لەفەلسەفەی سیاسیی نوێدا، "دەوڵەت" تەنها لەدامەزراوەو کۆمەڵێک دەقی یاسایی وشک پێکنەهاتوە، بەڵکو دەوڵەت یەکەیەکی نیشتمانیی زیندوە کە لەڕێگەی دامەزراوە بێلایەنەکانەوە وەک چەتری هەموان کاردەکات، بەڵام کاتێک دامەزراوە گشتییەکان لەناوەرۆکە نیشتمانییەکەیان بەتاڵدەکرێنەوەو دەکرێنە ئامرازی ململانێی هێزە سیاسییەکان، (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) تووشی داڕمان دەبێ و کۆمەڵگه هیچ بەهایەکی نامێنێ.
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ئەم داڕمانە گەورەیەدا وەستاوە، تێپەڕبونی زیاتر لەساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانداو پەککەوتنی پەرلەمان، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە"پەککەوتنی یاسایی و دامەزراوەیی" کە تێیدا حزب چیتر خۆی بەملکەچی یاسا نازانێت، بەڵکو یاسا وەک پاشکۆیەک بۆ ویستەکانی خۆی دەبینێت.
لێرەوە، دەبێت بپرسین: کاتێک پەرلەمان، وەک باڵاترین مەرجەعی یاسایی، دەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی دوو جەمسەری حوکمڕان، چەمکی هاوڵاتیبون هیچ واتایەکی نامێنێتەوە وەک ئەوەی لەپرۆسەی دەوڵەتداریدا جێی بایەخە؟ ئەم دۆخە نەک هەر شەرعییەتی ناوخۆیی لەرزۆک کردوە، بەڵکو پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمیشی خستوەتە ژێر پرسیارێکی جدییەوە، بەتایبەت لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندا کە هەموو کاتێك بەدوای درزە یاساییەکاندا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم.
یەکەم: دۆخی پاشەکشەی دامەزراوەیی
پەکخستنی پەرلەمان و نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بەواتای کۆتایی چاودێری دێت. لەغیابی چاودێریی پەرلەمانیشدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەبێتە دەسەڵاتێکی ڕەها؛ وەک لۆرد ئەکتۆن دەڵێت: (دەسەڵاتی ڕەها، گەندەڵیی ڕەها بەرهەم دەهێنێت) کاتێک حزبە باڵادەستەکان حوکمڕانی وەک دەستکەوتێکی شەخسی یان حزبی دەبینن، دامەزراوەکان دەبنە پاسەوانی سەرمایەی حزب نەک خزمەتکاری کۆمەڵگا.
ئەم پاشەکشەیە تەنیا لە ڕووی کارگێڕییەوە نییە، بەڵکو لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە کاریگەریی هەبووە ، ئەو زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەرەی کە بایکۆتی پرۆسەی سیاسییان کردووە، پەیامێکی ڕوونیان داوە: ئەوان چیتر بڕوایان بەو "شانۆگەرییە سیاسییە" نییە کە لێرە بەڕێوە دەچێ ، ئەم بێبڕواییە مەترسیدارترین جۆری قەیرانە، چونکە کاتێک هاوڵاتی بڕوای بە گۆڕانکاریی ئاشتییانە نەما، پەنا بۆ بێدەنگیی خاپوورکەر یان تەقینەوەی توندوتیژ دەبات.
دوەم: جەمسەربەندیی هێزو بەرژەوەندییەکان
بەرپرسیارییەتی مێژوویی ئەم چەقبەستووییە ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە. ئەم دوو هێزە، لە جیاتی ئەوەی دامەزراوەکان وەک خاڵی کۆکەرەوە بەکاربهێنن، وەک "کارتێکی گوشار" لە دژی یەکتر بەکاری دەهێنن. گەورەترین مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم (لاوازیی ناوخۆیی) و (بێبایەخکردنی یاسا)یە. بەغدا کاتێک دەتوانێت دەستێوەردان بکات، کە ببینێت لێرە دامەزراوەکان شەرعییەتیان نەماوە.
لێرەدا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە: بۆچی لایەنەکان ئامادەنین لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، سازش لەسەر پشکی حزبی بکەن و ڕێگەبدەن کەسانی شارەزاو بێلایەن جڵەوی کاروبارەکان بگرنەدەست؟
سێیەم: تێڕوانینێکی کردەیی بۆ دەربازبون
بۆ دەربازبون لەم قەیرانە گشتگیرە مەترسیدارە، پێویستمان بەهەنگاوی بوێرانەو کردەیی هەیە کە هەوڵدەدەم لەم خاڵانەدا کورتیان بکەمەوە:
١- کاراکردنەوەی دەستبەجێی پەرلەمان وەک مەرجەع: پێویستە پەرلەمان لەزیندانی "ڕێککەوتنی پێشوەختە" دەربهێنرێت، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە. پەرلەمان دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی نەک وەک پاشکۆی بڕیاری حزبەکان.
٢- پێکهێنانی حکومەتێکی کاربەڕێکەری کاتی (ڕاگوزەر): پێشنیاری سەرەکی، دروستکردنی حکومەتێکی (ئەرکدار)ە نەک (پشکێنە). ئەم حکومەتە کاتییە، ئەرکی هەستیاری ئەم قۆناغە بەهەند وەردەگرێت و تاکاتی هەڵبژاردنی داهاتوو کاروبارەکان بەڕێوەدەبات. گرنگترین خاڵ، بێلایەنکردنی وەزارەتە هەستیارەکانە (ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی، سامانە سروشتییەکان)و سپاردنیانە بەکەسانی شارەزاو پسپۆڕ، (لەدەرەوەی ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەكێتيی).
٣- شەفافکردنی داهات و دارایی گشتيی: جیاکردنەوەی دارایی حزب لەدارایی دەوڵەت، بنەمای هەر چاکسازییەکی ڕاستەقینەیە. پێویستە سیستەمێکی بانکی و دارایی شەفاف پەیڕەو بکرێت کە تێیدا داهاتەکان لەخزمەتی بژێوی خەڵکدابن، نەک بۆ بەهێزکردنی نفوزی حزبی.
٤- ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی بێگەرد: پێویستە کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ پێكبهێنرێتەوە، کەئامانجی سەرەکی گەڕاندنەوەی متمانە بێت بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە پشتیان لە سندوقەکانی دەنگدان کردوە.
چوارەم: دەرئەنجام
ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختداین، یان دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماکانی (دەوڵەتداریی مۆدێرن)، یان دەبێت چاوەڕێی داڕمانی یەکجارەکیی قەوارەی هەرێم بین، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا دەبینرێ پڕ لەمەترسیەو دەبێ پارتی و یەکێتيی درک بەو ڕاستییە بکەن کە شەرعییەتی هێز چیتر لەسەدەی بیست و یەکدا کارناکات و ناتوانێ داهاتومان بپارێزێ.
ئەم تێڕوانینە کە لەپێکهێنانی حکومەتێکی کاتیی بێلایەن و کاراکردنەوەی دامەزراوەکاندا کورتدەبێتەوە، تەنها بژاردەیە بۆ پاراستنی ئەوەی کە ماوەتەوە، کاتی ئەوەهاتوە کەسانی شارەزاو دڵسۆز، دور لەجەمسەربەندییە حزبییەکان، بەرپرسیارییەتی مێژویی بگرنە ئەستۆو لەوە زیاتر کات نەکوژرێ لەپێناوبەرژەوەندی تەسکی حزبایەتیدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی