قوماندار لەداخی کورد نەخۆشە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال



 ئۆباڵ بە ئەستۆی ئەو کەسەی ئەو بەسەرهاتەی بۆ گێڕامەوە. ماوەیەک لەمەوبەر لە وڵاتی سوارەی حەمیدی و جلخوارەکان، لە وڵاتی قەتلوعامی ئەرمەنەکان و لە مەملەکەتی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم، لەو وڵاتەی بە کوردستان دەڵێن: شەرقی ئەنادۆڵ و بە کورد دەڵێن تورکی شاخاوی، بەڵێ ئا لەم وڵاتەدا قوماندارێکی سیاسی تووشی بەرزبوونەوەی شەکرە و گوشاری خوێن دەبێت. ئیدی ئەو دوو نەخۆشییە توانا و بڕستی لێ دەبڕن، بۆیەش بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەردوو نەخۆشیەکەی، قوماندار سەردانی چەندین پزیشکی مەملەکەتی بابی عالی دەکات و سەر دەکات بەسەر چەندین نەخۆشخانەدا،  پەیڕەوی چەندین ڕەچەتە و ڕێنوێنی جۆراوجۆری پزیشکی دەکات. چەندین حەب و دەرمانی دژ بە هەردوو نەخۆشیەکە بەکار دەهێنێت، تەنانەت لە دەرەنجامی نائومێدبوونی لە پزیشکەکان، پەنا بۆ بەکارهێنانی گژوگیای سروشتی و شێوازی چارەسەری میللیش دەبات. پارێزێکی ورد و بە بەرنامە لەهەر جۆرە خواردمەنیەک دەکات، کە پەیوەندی بەشەکرە و گوشاری خوێنەوە هەبێت. دەچێتە سەر چەندین مەرقەد و پەرستگا ئاینییەکان، تەنانەت نوشتەی چەندین شێخ و مەشایێخ بە قۆڵی خۆیەوە دەکات، بەڵام تادێت هەم شەکرە هەم فشاری خوێنی زیاتر بەرز دەبنەوە و زیاتر مەلوول و پەرێشان دەبێت. دوای ئەوەی سەردانی پزیشکێکی تر دەکات، کە هەم پسپۆڕی بواری هەردوو نەخۆشییەکەیە و هەم پسپۆڕ و شارەزای بواری دەروونیش بووە، دوای ئەوەی کۆمەڵێک پشکنینی وردی بۆ دەکات و دواتریش لەسەر بنەمای دەروونناسی کۆمەڵێک پرسیاری لێ دەکات، ئەو قەناعەتەی لا دروست دەبێت، کە نەخۆشییەکەی قوماندار هیچ پەیوەندی بە جۆری خواردن و خواردنەوەوە نییە و بگرە بۆی بەدیار دەکەوێت، کە ئەم دەردە شتێکی دیکەیە، بۆیە پێی دەڵێت: بڕۆوە ماڵێ و چاودێریەکی وردی خۆت بکە بزانە بەچی وات لێدێت؟ لەسەر بنەمای ڕێنوێنی پزیشک قوماندار دەگەڕێتەوە و هەست لەخۆی ڕادەگرێت، پاش یەکدوڕۆژ بۆی بەدیار دەکەوێت، هەر کاتێک لە میدیا جیهانییەکان گوێبیستی ناوی کورد و سەربەخۆیی کوردستان دەبێت، تووشی بەرزبوونەوەی شەکرە و گوشاری خوێن دەبێت. قوماندار دەگەڕێتەوە لای پزیشکەکەی خۆی و ڕاستی و دروستی حاڵەتەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، بۆیە پزیشکەکە ڕوو دەکاتە قوماندار و پێی دەڵێت: چارەسەری تۆ نە دەرزیە و نەدەرمانە، بەڵکوو با من پێت بڵێم: هەرکاتێک گوێبیستی وشەی کورد و کوردستان بووی، سێ جار لەسەر یەک بڵێ کورد نەتەوە نییە،وتورکە شاخاویە، دواتر سێ جار لەسەر یەک بڵێ نابی کوردستان سەربەخۆبێت، دوای ئەوە قوماندار بە وردی ڕێنوێنی و ئامۆژگاری پزیشکەکەی کرد، ئیدی هەر جارێک گوشاری خوێن و شەکرەی بەرز دەبووە و ئەو قسانەی دووبارە دەکردەوە، یەکسەر شەکرە و گوشاری خوێنەکەی دادەبەزی. ئیدی دەرکەوت  نەخۆشی ئەو پیاوە سیاسیە بەس پەیوەندی بەناوی کورد و کوردستانەوە هەیە. دەشڵێن ئیستاکە کە هەردوو نەخۆشی شەکرە و گوشاری خوێن لەم وڵاتە بەربڵاوە هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە نەک هۆکاری تر. بەڵئ لەوڵاتی قوماندار سیاسەت هەموو شتێکی ناشیرین کردووە

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە