تاک - وەک بچوکترین کەمینە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

   مەترسیدارترین دیاردە ، لە سیاسەتی هاوچەرخدا ، سەرکوتکردنی کەمینەکان نیە ، بە دەست زۆرینەکانەوە ، بەڵکو هەڵگەڕانەوەی کەمینەکانە ، بۆ هێزی بچوکی سەرکوتگەر ، لۆژیکی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە ، گۆڕانکاری بەسەردا نایەت ، بەتایبەت کاتێک سیمای بکەرەکانی دەگۆڕێ ، تەنها دروشمەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت ، بۆیە هەرکاتێک شوناس فۆڕمێکی پیرۆزی بەبەردا کرا ، ئەوە تاک دەبێتە قوربانی یەکەم ، ئاین ڕەند (Ayn Rand) فەیلەسوفی ئەمریکی ، بە ڕەچەڵەک ڕوس دەڵێت : 

” تاکە کەس بچوکترین کەمینەیە لەسەر گۆی زەوی ؛ ئەوانەی مافەکانی تاکە کەس ڕەتدەکەنەوە ، هەرگیز ناتوانن بانگەشەی ئەوە بکەن ، بەرگریکار و پارێزەری ڕاستەقینەی مافی کەمینەکانن “ .

   ئەم دەربڕینە ، ئەوەندەی ئەنگوست بۆ تاوانبارکردنی ئەو جۆرە گوتارانە ڕادەکێشێ ، لەلایەک داوای ماف دەکات ، بەڵام لە لاکەی تر جیاوازیەکان ڕەت دەکاتەوە، ئەوەندە وەسف و نمایشی مەغدوری کەمینەکان ناکات . چونکە یەکەم کاری دەسەڵات ، جا هەر جۆرە دەسەڵاتێک بێت ، تێکشکاندن و هاڕینی تاک گەراییە ، بۆئەوەی بە فۆڕمێکی خوازراو ، بەپێی پرەنسیبی داواکراو ، جارێکی تر لە چوارچێوەی کۆمەڵدا ڕێکی بخاتەوە ، ئەمە جۆرێکە لە پرۆسەی دوبارە وەبەرهێنانەوە ، یان ڕیسایکلینی مرۆڤ ، بۆئەوەی وەک پێویستە بیربکاتەوە ، نەک وەکو خۆی دەیەوێت ، یان هەڵچونە سایکۆلۆژیەکانی ، بە پێی مەبەست و ڕوبەری ڕێ پێدراو پراکتیزەبکا ، واتا ئەوکاتەی داوای لێکرا توڕەبێ ، یان قسە بکا ، یان هەر بەیەکجاری کۆیلەو بێدەنگ بێت ….

   سیاسەت هەرگیز متمانە نا بەخشێت بە تاکە کەس ، چونکە تاک سەرئێشەی زۆرە ، هەمیشە پرسیاری هەیە ، دەسەڵات شوێن کەوتوانی بێدەنگ ، بەلایەوە بژاردەی دڵخوازن ، نەک پرسیارکەران ، بۆیە هەمیشە پاساوی ئامادەی لەبەردەستە ، بۆ وەڵامی پرسیارکەران وەک : ” ئێمە لە قۆناغێکی مەترسیدارداین ، کاتی وروژاندنی ئەم بابەتە نیە ، یان هەل و مەرجەکە ناسکەو کاتی ڕەخنە نیە ، یان پرسەکەمان گەورەترە لەم بابەتە بچوکانە ، تا دەگاتە تەخوین کردن و تۆمەتی جاسوسی و سکانداڵی کۆمەڵایەتی بۆ ڕەخنە گران …“ بەم شێوەیە پرسی ئازادیە کەسیەکان ، بە بزمارێکی ژەنگاوی ، بە بیانوی هەستیاری قۆناغەکە ، بە زاکیرەی حەواڵە بە گەواڵەدا دادەکوتێ ، لە کاتێکدا ئەم قۆناغە تەنها بە ڕەخنەو پرسیاری جدی ئەگەری تێپەڕاندنی هەیە ، ئەگەر نا ، بۆتە دیفاکتۆیەکی ئەبەدی بێ هیچ ئاسۆیەکی ڕون . 

   جۆن لۆک دەڵێت :” دەسەڵات ڕەوایەتی ، لە پاراستنی مافی تاکەکانەوە فەراهەم دەکات “. بەڵام مێژوی کۆن و نوێ ، جەخت دەکاتەوە ، کاتێک دەسەڵات و دەوڵەت ، بەبێ چاودێری و لێپرسینەوە بەجێ دەهێڵرێ بۆ ئیجتیهادی کەسی ، نەک هەر مافەکان ناپارێزێ ، بەڵکو پێشێل و سەرکوتیان دەکات ، لە خزمەتکارەوە دەبێتە ئاغاو کوێخا بەسەر خەڵکەوە ، دەسەڵات و دەوڵەت لە گرێبەستی هاوبەشەوە دەبێتە کۆت و بەند لەملی تاکەکان ، کاتێکیش ئەم فۆڕمە لە دەسەڵاتی سیاسی ، وەک نوێنەری ستەملێکراوان خۆی نمایش دەکات ، ئەوە ڕەخنەلێگرتن ، یان وەستانەوە بەڕویاندا ، دەچێتە خانەی خیانەتی عوزما ، چونکە بە دیوێکدا وەک خیانەت لە دەسەڵات ئەژمار دەکرێ ، بە دیوەکەی تردا ، بە هەڵگەڕانەوە لە شوناس و ڕەمزو پیرۆزیەکان لێکدەدرێتەوە . 

   میشێل فۆکۆ لەوەش زیاتر دەڕوات کاتێک دەڵێت : لەم کاتانەدا دەسەڵات تەنها ستەمت لێناکات، بەڵکو دوبارە دروستت دەکاتەوە ، یان داتدەڕێژێتەوە . گوتارەکەت، زمانەکەت، تەنانەت توڕەییەکەت دوبارە بەرهەم دەهێنێتەوە . ئەمەش لەژێر ناوی " رزگارکردن " ی تۆ ، وەک کەمینەیەک ئەنجام دەدات ، بەڵام مانای ئەوە نیە ئازادیت بۆ فەراهەم بکا ، بەڵکو فڕێت دەداتە ناو شوناسێکی ئامادەکراوی داخراوەوە، لە ناوەوە چاودێریت دەکات. لێرەوە ئەگەرچی ، زیندانەکە دەبێتە پانتاییەکی جوگرافی فراوان و نەبینراو... بەڵام بە مۆرێکی تۆخ ترو چاودێری توند تر .

   لە ڕاستیدا لە ڕوی سیاسیەوە ، ئەوە کرۆکی گەمژاندنە ، کاتێک لە پیاوانی دەسەڵات دەبیستین ، چاکترە بێدەنگ بین ، چونکە گوایە ، مافەکانمان لەدەستێکی ئەمیندایەو پارێزراون ! یان ممکن نیە تۆ یان من لەوان دڵسۆزتربین ! گوایە ئەوان تێکۆشانیان کردوە ، لە کاتێکدا هەزاران لاپەڕەی مێژوی ئەم خەبات و تێکۆشانە ، بە خیانەت مۆر کراوە . یان ئەوان بەرژەوەندی ئێمە باشتر دەپارێزن ، چونکە ئەوان دەستەبژێرێکی قوربانی دەرن و مێژویان هەیە ! 

   هەر بزوتنەوەیەک ، سیاسی بێت ، یان کۆمەڵایەتی و ئاینی ، ڕۆشنبیری بێت ، یان ئەدەبی و فەرهەنگی … سەرکۆنەی ڕەخنە بکات ، بێ سێ و دو بزوتنەوەیەکی دەسەڵات خوازی خۆسەپێنە ، ئەگەر لەسەر دەریایەک لە قوربانی و خوێن هەڵچنرابێت ، هەر پرسێک هەرچەندە ڕەوابێت ، لە پێناو سەرکەوتنی خۆی ، داوا لە شوێن کەوتوانی بکات ، مافە تایبەتیەکانیان فەرامۆش بکەن ، یان دوابخەن ، بێگومان پرسێکی فاسیدە لە ڕوی مۆڕاڵیەوە . هەر شوناسێک لە پرسیارو ڕوبەڕوبونەوە بترسێ ، ئەوە بێ دودڵی شوناسێکی لاوازەو لەسەر لمی کەنار دەریا ، بنیات نراوە .

     تاکی ئازاو ئازاد ، خڵتەی وردەکاریەکان نییە ، تا  فڕێ بدرێ یان قوربانی پێبدرێ بە بیانوی مەترسی ، یان وێنا کردنی وەک بەهەشتی دڵخوازی شەیتان ، گوایە خۆی تێدا دەشارێتەوە . چونکە دەستەبەری مافی تاک ، پێش مەرجی سیستەمی ئازادو دیموکراتە ، لە ژێر هیچ بیانویەکدا نابێ ببەزێندرێ ، لە هەر شوێنێک تاک مافی ڕەتکردنەوەی لێ زەوت کرا ، ئەوە بێ دودڵی ئازادی لەو شوێنەدا بوونی نییە . لەو شوێنانەی " من " لە بەرژەوەندی " ئێمە " فەرامۆش کرا، یان تۆمەتبار کرا، بێگومان ئەو شوێنە دەبێتە زیندان بۆ کەمینەکان نەک پەناگەیەکی ئارام . چونکە ئەوە تەنها هێز و دەسەڵات نیە ستەمکاری بەرهەم دێنێ ، بەڵکو بێدەنگی تاک بەرگێکی ئەخلاقی بەبەردا دەدورێ و دەرفەتی تەمەن درێژی بۆ دەڕەخسێنێ ، ڕاستە تاک بچوکترین کەمینەیە دەسەڵات بیری لێ بکاتەوە ، بەڵام بەبێ ئەو هەر گوتارێک لە مەڕ پاراستنی مافەکان ، جگە لە درۆیەکی شاخ دار،  هیچی تر نیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی