرێژایی ئەو ٧٠ ساڵەی دوایی کورد  ڕووبەڕووی سوپای تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا  بووەتەوە و نەترساوە، چونکە تا ڕادەیەک ئەو سوپایانە لەگەل چەکدارە کوردەکان شەڕیان دەکرد و زۆر جێی مەترسی نەبوون، گەرچی ئەونیش تاوانی گەورەیان دەرحەق بە سڤیلی کورد ئەنجام دا، بەڵام هێڕشی ‌ داعش، واتا کووشتنی نەک کورد بەڵکوو هەر زیڕۆحێک لەم کورستانە هەبێت، کورد ئەزموونی کوردانی ئێزیدیان بیرنەچۆتەوە!
دوو: بێدەنگیی میدیای عەرەبی و جیهانی و دەستهەڵگرتنی ئەمریکا لە کورد، پەیامێکی ئاگرینی بە کورد دا، کە تۆ ئیمڕۆ هەر خۆت و خۆتی لە گۆڕەپانەکەدا: یان گیانبازی، یان نەمان.

جا لەم ساتە وەختەدا ناسکەدا، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی نەتەویی کوردا، هەموو تاکێکی کورد لە جیهاندا ڕاپەڕی و ڕژانە سەر شەقامەکان،  بە تایبەتی لە ئەمریکا و لە گشت ئەوروپا. ئاڵای کوردستان بووە ڕەمزی سەلماندنی بوونی نەتەوە و کورد ، وەک یەک کەس،  بەدەر لە دروشمی حیزبایەتی و شارچییەتی و بیرباوەڕ و ئایدەلۆژایی جیاواز، بەیەک دەنگ هاواریان بۆ کورد و کوردستان بەرزکردەوە.

ڕەنگبێ، ئەگەر میدیای عەرەبی لە گواستنەوەی ڕووداو و هەواڵ و ڕاپۆرتەکانیان، هێندە غەدارانە دەرحەق بە کورد، دوژمنایەتیان نیشان نەدابووایە، ئەم خۆپێشاندانانە  بەم گە رموگوڕی و فراوانییە ئەنجام نەدرابانایە، کە کورد بینی، دەنگی خنکاوە و دەخنکێندرێ، هاتە سەر شەقام تا ڕەوایەتیی دەنگی خۆی بسەلمێنیت.

جاشایەتی و خۆفۆشی میدیاکارانی عەرەب و جیهان لەودا پتر ڕەنگی دایەوە، کە بە بەرچاوی زوومی  ڕاپۆرتنووس و ڕۆژنامەنووسەکانیان کەژاوەکانی خۆپێشاندانەکان تێدەپەڕین،  نە وێنەیەکیان دەگواستەوە، نە وشەیەکیان دەنووسی، بۆیە ناچاربوون، کوردەکان لە لەندەن بچنە بەر دەرگای کەناڵە جیهانییەکان، تا پێیان بڵێین، ئێمە لێرەین و هەین.

بێگومان کاریگەریی ئەم خۆپێشاندانەی کوردان، گەورترین ڕۆلی لە گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی هەبوو لە خۆرهەڵات و لە جیهان.

لێرەدا، دەبێ ددان بەودا بنێین، کە ئامرەزاکانی میدییای کوردی لە باشوور تا ڕادەیەک، لەم ساتە وەختە بایەخدارەدا،  لاواز بوون، بەڵام کاتێک بینیان کە شاڵاوەکە جەماوەرییە و ناوی حیزب و دەنگی حیزب خەفەکراوە و ئاڵاکانیشیان نابینرێن، زوو ویستیان بێنە ڕێزی خۆپێشژاندەران و درووشمەکانی وان بڵینەوە. بەڵام لە دەرەوەی سنووری باشوور هیچ ڕۆڵیکیان نەبینی کە لە مێژووی میدیای کوردیدا شکۆدارانە تۆمار بکرێت.

عیبرەتی میدیایی،  لە ڕووداوەکانی کۆتایی پار و سەرەتای ئەمساڵ ئەوەیە:
یەک: کورد هەر دەنگی خۆی هەیە داکۆکی لە بوونی بکات وەک نەتەوە.
دوو: دەنگی حیزب و دەستە و تاقمە سیاسییەکان زۆر لەوە نزمترە، بتوانن کێبڕکێ لەگەڵ میدیای جیهانیدا بکەن.
سێ: دەبێ کورد میدیای نەتەوەی خۆی دابمەزرێنی، بە گوێرەی یاسا و ڕێسا و پرەنسیپەکانی سەردەم.
چوار: درووستکردنی لۆبی، بۆ گوێگرتن لە دەنگی کورد، لە ئەوروپا و ئەمریکا و جیهان زۆر گرینگە، چونکە لەو ڕووەوە زۆر لاواز و ناچالاکین.
پێنج: میدیای عەرەبی و جیهانی، دوو ماشێنی دەسەڵاتن و دامودەزگا ئەمنییە نێودەوڵەوتییەکان بەڕێوەیان دەبەن و دەنگی ڕاستەقینەی حەق و مرۆڤایەتی نین.
شەش: دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین، کە سیاسیی کورد هەبوو، تەنانەت لە حیزبە ئیسلامییەکانیش، کە هەستیان بەوە کردوە کە کورد بە دڵی ساف برایەتیی نەتەوەکانی دراوسێ دەکات، بەڵام ئەوان  خۆیان لەم برایەتییە گێل دەکەن و لادەدەن. ئەمەش بە هەڵوێست دەبێ وەڵام بدرێتەوە.
حەوت: میدیاکانیان هۆشیاریی دەدەن کە نیفاقی عەرەبیی حەسەکە، ڕەنگبێ دووبارە بێتەوە لە هەر شوێنێک ئەو جنسەی لێبێت.

جا گەرچی شانۆگەرییەکە کۆتایی نەهاتووە، ئێستاش میدیای کوردی لە باشوور، لەسەر کورسی و مێز شەڕیانە، وەک دوو کەڵەکێوی کە قۆچیان تێک ئاڵاندبێ، بێئاگابن گورگ دەوری گرتوون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە