ئەگەر هێشتا پێمان وابێت ئەو میراتە سیاسی و یاساییەی پاش جەنگی جیهانی دووەم بۆ پاراستنی جیهان دانرابوون و ئەو دامەزراوە و ناوەندە نێودەوڵەتییانەی بۆ پاراستنی سەروەری سنوور و شکۆی وڵاتان دامەزرابوون هێشتا کارا و کاریگەرو بەرکارن ئەوا جەوهەری ڕاستییەکانمان ون کردووە چونکە دیمەن و رووداوە پراکتیکیەکان و واقیعی سیاسی جیهان پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن و ئاماژە بەوە دەکەن ئیعتیباری ئەم دامەزراوانە بەرەو کۆتایی ڕۆیشتووە و تەنها وەک ناوێکی بێ ناوەڕۆک لە گۆڕەپانی ململانێکاندا ماونەتەوە، با ڕاشکاو بین سەردەمی ئێستا چیتر سەردەمی نەزمی باڵادەستی یاساو پابەندییە نێودەوڵەتییەکان نییە بەڵکو قۆناغی باڵادەستی هێز و سڕینەوەی ئەو سنوورانەیە، کە پێشتر وەک هێڵی سوور دەبینران، لەسەروبەندی ئێستادا جیهان گلاوەتە نێو دوو بەرداشی مەترسیدارەوە گەڕانەوەی ترەمپیزم وەک مۆدێلێکی پۆپۆلیستی خاوەن بڕیاری تاکڕەوانە و هەڵکشانی بێباکی ڕووسیا، کە چیتر هیچ بایەخێک بۆ هاوسەنگییە کۆنەکان دانانێت ئەم مۆدێلە نوێیەی هەژموونگەریش ستراتیژییەتێکی سەپاندووە سڵ لە تێپەڕاندنی ئەو پرۆتۆکۆڵە جیهانییانە ناکاتەوە، کە پێشتر وەک ژێرخانی بڕیار و بنەمای هاوسەنگی هێز لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە دانرابوون.
پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی ڕێسا جێگیرەکان بە تێپەڕبوونی کات لە هەندێک حاڵەتی کاتییەوە گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی جیهانی و لە سەردەمی ئێستادا گەیشتووەتە ترۆپکی بێسەروبەری بە جۆرێک سیاسەتی نێودەوڵەتی دووچاری داڕمانێکی گەورە بووەتەوە و کایەکەی لەدەست داوە، دۆناڵد ترەمپ وەک سیمبولێکی پۆپۆلیزمی توندڕەو و پراگماتیزمێکی یاخیبوو بووەتە سەرمەشقی جێگیرکردنی ئەم مۆدێلە نوێیەی هەڵسوکەوتی سیاسی، کە ئامانج لێی بێبایەخکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە ئەو لە چەندین وێستگەی جیاوازدا بە ئاشکرا جەختی لەو ڕاستییە کردووەتەوە، کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نابێت بەڵکو تەنها لەژێر ڕۆشنایی ئەو دیدگا تایبەتییانەدا مامەڵە دەکات، کە خۆی بە گونجاویان دەزانێت لە ئەرزی واقعیشدا بە کردەیی ئەم تێڕوانینانەی تەرجەمە کردووە و کارکردنی بە ڕێسا و نۆرمە نێودەوڵەتییە جێگیرەکان هەڵپەساردووە وەک لەم نموونە زیندووانەی خوارەوەدا دەردەکەوێت:
یەکەم: کشانەوەی یەکلایەنە لە پەیمانی پاریس و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی دیکە وەک نیشانەی تێپەڕاندنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و داڕمانی متمانەی جیهانی بە سەقامگیری پەیماننامەکان.
دووەم: پێشنیازی کڕینەوەی دوورگەی گرینلاند وەک کاڵایەکی بازرگانی و بەزاندنی ئاشکرای عورفە دیپلۆماسییەکان و بنەماکانی سەروەری و تێکشکاندنی شکۆی نەتەوەیی وڵاتان.
سێەم: دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا هاوشێوەی دەستگیرکردنەکەی مانوێل نۆریێگای سەرۆکی پەنەما لە ساڵی ١٩٨٩ وەک شکاندنی عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکۆی وڵاتان و تێپەڕاندنی پارێزبەندییە دیپلۆماسییەکان.
چوارەم: بڕیاردان لە جەنگ وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەو ململانێ سەربازییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەبینرێت.
لە بەرەی بەرامبەردا ڕووسیا بە سوود وەرگرتن لەم پاشەکشە ئاکاری و یاساییەی سیستەمی نێودەوڵەتی بێباکانە جەنگی گواستووەتەوە بۆ ناو جەرگەی ئەورووپا و سەروەری یاسایی سنوورەکانی ئۆکرانیای تێپەڕاندوە ئەم هەنگاوەی کرێملین ئەوەی چەسپاندوە، کە مۆدێلی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبەردەم لۆژیکی هێزدا ئیفلیج بووەو بە چوکدا هاتووە و جیهان بەرەو قۆناغێک هەنگاو دەنێت، کە تەنها هێز دەبێتە سەپێنەری ئەمری واقیع و تێپەڕاندنی پارێزبەندییە دیپلۆماسییەکان، نموونە بەرجەستەکانیش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن چیتر یاسا چەتری پاراستن و پارێزبەندی نییە.
ئەم پێشهاتانە واقعێکی نوێیان بەرجەستەکردووە و گوزارشتن لە هەژموونی لۆژیکێکی جیاواز، کە تێیدا سەپاندنی ئیرادەی جەمسەرە زلهێزەکان وەک مەرجەعی یەکلاکەرەوەی کێشەکان بووەنەتە بنەمای کارکردن و نەخشەڕێگەی قۆناغێکی نوێ ئەمەش دەلالەتە لە تێپەڕاندنی بنەماکانی ڕابردوو وەک ئەوەی مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێدا، کە سەردەمی ئێستا تەواو جیاوازە و دەبێت بەپێی ئەم هاوکێشە نوێیانە مامەڵە بکرێت و ستراتیژییەتی نوێی بۆ دابڕێژرێت چونکە چیتر پێوەرە کۆنەکان توانای لێکدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانەیان نەماوە.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەم مۆدێلە سیاسییە نوێیەی لە یاخیبوونی ترەمپ و بێباکییەکانی ڕووسیادا بەرجەستە دەبێت، تەنیا لادانێکی کاتی نییە، بەڵکو دەستکاریکردنی سەر لەبەری نەخشەی جیهانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و باڵادەستی هێز ئەگەر بەردوام بێت بیگومان پەل و پۆ دەهاوێت بۆ هەموو ئەو هێزە هەرێمییانەی، کە دەیانەوێت لە دەرەوەی چەتری یاسا نەخشەی جوگرافی و سیاسی ناوچەکانیان دابڕێژنەوە.
ئەم پڕۆسەیە، کە لەناو داڕمانی ئەقڵانییەتی سیاسی و سستبوونی هەیبەتی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا ڕوو دەدات جیهانی خستووەتە بەردەم پێویستییەکی حەتمی بۆ مانیفێستۆیەکی نوێ تا ناوەندە جیهانییەکان لە پاشکۆی هێزەوە بگۆڕدرێن بۆ مەرجەعییەتی هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکان و پێش گرتن لە پێشێلکاریتر بۆیە ئێستا، کە سیستەمی جیهانی لە قۆناغی پاش یاسادایە تەنها دوو گریمانە لە ئارادان، تێپەڕاندنی ئەم فۆرمە کارتۆنییە و بونیادنانی ژێرخانێکی سیاسی واقیعی، کە هاوسەنگی و ئاشتی و هێز پێکەوە کۆبکاتەوە یان مانەوە لەنێو ئەم پاشاگەردانییەی، کە لۆژیکی هێز و مەنتیقی خۆسەپاندن پێشڕەوایەتی دەکات.
راشکاوانەتر بەبێ چەسپاندنی ستراتیژیەتی گریمانەی یەکەم و سەرپێخستنەوەی نەزم و دادپەروەری نێودەوڵەتی مرۆڤایەتی، کە ئێستا لە چەقی ئەم قوربانیبوونەدایە زیاتر بەرەو قووڵایی ئەم بێسەروبەرییە تێدەخزێت و چیدی مانایەک بۆ شکۆی یاسا و ماف و ئازادییەکان و سەروەری وڵاتان نامێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی