بیركردنەوەكەی مام!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز گەڵاڵی

كاتی خۆی جەنابی مام دەیفەرموو پەلە لەبڕیاردان مەكەن، بڕیاری خراپ مەترسی زیاترە لەبڕیارنەدانی بەپەلە، پەندەكەی مام لەوەبوو دور لەهەڵچون‌و توڕەبون‌و دەمارگیریی هەڵوێست وەربگرن‌و بڕیاربدەن.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی سیاسیی‌و هەستیاردایە، ناوچەكە لەئاڵوگۆڕدایە، جەنگ بەردەركی پێگرتوین، لێكەوتەكانی جەنگ‌و توندوتیژییەكان هێشتا بەتەواوەتی خۆیان وەدەرنەخستوە، مەرجیش نییە تاسەر هەرێم‌و كورد لەباشور بتوانێت ئەم هەڵوێستی نە كەباب نەشیش بسوتێت پەیڕەو بكات، ئەم قۆناغە هەڵچون‌و دروستكردنی گرژیی دادی نادات پێویستی بەحیكمەت‌و كۆدەنگی هەیە، پێویستی بەئاشتكردنەوەی جەماوەرو چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكانە، خراپترین حوكمڕانی ئەوەیە كە ئەركی ئەمڕۆی دەخاتە سبەی، مەترسیدارترین كاریش ئەوەیە دەسەڵات سیاسەت لەگەڵ خەڵكەكەی خۆی بكات.

ئەمڕۆ زیاتر لە 15 مانگە هەڵبژاردن كراوە، بەڵام نە پەرلەمان كاراكراوەو نەحكومەت پێكهێنراوە، خەڵك هەقی بەسەر ئەوەوە چییە كام حزب كام پۆست‌و كام وەزارەتی دەوێت، خەڵك بەشداریی هەڵبژاردنی كردوە تا حكومەتێك دروستبێت خزمەتی بكات، خەڵك دەیەویت بەشداربێت لەدیاریكردنی چارەنوسی خۆی، جەماوەر مێگەل نییە چەند كەسێك بەویستی خۆیان ئیدارەیان بدەن.

لەم ماوەیەدا زیاتر بەرچاومان ڕونبوەوە كە چۆن لەڕێگه‌ی گروپە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبی کە بەشێكن لەهێزی بەرگریی حکومەتی فیدراڵ، چۆن ناوچەكانی هەرێم دەدەنە بەر درۆن‌و موشەك، واتە بەمیزانییەی ئەو حكومەتەی كە كورد بەشداریی تیاكردوە، هەولێرو سلێمانی‌و تەواوی کوردستانیان کردوه‌تە شوێنی تەجروبەو گاڵتەجاڕی درۆن‌و موشەكەکانیان، چی لەوە ڕۆشنترەو ڕاشكاوانە ترە، كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدایە، چ پەیامێك هەیە هێندەی ئەو موشەك‌و درۆن بارینە ڕاستەوخۆ پێت بڵێت ئەگەری هەیە سبەینێ هێزی زەمینیش لەدژت بجوڵێنرێت، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی هەرێم لەگەڵ دۆستەكانی ئەو بابەتە بەوردیی‌و بەجدیی گفتوگۆ بکات‌و ئەو مەترسیانەی کە هەن لەسەر هەرێم بخرێنەڕوو، دڵنیام هەرێمیش کارتی خۆی هەیە گەر بیەوێ یاری بەکارتەکانی بکات، دیارە كارتی هەرە بەهێزیش ئەوەیە كە گرەو لەسەر میللەتەكەی خۆت بكەیت، پشت بەهێزەكەی خۆت‌و تواناكانی بەردەستت ببەستیت، كە بەداخەوە ئێستا ئەم تواناو وزەیە دابەش‌و پەرتكراوە، گەڕانەوەش بۆلای میللەت وای لێهاتوە حزبە كوردییەكانی خۆمان لایان ئاسانترە لەگەڵ خێڵەكانی ناو دارستانەكانی ئەفریقیا ڕێكبكەون نەك كوردە حەیاتەكەی خۆمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە