پ.د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
ئایا هیچ دژایەتییه‌ك له‌نێوان ئیسلامخوازیی‌و نەتەوەپه‌روه‌رییدا هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه ئه‌رێنییه، ئایا دژایەتییەکه جەوهەرییە یان مێژوویی‌و
سیاسییە؟
ئایا دەکرێت نەتەوەپه‌روه‌ریی کوردانه له چوارچێوه‌ى ئاسۆیەکی ئەخلاقیی
ئیسلامی‌دا پێناسە بکرێتەوە؟
ئایا دەکرێت سته‌ملێكراویی کورد لە گێڕانەوەیەکی سیاسییەوە بگۆڕدرێت بۆ
پرسێکی ئەخلاقی؟
ئەگەر بمانه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌و
پرسیارانه بده‌ینه‌وه ئه‌وا ده‌بێت باس له گوتارێکی ئیسلامی/نەتەوەیی کوردی بكه‌ین،
بەبێ ئەوەی بکەوێنە ناو دژیه‌كبوونێكی بنەڕەتییەوە. پێویسته لەو گریمانەیەوە
دەستپێبكه‌ین کە دژایەتیی نێوان ئیسلامخوازی و نەتەوەپه‌روه‌ریی دژایەتییەکی
جەوهەریی نییە، بەڵکو ده‌كرێت بەرهەمی خوێندنەوەیه‌كی ئایدۆلۆژیانه‌ی مۆدێرن بێت،
چونكه مۆدێلی ناسیۆنالیزمی عەلمانی مۆدێرن مەیلێکی پەراوێزخەرانەی هەیە بۆ ئایین،
یاخود ره‌نگه ده‌رهاویشته‌ى خوێندنەوەیه‌كی دەسەڵاتخوازانە بێت بۆ ئایینى ئیسلام،
چونكه ئیسلامی سیاسی تەقلیدی مەیلێکی توانەوەخوازانەی هه‌یه بۆ ناسنامە نه‌ته‌وه‌یی
و ئیتنییه‌كان.
ئەم وتاره مێتۆدێکی شیکاریی ڕەخنەیی پەیڕەو
دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو گوتاری ئیسلامیی تەقلیدی و نەتەوەیی مۆدێرن، و
مۆدێلێکی تێکەڵاوی یه‌كترته‌واوكه‌ر پێشنیاز دەکات کە پەیوەندیی نێوان مەرجەعییەتی
بەهاخوازی ئیسلامی و چوارچێوەی بوونگەرایی نەتەوەیی ڕێک دەخاتەوە، له چه‌ند
خاڵێكی بنه‌ڕه‌تیدا:
یه‌كەم: ئایینی ئیسلام وەک مەرجەع و سه‌رچاوه‌ی بەهاکان:
ئایینی ئیسلام لە پێکهاتەی خۆیدا وه‌ك ئاینێكی جیهانی بۆ سه‌رجه‌م
مرۆڤایه‌تی، بنەمایه‌كی پته‌و داده‌ڕێژێت بۆ کۆمەڵە بەهایەکی ئەخلاقی کە بازنه‌ى ئینتیمای
نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنی و ڕەگەزی تێدەپەڕێت، خودای گەورە دەفەرموێت: ﴿ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ
عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ﴾ ﴿ وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا كَافَّةً لِّلنَّاسِ﴾ ﴿
وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ﴾
زانایانی بواری شه‌ریعه‌تی ئیسلامی جه‌خت
له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئیسلام له‌سه‌ر بناغه‌ی ژماره‌یه‌ك به‌های مرۆیی و جیهانی
راوه‌ستاوه و مژده‌به‌خشی بونیاتنانی جیهانێكه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌هایانه،
له نموونه‌ی (دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانی و چاكه‌كاریی و چاكسازیی و ره‌حمه‌ت و ئه‌مانه‌تپارێزی).
لێرەدا ئیسلام ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پێوەرێکی ئەخلاقییە. کێشە
مێژووییەکە ئەو کاتە دروست بوو کە ئیسلام بۆ چەسپاندنی ناسنامە سیاسییە
باڵادەستەکان بەکارهێنرا له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه و هۆز و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانه‌وه.
دووه‌م: جیاوازیی بیری نەتەوەپه‌روه‌ریی لە نێوان مۆدێلی ئەوروپی و دۆخی
کوردی‌دا:
مۆدێلی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی ئەوروپی لەناو دۆخی تایبه‌تی به‌سیكیولاركردنی
دەوڵەتدا، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ كڵێسای مه‌سیحی سەری هەڵدا. لەوێدا
"نەتەوە" جێگەی مەرجەعییەتی "ئایینی" گرتەوە وەک "ڕەهایی
سیاسی". مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته جێگره‌وه‌ى ئیمپراتۆریه‌تی مه‌سیحی
و بۆ مانه‌وه و درێژه‌دان به خۆی سه‌رچاوه‌ى ره‌وایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ى ئایینه‌وه
وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین، ئه‌و راستیه ده‌بینین كه کێشەکە
لە خودی بیری نەتەوەییدا نییە، بەڵکو لە دابڕانیدایە لە بەها ئەخلاقییەکان.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین، ئه‌وا
ده‌بینین دۆخی کورد ته‌واو جیاوازە؛ چونکە له سه‌رده‌می نوێ‌دا كورد وەک
نەتەوەیەکی ئیمپراتۆریی فراوانخواز ده‌رنه‌كه‌وتووه، بەڵکو شوناسی كوردبوون زیاتر
وه‌ك هۆشیارییەکی بەرگریکارانە لە دژی نکۆڵیکردن له مافه‌كان و پەراوێزخستنی
سیاسی و كه‌لتووریی به‌رجه‌سته بووه، نكۆڵیكردنێك هه‌م زلهێزه جیهانییه‌كان په‌یڕه‌ویان
كردوه هه‌م ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى له پاش جه‌نگه‌كان و له پاش كۆلۆنیالیزم دروست
بوون له‌سه‌ر مۆدێلی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، كه لانی كه‌م له چوار وڵات‌دا كورد
شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌كى بنده‌ستی پێ‌بڕا له به‌رامبه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ست و
خاوه‌ن ده‌وڵه‌تدا.
سێیەم: هەڵوەشاندنەوەی دەنگۆى دژایەتی ئیسلامخوازی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ریی:
سه‌ره‌تا له رووی چەمکسازییه‌وه
(المفهومي) هه‌بوونی دژایه‌تیی ره‌د ده‌كرێته‌وه، چونكه دەقی ئیسلامی په‌یامی رەتکردنەوەی
ئینتیمای نەتەوەیی وەک ئینتیمایەکی کولتووری لەخۆ ناگرێت. خودی قورئان دان بە فره‌یی زمانه‌كان و فرەچەشنی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كاندا دەنێت: ﴿ وَمِنْ
آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ
وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ﴾، ﴿وَجَعَلْنَاكُمْ
شعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا﴾ ئه‌وه‌ى جێی سه‌رنجه
قورئان به ئه‌رێنی باسی جیاوازی ده‌كات،
وه‌ك ئایه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتی خودا و وه‌ك ئامرازێك بۆ په‌یڕه‌وكردنی ئامانجی یه‌كترناسین.
لێره‌وه بێگومان ئەوەی له په‌یامی
ئیسلامدا رەتکراوەیە ئینتیمای نەتەوەیی نییه،
به‌ڵكو "دەمارگیریی سته‌مكارانە"یە جا هه‌ر كه‌س و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامی
بدات، نەک ئینتیمای سروشتی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ى وابه‌سته‌ییان بۆ
ئایینی ئیسلام.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له رووی مێژووییه‌وه (التاريخي) سه‌رنج
بده‌ین ئه‌وا ده‌بینین كه دژایەتیی و گرژیی نێوان ئیسلام و نەتەوەپه‌روه‌ریی لە
ناوچەکەدا لە ئەنجامی چه‌ند هۆكارێكه‌وه بووە: وه‌ك هاوردەکردنی مۆدێلی نەتەوەیی ئەوروپی مۆدێرن له‌لایه‌ك و بەسیاسیکردنی ئیسلام لە چوارچێوەی دەوڵەته ناوەندییه‌كانی پاش
كۆلۆنیالیزمدا، واتە دژایەتییەکە بابه‌تێكی مێژووییە ته‌نانه‌ت پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى
مۆدێلی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی كه ره‌گێكی ئایینی هه‌بووه و له‌گه‌ڵ مۆدێلی ده‌وڵه‌ت
نه‌ته‌وه‌ى مۆدێرن هاتووە، نەک شتێکی بنەڕەتی (بنیوی) بێت.
چوارەم: خوێندنەوەیەکی پێوەرگه‌رایی بۆ دۆخی کورد (پرسی
دادپەروەری):
ئه‌گه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌گرانه
بكه‌ین بۆ ڕووداوەکانی وەک: (پرۆسه‌ى جینۆسایدی به‌ناو ئەنفال، مه‌رگه‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، سیاسەتەکانی به‌عەرەبكردن و به‌تورکكردن و سەرکوتکردنی زمان و کو‌لتوور و هه‌وڵه‌كانی تواندنه‌وه له بۆته‌قه‌ى
به‌ئێرانیكردن و بانگه‌شه‌ى ئومه‌تی ئیسلامی‌دا)، ئه‌وا دەکرێت پرسی كورد تەنها وەک
پرسێكی سیاسی نەخوێندرێنەوە، بەڵکو وەک پرسی "سته‌ملێكراویی" سەیر
بکرێن. پێغەمبەر (د.خ) ده‌فەرمووێت: "اتقوا
الظلم فإن الظلم ظلمات يوم القيامة".
لێره‌وه، بەرگریکردن لە مافەکانی
کورد دەکرێت لە ڕووی شەرعییەوە وەک بەرگریکردن لە دادپەروەری بناغەسازیی بۆ بکرێت،
چونكه پرسی (فه‌رمان به دادگه‌ریی و ره‌دكردنه‌وه‌ى سته‌مكاریی) پرسێكی سه‌نته‌رییه
له قورئانی پیرۆزدا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ
ئامانج له په‌یامی ئایینه‌كان كه بریتییه له گۆڕینی بیركردنه‌وه و هه‌ستوسۆرز
و ره‌فتاری مرۆڤه‌كان به ئاراسته‌ى چاكه و چاكه‌كاریی، ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانین
به‌بێ تێگه‌یشتنی په‌یامه‌كه و پیاده‌كردنى به زمانی دایك و جێگیركردنی له كه‌لتووری
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كدا ناتوانرێت له ده‌ره‌وه به زمان و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌یه‌كی
تر به ته‌واوی بچه‌سپێنرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و راستییه له پێش چاو
بگرین كه زمان وەک دەفرێکی مەعریفی وایه بۆ له‌خۆگرتنی په‌یامی ئایین، هه‌ر وه‌ك
ئه‌وه‌ى زانای شه‌ریعه‌تناس (شاطبی) جه‌ختی كردوه‌ته‌وه کە تێگەیشتن لە گوتاری شەرعی بەستراوەتەوە بە زانینی زمانەوە،
بێگومان ئه‌و مه‌به‌ستی زمانی عه‌ره‌بییه، به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه پەراوێزخستنی
زمانی کوردی لە کایەی ئایینی‌دا ده‌بێته هۆی: نامۆبوونی
مەعریفی، پاشکۆیەتیی
فیقهی، لاوازیی
ئیجتیهادی ناوخۆیی سازگار له‌گه‌ڵ هه‌مان كه‌لتوور و شێوازی ژیاندا.
پێنجەم: ڕەخنەكردنی هه‌ردوو گوتاره
باوه‌كه:
بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی دژییه‌كی روكه‌شی
نـێوان هه‌ردوو ئینتیماكه پێویسته سه‌ره‌تا رەخنەی هه‌ردوو گوتاری باوی ئیسلامی
تەقلیدی و ناسیۆنالیزمی مۆدێرنی سێكیولار بكه‌ین:
گوتاری ئیسلامی تەقلیدی زۆربەی کات "یەکێتیی ئوممەتی ئیسلامی"ی وەک ئەولەویەتێکی
ڕەها نیشانداوە، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردوه كه تا راده‌یه‌ك چاوپۆشی لە
مەزڵوومییەتی نەتەوەیی بكات یان پاساوی بۆ بهێنێتەوە، سه‌ره‌نجام جۆرێك له "پیرۆزی" به‌خشیوه به "دەسەڵات"ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته
مۆدێرنه‌ى كه خۆی زاده‌ى رێكه‌وتنی زلهێزانی ئه‌وروپی براوه‌ى جه‌نگه جیهانییه‌كانه
و له بنه‌ماوه له‌سه‌ر مۆدێلی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بنیاتنراوه.
له به‌رامبه‌ردا ئایدیۆلۆژیای نەتەوایه‌تی کوردیی مۆدێرن لە هەندێک دەرکەوتەیدا، له ژێر كاریگه‌ریی
و سه‌رسامی به مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ئه‌وروپیدا جۆرێك له سیكیۆلاریزمی توندی
پەیڕەو کردووه، وەک بەربەست مامەڵەی لەگەڵ ئاییندا کردووە، مۆدێلی
"دەوڵەت-نەتەوە"ی قبوڵكردوه و بەبێ ڕەخنەی فەلسەفی کۆپی کردووە، سه‌ره‌نجام
بیری نه‌ته‌وایه‌تی مۆدێرن وه‌ك ده‌رچوون له ئایین وێناكراوه.
لێره‌وه ده‌توانین بڵێین هەردوو
ئاراستەکە کەوتوونەتە ناو کورتکردنەوەی (اختزال) ناسنامەوه، قبوڵكردنی یه‌كێكیان
یه‌كسانه به ره‌دكردنه‌وه‌ى ئه‌وی تر، واته كۆكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه و كارێكی
نه‌كرده‌یه.
شەشەم: پێشنیازی مۆدێلێكی یه‌كترته‌واوكه‌ر:
به‌رمه‌بنای دوو مۆدێله‌كه‌ی پێشوو،
ده‌توانین مۆدێلێكی جێگره‌وه‌ى یه‌كترته‌واوكه‌ر پێشنیاز بكه‌ین، ئه‌م مۆدێله بۆ
كه‌سانێك گرنگه كه هه‌ردوو ئینتیمای ئایینی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری له ژیانیاندا بایه‌خدار
بێت، ئەم مۆدێلە هیچ ئینتیمایه‌ك لەناو ئەوی تریاندا ناتوانێتەوە، بەڵکو
پەیوەندیی نێوانیان ڕێک دەخاتەوە، پێشنیازه‌كه لەسەر سێ کۆڵەکە دەوەستێت:
ئیسلام وەک مەرجەعییەتی بەها باڵاکان (دادپەروەری، کەرامەت، پاراستنی ناسنامە).
نەتەوەپه‌روه‌ریی وەک چوارچێوەیەکی بوونگەرایی و کو‌لتووریی ڕەوا.
دادپەروەری وەک خاڵی بەیەکگەیشتنی هەردوو مەرجەعییەتەکە.
ئەنجامەکان
دژایەتیی نێوان ئیسلامخوازی و نەتەوەپه‌روه‌ریی کوردی دژایەتییەکی جەوهەری نییە.
دەکرێت گوتاری نەتەوەیی کوردی لەناو ئاسۆیەکی ئەخلاقیی ئیسلامی‌دا جێگیر بکرێت.
سەرکەوتنی ئەم گوتارە بەستراوەتەوە بە پێگەیاندنی نوخبەیەک کە خاوەن ئینتیمایه‌كی یه‌كترته‌واوكه‌ربن.
نەبوونی ئەم گوتارە، مەیدانەکە بۆ دوو گوتاری ناتەواو بەجێدەهێڵێت: یان توانەوەی ناسنامە، یان عەلمانییەتی توند و دابڕاو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی