هەواڵی سەر تەنور

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبوار چەلەبی


جاران لە گوندەکاندا تەنور هەبوو، ژنانی ئاوایی هەم نان و کولێرە یان دەکرد، هەم هەواڵ و دەنگ و باسی ئەو ڕۆژەیان دەبیست. ئەم نەریتە لە هەندێک گەڕەکە میلیەکانی شاریش هەبوو، هەتا کۆتایی ساڵی هەشتاکان لە هەندێک گەڕەکی کەناری شاری سلێمانی هەر مابوو، ژنان کۆدەبوونەوەو هەواڵی سەرتەنور گەرم بوو هەریەک لە ئاوازێک دەیخوێند و هەبوو ترش و خوێی باشی دەکرد بە هەواڵە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانەوەو دەست و مەچەکیشی بۆ ڕادەوەشاند.
ئێستا ڕاگەیاندی کوردی لە سەدەی بیست و یەکدا، داهێنانی کردووەو هەواڵی سەرتەنوری گواستۆتەوە بۆ دەزگا فەرمیەکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات.
هەواڵ خوێندنەوە شێوازی خۆی هەیە، بەڵام کەناڵێکی دەسەڵات دێت ئەم شێوازە سەیروسەمەرەیە بەکاردێنێت، بۆ سەرنج راکێشانی جەمارەوەو دواتر کردنە کاندیدی پەرلەمان و کردن بە دەمڕاستی خەڵک.
ئەم سیناریۆیەمان بینی ئەنجامەکەی چی لێ دەرچوو،گەورەکردنی ڕۆژنامەنووسێک کە لە ئاستێکی ڕۆشنبیریی گونجاودا نیە، پێشتر دەستەمۆی کەس و دەستەی دیاری کراوی حیزبن، ئەو ڕەفتارە لە گەڵ خۆیدا دەباتە دامودەزگاکانی حوکومەتەوەو زیان بە کاروباری گشتی هاوڵاتیان دەگەێنێت.
لەمە سەیرتر داهێنانی هەواڵی وەرزشیە، بە حساب کابرا کۆمیدیە هەر چی نەشیاو نەگونجاوە دەیڵێن و دەیکەن و کردویانەتە گاڵتەجاڕی و فشقیات.
سەیر لەوەدایە ئەم ئاوە کەدەڕژن، کەسانی دڵسۆزیش پێی تێ دەنێن و لاساییان دەکەنەوە، خەریکە هەواڵی وەرزشی بەیەکجاری لە گیانی وەرزشی دووردەکەوێتەوە و  دەکرێتە گاڵتەجاڕی.
ئەوەی لەم جۆرە ڕاگەیاندنانەدا بێ لێ پرسینەوە پەیڕەو دەکرێت، سەرباری ئەوەی لادانە لە ئیتیکی ڕۆژنامەگەری، میزاجی گشتی دەشێوێنێت و دواجار بەزیانی کۆمەڵگە کۆتایی پێدێت.
هەزار ڕەحمەت لە گۆرانی شاعیر، کاتی خۆی بۆ ئەوەی میزاجی کوردەواری تێک نەچێت، داوای لە دەروێش عەبدوڵا دەکرد ئاوازێکی ڕەسەنی بۆ بچڕێ، بەڵام ئێمە لە سەردەمی سیستمی پوچگەرایدا دا هانا بۆ کێ بەرین?
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقا خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی، پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی