لەبەردەم سەردەمێکی نوێ لەئێران چەند پێشنیازێك

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د.عەبدولڕەحمان مەولود

ئێران لە ئەم کاتەدا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی مێژوویی و گرنگدا وەستاوە. ئەم جۆرە گۆڕانکارییە هەموو ڕۆژێک ڕوونادات و زۆرجار تەنها لە ماوەی دەیان ساڵ یان سەدەکاندا جارێک ڕوودەدات. دوای نزیکەی 47 ساڵ لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، ئێستا فرسەتێکی نوێ لەبەردەم گەلان و بە تایبەتی کوردان لە ڕۆژهەلاتی کوردستاندا هاتووە. ئەم فرسەتە دەتوانێت ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کورد بگات بە مافە ڕەوا و بنەڕەتییەکانی خۆی.
بۆیە ئەمڕۆ کاتێکی گرنگە بۆ ئەوەی کوردان بە هۆشیاری و ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە بکەن و نەهێڵن ئەم فرسەتە بەهەدەربچێت. بەم هۆیەوە چەند پێشنیارێکم هەیە کە ئومێدەکەم بەهەند وەربگیرێن.

یەکەم: یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە پێویستە کوردان لەبەرچاو بگرن، دیاریکردنی هاوپەیمانە سیاسییەکانە. لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دا هاوپەیمانێتی گرنگییەکی زۆری هەیە. بۆیە کوردان لە ڕۆژهەلات پێویستە پەیوەندییەکی باش و هاوپەیمانێتییەکی ڕوون لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بێمەرج ببەستن. ئەم دوو وڵاتە لە سیاسەتی ناوچەییدا کاریگەرییەکی گەورەیان هەیە و دەتوانن لە داهاتوودا پشتگیرییەکی سیاسی یان ستراتیژی بدەن بە مافەکانی کورد.

ئیسرائیل لە مێژووی نوێدا بۆ کوردان زیانێکی ڕاستەوخۆی نەبووە. هەروەها زۆرێک لە هێزە سیاسییەکانی کە لە داهاتوودا دەتوانن بگەنە سەرکار لە ئێران، ئاشکرا دەڵێن کە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت. لەو بارودۆخەدا، ئەگەر ئەوان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ ئەوەی کورد پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئیسرائیل نەبێت. بارودۆخی ئێران جیاوازە لە عێراق و دەبێت ئەم جیاوازیە لەبەرچاو بگیرێت.

دووەم: خاڵێکیتر کە گرنگییەکی زۆری هەیە ئەوەیە کە کوردان پەلە نەکەن. بارودۆخی ئێران زۆر ئالۆزە و گۆڕانکارییەکان لەوانەیە بە شێوەیەکی زۆر زۆر خێرا ڕوو نەدەن و  بابەتی ڕوخانی ئێران زۆر بخایەنێ. پێویستە کوردان بە هۆشیاری و بێ‌پەلە مامەڵە بکەن و هەوڵ نەدەن پێش خەڵکی تری ئێران بن. ئەگەر لە ناوچەکانی تری ئێران شەری چەکداری یان گۆڕانکارییەکی گەورە دەستی پێکرد، ئینجا کوردان دەتوانن بەپێی بارودۆخەکە هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن. هەرکاتێک دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان لاواز بوو یان ڕووخا، لەو کاتەدا ڕوخانی ڕژیمی ئێران لە کوردستاندا بابەتی چەند سەعاتێکە. 

سێیەم: یەکگرتوویی کورد بابەتێکی چارەنوسازە. لە ڕۆژهەلات حیزب و ڕێکخراوی سیاسی جیاواز هەن  ئەمە شتێکی ئاساییە و بابەتێکی تەندروستە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیك لە داهاتوودا. بەڵام لە ئەم ئێستادا پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان سەرەتا لەسەر ئامانجی سەرەکی یەک بگرن. ئەو ئامانجەش ئازادکردنی کوردستانە. دوای ئەوەی کوردستان ئازاد بوو، دەتوانرێت بە شێوەیەکی دیموکراتیک و بە ڕێگای هەڵبژاردن بڕیار بدرێت کێ و چۆن وڵاتەکە یان ناوچەکە بەڕێوە دەبات. بەڵام لە ئێستادا پێویستترین شت یەکگرتووییە و هەموو هێزەکان دەبێت بۆ ئازادکردنی کوردستان هاوکاری بکەن.

ئەمکاتە بۆ کوردان لەڕۆژهەڵات کاتێکی هەستیار و مێژووییە. ئەگەر کوردان بتوانن بە یەکگرتوویی، ستراتیژییەکی دروست و هاوپەیمانێتییەکی هۆشیار مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە بکەن، دەتوانن هەنگاوێکی گەورە بەرەو گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان بنێن.

پڕۆفسۆری جگێرو سەرۆکی بەش، زانکۆی لۆریە ـ واترلو کەنەدا 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی