قسەکانی ترەمپ، تا بە تەواوی پشڕاست دەکرێنەوە لەلایەن ئێران،
وەک پێشووتر باسم کرد:
یەکەم، ڕوو لە بازاڕە، واتە مەبەست لێیان کۆنتڕۆڵکردنی یان
کەمکردنەوەی نرخی نەوتە لە بازاڕەکاندا.
دووەم، ڕووی لە ئەمریکییە دەنگدەرەکانییەتی، ترەمپ دەیەوێت
پێیان بڵێت کە شەڕەکە زۆری نەماوە و بەمزوانە تەواو دەبێت چونکە دەنگدەری ئەمریکی نەک
هەر دیموکراتەکان بەڵکو ئەمجارە کۆمارییەکانیش، بەتایبەتی برادەرانی ماگا، زۆر دژە
شەڕن.
سێیەم، ئەم خاڵە نوێیە، ترەمپ دەیەوێت زەمینەی دانوستان دروست
بکات چونکە خۆشی پێدەچێت ماندوو بێت و نایەوێت ئێران لەوە لاوازتر بێت و گورگەخۆرە
بکرێت لەلایەن جیرانەکانییەوە (تورکیا و ڕووسیا) کە هیچ لە قازانجی ئەمریکا نییە.
چوارەم، ناکرێت هیچ قسەیەکی ترەمپ لە چەواشەکردن و بەهەڵەدابردنی
نەیارەکانی بەدوور بگیرێت، واتە ئەم قسانەشی لەوانەیە بۆ شل و خاو کردنەوەی ئێرانییەکان
و غافڵکردنیان بێت.
هەر چۆنێک بێت، ترەمپ هەر خسڵەتی وایە. کەسێکە کە بڕیاری
خێرا و هەندێکجار بێ لێ وردبوونەوە دەدات، وەک لەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە دای کە نەیهێشت
ئیسرائیل شەڕەکە و کارەکە تەواو بکات.
هەندێک شتی دیکەش هەن کە دەبێت بیزانین:
یەکەم، ترەمپ نەک زۆر بەگوێی دامەزراوەکانی ئەمریکا ناکات
بەڵکوو بەردەوام هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان دەدات ، وەک ئەوەی ئێستا لەبری وەزارەتی دەرەوە
بۆ پرسەکان نوێنەری خۆی دادەنێت کە ئێمە لە تۆم باراک و لە ویتکۆف و کۆشنەر دا دەیبینن.
ئەمە نەگەڕانەوەیە بۆ دامەزراوە. ترەمپ هەر کەسێکی دژە دامەزراوەیە.
دووەم، پرسی تێچووی شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر زل و قەبە کراوە.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ڕووداو گوتم، کە ئەم پرسە میدیای دژە ترەمپ گەورەی کردووە،
ئەگەرنا نە ئەمریکا نە ئیسرائیل بەگشتی چەککڕ نین بەڵکوو چەکفرۆشن. ئەو چەک و تەقەمەنیانەی
کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاریان دێنن بەگشتی ئەمریکی و ئیسرائیلین، واتە پارەکە لەم
گیرفانەوە دەچێتە ئەو گیرفانە، لە حکومەتی ئەمریکی و ئیسرائیلی بۆ کۆمپانییە ئەمریکی
و ئیسرائیلییەکان. هاوکات، ئەمریکا توانای پرینتکردنی پارەی خۆی هەیە بەبێ موقابیل،
بۆیە تێچووی شەڕەکە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو گرنگییەی نییە.
سێیەم، بێجگە لەمە، ئەم شەڕە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک
شۆ کەیز، واتە نمایش وایە، کە چەکەکانی خۆیان تێدا نمایش دەکەن و شەش مانگ دوای شەڕەکە
پارەکەی پڕدەکەنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی