پلانی یەکەم و دوەم شکستی خوارد و سێهەم بەرەو کارەسات دەڕوات

1 کاتژمێر پێش ئێستا

عوسمان گوڵپی



هێرشکردنەسەر ئێران و گورزی سەربازی کوشندە پلانی یەکەم بوو، کە تێیدا ڕابەری ئێران و زۆرترین سەرکردەکانی سەفی یەکەمی سەرکردایەتی کوژران، کوشتنی ڕابەر بە ئامانجی تەسلیم بونی ئێران و خۆ بەدەستەوە دانی بوو، بەڵام ئەم پلانە شکستی خوارد چونکە ئێران توانی خۆی بگرێت و دەستبکات بە وەڵامدانەوەی توند و فراوانکردنی جەنگەکە، ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەردەم سەرکردایەتیەکی نوێی ئێرانیدا درێژە بەجەنگ دەدەن.

پلانی دووم کاریگەری دروستکردن بوو لەسەر شڵەژانی نێوخۆیی و هەڵگەرانە و خرۆشانی جەماوەری، لە سایەی لە ناوبردنی زۆرترین پێگەی سەربازی و ئەمنی و سەکۆی موشەکیدا، بەڵام ئەم پلانەش تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوە، کە چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچوون دوای گورزی کوشندەی پلانی یەکەم هەموو ئەوانەی خواستی گۆڕینی ڕژێمیان هەیە ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و هاوشانی گورزە سەربازیەکان لە نێوخۆدا ڕووبەروو بونەوە روودەدات، تا ئەم کاتە کە دوو هەفتە بەسەر جەنگدا تێپەڕیوە، هیچ جوڵەیەکی نێو خۆیی نەهاتۆتە ئاراوە و لە نێوخۆدا مەترسی لەسەر رژێمی ئێران دروست نەبوە

ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەردەم جێ بەجێکردنی پلانی سێهەمدان، ئاسان نیە پێشبینی کردن بۆ ئەوەی چیتر ڕوودەدات بەڵام ئەوەی ماوەتەوە بۆ قۆناغی سێهەم کارەساتی جەنگەکەیە، وێرانکاری و کارەساتی مرۆیی چاوەڕوان کراوە، چونکە هەر جۆرە دەستهەڵگرتن و رێگاچارەیەکیتر جگە گۆڕینی ڕژێمی ئێران شکستە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەرچی ئێران هێندە لاوازیش ببێت کە بە دەیان ساڵ نەیەتەوە ئاستی ئێستای، ئەوەی کە ئامانج بوو رووخاندنی رژێمەکە بوو نەهاتۆتە دی، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە ئەگەری درێژە کێشانی جەنگەکەدا کاولکاری و کارەسات ڕوو بدات، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل خواستیانە لە کەمترین ماوەدا ئامانجەکانیان بهێننەدی و ئێرانیش مەیلی بەلای درێژەدانە بەکات تا کاریگەریەکانی وەستانی گەروی هورمز زیاتر دەردەکەون و قەیرانەکان قوڵتر دەبنەوە لە ناوچەکەدا، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێك دەدات بەرەی شەڕ فرانترببێت.

ئەوەی ماوەتەوە بڵیین ئەوەیە مەترسی ئەم جەنگە تەنها لەسەر تاران نیە بەڵکو ناوچەکە بەتەواوی لەبەردەم مەترسیدایە و هەرێمی کوردستانیش زۆرترین چاوی لەسەرە.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی