لەدوای هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی ناسەقامگیریی جیددی جیۆپۆلەتیکیو ئابووری کە کاریگەریی لەسەر ئابوورییەکانی وڵاتانی دەوروبەر هەیە، هەروەها لەسەر هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی بازرگانی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیەو بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەكی.
هێرشە سەربازییەکە بوە هۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی مەترسییەکانی بۆسەر بازاڕ بەگشتییو بازاڕی نەوتی جیهانی بەتایبەتی، وڵاتان پێشبینیان لەئەگەری وەستانی دابینکردنی نەوت یان داخستنی گەروی هورمز كرد کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی وزەی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستبەجێ نرخی نەوت بەرزبێتەوە بەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنانو زیادبوونی مەترسی بۆ نەوتی ئێران.
هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی كاڵا بەزۆری پشت بەبازرگانی وشکانی لەگەڵ ئێران دەبەستێت، لەوانە خۆراک، کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازییە بچووکەکان، هەروەها کاڵای بەکاربەر کە لەڕێگەی دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانەوە هاوردە دەکرێن، لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکاندا، ئەم زنجیرە دابینکردنانە ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاو بوونەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە.
لەئێستادا بازرگانانی هەرێم ڕووبەڕووی نادڵنیایی زیاتر دەبنەوە سەبارەت بەتوانای گەرەنتیکردنی باری ئاساییو نرخی جێگیر، جگەلەوەش هەر پەککەوتنێکی درێژخایەن لەچالاکییە ئابوورییەکان لەناوخۆی ئێران یان ڕێگاکانی کەشتیوانی لەڕێگەی کەنداوەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی كەمبونەوەی "بەشێوەیەكی کاتیی" هەندێک کاڵاو بەرزبوونەوەی نرخ لەبازاڕی ناوخۆییدا كە بارگرانی لەسەر خێزانو بازرگانییە بچووکەکان دروستبکات.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم بژاردەی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بازرگانی بەئێران دەبێتو هەنگاونان بۆ بەهەمەچەشنکردنی سەرچاوەی هاوردەو بەدواداچوون بۆ بەدیلەکانی هەرێمایەتیو نێودەوڵەتی، پێدەچێت تورکیا نزیکترین بژاردە بێت لەبەرئەوەی بازاڕی تورکیا ئامادەیییەکی بەهێزی لەناوچەکەدا هەیە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە زۆرجار نرخی كاڵای تورکیا لەچاو هاوتای ئێرانی بۆ زۆرێک لەکەرەستەی خۆراکیو کەرەستەی بیناسازییو کەلوپەلی بەکاربەر بەرزترە بەهۆی جیاوازی دراوو تێچووی بەرهەمهێنانو باجەوە.
ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر زیادبوونی پشتبەستنێک بەبازاڕی تورکیا بەئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕاستەوخۆی نرخەكان لەناو شارەکانی هەرێمدا، بەتایبەتی بۆ خۆراک، کەرەستەی بیناسازیی، ئامێری ناوماڵو تەنانەت هەندێک دەرمان.
ئەوروپا لەڕووی کوالێتیو جۆرەوە بژاردەیەکی باشە، بەڵام ئاڵۆزترە، هاوردەکردنی كاڵای ئەوروپی پێویستی بەگواستنەوەی کەشتییە لەڕێگەی بەندەرەکانی باشووری عێراق یان تورکیاوە، دواتر گواستنەوەی وشکانی بۆ ناوچەکە كە دەبێتە هۆی زیادکردنی تێچووی گواستنەوەو بیمەو گومرگ. هەروەها کاتی گەیاندن درێژترە، کە ڕەنگە بۆ کاڵا بەکاربەرە سەرەكییەكان یان ئەوانەی کە قازانجیان کەمە گونجاو نەبێت، لەئەنجامدا پشتبەستنی بەرفراوان بەئەوروپا دەتوانێت تێچووی ئاستی بژێوی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە، بەتایبەتی بۆ چینە کەمدەرامەتەكان.
هەروەها بەدیلەکانی دیكهش هەن وەک بەرزکردنەوەی هاوردەکردن لەئوردن یان ئیمارات لەڕێگەی بەندەرەکانی کەنداو، بەڵام ئەم ڕێگایانە پەیوەستن بەسەقامگیریی گشتی ناوچەکەو ترانزێتێکی ئاسان بەسەر خاکی عێراقدا.
سەرەڕای ئەم فشارانە، پلانی ئابووریی حكومەتی هەرێم كە ئامانجیان بەرزکردنەوەی خۆڕاگری ئابوورییو کەمکردنەوەی فشارەكانی سەر بازاڕە، بەڵام ئەم پلانانە هێشتا لەقۆناغی گەشەسەندندانو پێویستیان بەپشتیوانی سیاسییوجێبەجێکاری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاریگەر ئابوورییو هاووڵاتیانی لەکاریگەرییەکانی قەیرانی ناوچەیی بپارێزن.
كاریگەری ئەم شەڕە لەهەرێم بەگشتیی، پاڵ بەهاوڵاتیانو وەبەرهێنەرانەوە دەنێت بۆ دواخستنی خەرجییەکانو زیادکردنی پاشەکەوتکردن لەبەرامبەر هەڵاوسانو کەمکردنەوەی خواستی بەکاربەرانو خاوکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لەکەرتەکانی وەک خانووبەرەو ئۆتۆمبێلو هاوردەو چەندین كەرتی دیكە.
لەئەگەری بەردەوامی گرژییەکانی هەرێمایەتی، گرنگیی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕێکخراوو خێرا دەبێت بەمشێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: لەسەر ئاستی ڕێوشوێنی بەپەلە، پێویستە ژوورێکی فریاکەوتنی ئابووری دابمەزرێت کە پێکهاتبێت لەوەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵو گواستنەوە، کە ئەرکی چاودێریکردنی جوڵەی کاڵاکانە بەشێوەیەکی ڕۆژانە، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو کاڵایانە کە زۆرترین تووشی كەمبونەوە دەبن، بەتایبەتی خۆراکی سەرەتاییو دەرمانو سووتەمەنی.
دوەم: دەبێت میکانیزمەکانی ڕێکخستنی بازاڕ چالاک بکرێن، نەک لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نرخ بەتەنها، بەڵکو لەڕێگەی ڕێگریکردن لەقۆرخکارییو کۆنترۆڵکردنی کۆکردنەوەی نایاسایی كاڵاو ڕێگریکردن لەشێوازی کڕین بەهۆی ترسو دڵەڕاوکێ.
سێیەم: هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هاوردەکردن بەشێوەیەکی چالاکانە نەک وەک دوا ڕێگە، لەگەڵ کەمکردنەوەی کاتی باجی گومرگی لەسەر کاڵا سەرەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە، هەروەها دەتوانرێت ئاسانکاریی قەرز بۆ بازرگانانی هاوردەکار دابینبکرێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات جیاوازی تێچوونەکە هەڵبگرن بەبێئەوەی بەتەواوی بگوازرێتەوە بۆ بەکاربەر.
چوارەم: پاڵپشتیکردنی چینە کەمداهاتەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکاراترین چارەسەر ئاراستەکردنی پاڵپشتی نەختینە یان کۆدی خۆراکە بۆ ئەم چینە.
پێنجەم: خێراکردنی پلانی جێگرەوەی هاوردەکردن بەپشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لەماوەی مامناوەنددا، دەتوانرێت هاندان بۆ باجو قەرزی نەرم پێشکەش بەپڕۆژەکانی پرۆسێسکردنی خۆراک، پەلەوەر، شیرەمەنی، کەرەستەی بیناسازیو هەندێک پیشەسازیی سووک بکرێت.
شەشەم: چاکسازیی لەبەڕێوەبردنی نەختینەییو دڵنیابوون لەوەی مووچەی کەرتی گشتیی لەکاتی خۆیدا خەرجدەکرێت بۆ ئەوەی دووربن لەگرژبوونی ناوخۆیی کە دۆخەکە خراپتر دەکات.
بەکورتی... لەڕووی ئابوورییەوە دەتوانرێت توندی ئەم شەڕەو فشارەكانی لەسەر بازاری هەرێم كەمبکرێتەوە لەڕێگەی بەڕێوەبردنی دروستی قەیرانەکانو هەمەچەشنکردنی هاوبەشە بازرگانییەکان. لەهەمانکاتدا دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی ئەولەویەتەکانی ئابووری پێشئەوەی شۆکی دەرەکی بگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی درێژخایەنی ناوخۆیی لەسەر هەرێم.
پسپۆڕی: دارایی گشتیی
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی