لە تەواوی جیهاندا حکومەتەکان بەوە
هەڵدەسەنگێندرێن، لەکاتی قەیران و تەنگەژە ئابووریی و سیاسیی و سروشتیی و سەربازییەکاندا،
چۆن مامەڵە دەکەن و نیشتمان و هاووڵاتییان دەپارێزن. حکومەتە بەهێزەکان( لێرەدا هێزی دەوڵەت خۆی لە توانای دارایی و سەربازیی و ئیداری دەبینێتەوە)،
دەتوانن نیشتمان و هاووڵاتییان بپارێزن، گەرچی حکومەتە لاوازەکان یان فاشیلەکان،
ناتوانن نە نیشتمان و نە هاووڵاتییانیش، بپارێزن.
لەماوەی پێشوودا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گەورەترین کارەساتی بۆ
ناوچەکە هێنا، بە جارێک بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە، کەوتنە ناو جەنگێکەوە، کە خۆیان
هەڵیانەگیرساندووە. پێشئەوەی بێمە سەر هەرێمی کوردستان، ئەم جەنگە خاڵێکی زۆر گرنگی
خستەڕوو، ئەویش لاوازی دەوڵەتانی کەنداوە، لەکاتێکدا ئەمانە ماوەی چەندین ساڵە، خۆیان
وەکو دەوڵەتی بەهێز و سەرکەوتوو پیشانی جیهان دەدەن، بەڵام ئەم جەنگە دەریخست، کە
ئەم دەوڵەتانە زۆر لاوازن و لەگەڵ ئەوەی کە خاوەنی سامانێکی سروشتیی و دارایی زۆرن،
هەروەها چەندین ساڵە ملیارەها دۆلاریان لە بواری سەربازییدا خەرجکردووە، بەڵام نەیانتوانی
ڕووبەڕوی موشەک و درۆنەکانی ئێران ببنەوە.
عیراق لەوان خراپترە وەکو دەڵێن کەس بەحاڵی نەبێت، لە لایەکەوە میلیشا شیعەکان
دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەجەنگێن، لەلایەکی ترەوە حکومەت ناتوانێت دژی ئەمریکا بوەستێتەوە،
چونکە دوژمنایەتی ئەمریکا، مانای لەناوچوونی تەواوەتی حکومەتی عیراق دەگەیەنێت، ئێرانیش
بە بەردەوامی پەلاماری عیراق دەدات. لەبەرئەوە
هیچ وڵاتێکی ناوچەکە، هێندەی عیراق، کاریگەری خراپی ئەم جەنگەی بەرنەکەوت.
لە عیراق خراپتر، هەرێمی کوردستانە، ئێمە نە بەشێکین لە جەنگەکە، نە دژی ئەمریکاین و نە دژی ئێران، کەچی ئەم جەنگە ڕێکدەڵێیت
لەناو هەرێمی کوردستاندا دەکرێت، بەجارێک ژیانی خەڵکی پەکخستووە. هەر لە یەکەم ڕۆژەوە، کارەبا بڕا و خەڵکی ناچاربوون
بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی چرای نەوتی و قەنیلە، هەندێکیش ئەگەر خاوەن موەلیدەکە پیاوچاک
بووایە، بە رەحمی خۆی موەلیدەکەی بۆ دادەگیرساندن.
لەلایەکی ترەوە یەکسەر نرخی غاز بەرز بوویەوە، سەرەی درێژ بۆ غاز و بەنزین گیرا. هەروەها
نرخی دراوەکان بەرزبوویەوە، بەمەش نرخی هەموو شتومەکەکان بەرزبوویەوە. لە هەمووی سەیرتر، بەشێکی زۆری دام و دەزگاکان
لە پێش هەموویانەوە کەرتی پەروەردە داخرا، لە ماوەی پێشوودا دووجار چووم بۆ دائیرەی
کارەبا پارە بددەم، بەڵام ووتیان، سیستەم ڕاوەستاوە
و کار ناکەین، بڕۆ هەفتەی داهاتوو وەرەوە!.
لەکاتێکدا نە لە ئێران کە مەیدانی سەرەکی جەنگەکەیە، نە لە ئیسرائیل، کە مەیدانی
دووەمی جەنگەکەیە، ژیانی خەڵکی بەم شێوەیە پەکی نەکەوتووە.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، بەداخەوە حکومەتی هەرێم چەندە لە ئاست قەیرانەکاندا
لاوازە، هۆکاری ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی حکومەتێکی بەهێز، کە بتوانێت ڕووبەڕووی
کێشەکان بوەستێتەوە. وا بۆ ساڵ و نیوێک دەچێت هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا
حکومەت دروست نەبووە و هیچ هیوایەکیش نییە کە بەم زووانە دروست بێت. هەروەها هێشتا
پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەبوونەتەوە یەک. تۆ لە هەرێمکدا دەژیت، کە کورد بە دەستی
خۆی کردوویەتی بە دوو پارچەوە، ئیتر بۆچی ڕەخنە
لە هێزە کۆڵۆنیالیستەکانی جیهان بگرین و بڵێین ئەوان ئێمەیان کردووە بە چوار پارچەوە!
بەداخەوە لاوازی حکومەتی هەرێم کوردستان، کاریگەری زۆر خراپ دەکاتە سەر ژیان
و گوزەرانی خەڵكی، لەهەمووشی خراپتر، کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر دۆزی کورد،
چونکە هەموومان دەزانین، کە ناوچەکە لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە و دوژمنانی کوردیش،
هەریەکەیان پیلانێکیان لە دژمان داناوە و ئێمەش بە لاوازی ڕووبەڕوویان دەبینەوە، هەربۆیە
هەمیشە خۆمان لە بەرەی دۆڕاوەکان دەبینینەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی