چاوی مەرگ و کورد، ئەو مەرگە چاوی چ ڕەنگ بو سەردانی سپیلکی کرد ؟

4 کاتژمێر پێش ئێستا

فارس نەورۆڵی


لە سەرچاوەیەک کە لە یادم نەماوە، هاتبوو لە دوای شەڕی جیهانی دووەم و کەوتنی نازیەکان، ڕۆژێک مامۆستایەک پرسیار لە قوتابیەکانی دەکات  دەڵێت: «مەرگ چییە؟» یەکێک لە قوتابیەکان دەڵێت: «مامۆستا، نازانم مەرگ چییە، بەڵام دەزانم چاوی شینە و ئەڵمانییە!»
ئەم قوتابییە دیارە جوو بووە، ئەوە ئاماژە بوو بۆ نازیەکانی ئەڵمانیا کە جووەکانیان  جینۆساید کردوە لە ئەنجامدا هۆڵۆکۆستی بەرهەمهێنا.
قوتابییەکە بەو وەڵامە، ئازار و کارەساتی خۆی و ڕەگەزەکەی گەیاندە مامۆستاکەی و قوتابیەکان. لەوێشەوە بوو بە دەستەواژەیەکی جیهانی؛ هەر کە بڵێی «مەرگ چاوی شینە و ئەڵمانییە»، ڕاستەوخۆ تێدەگەیت مەبەست نازیەکانی ئەڵمانیایە، کە لە ئۆردووگاکاندا چاوشینەکان مەرگیان دابەشدەکرد بەسەر خەڵکی ناو ئۆردووگا زۆرە ملێکاندا، ئەو مەرگەی حەجاجی عەرەب لەئەبوغرێب و ئۆردووگاکانی دیکەدا بەسەر زیندانی و دەستبەسەراگیراوانی کوردی دابەشدەکرد.

ئازاد حەمە لەسەر «مەرگ چاوی شینە و ئەڵمانییە» لە وتارێکیدا دەڵێت، پۆل سێلان، شاعیری فەرەنسی، کە دەڵێت: «مەرگ چاوی شینە، خەڵکی ئەڵمانیا یە.» ئەم چاوشینە وەستایی کوشتنە. ئازاد حەمە کە  دەڵێت پۆل سێلان  ووتی: «مەرگ وەستایە کە خەڵکی ئەڵمانیا یە»،  دیارە وەرگیراوە لەهەمان دەستەواژەی  «مەرگ چاوی شینە، خەڵکی ئەڵمانیا یە».
سێلان بۆ خۆی بەڕەچەڵەک ڕۆمانیەکی جوولەکەی ئەڵمانی‌زمان بووە . ئازاد حەمە باس لە ژیان و بەسەرهاتی خێزانی سێلان دەکات، کە یەکێک بوون لە خێزانە قوربانییەکانی دەستی نازییەکان. دەخرێنە ئۆردووگای زۆرەملێی نازیەکان؛ باوکی لە ژێر ئەشکەنجەدا دەمرێت و دایکی بە دەسڕێژی گوللە لەلایەن نازییەکانەوە دەکوژرێت.
دواتر، کە نازیەکان دەڕوخێن و لەشکری سووری سۆڤیەت دەست بەسەر ئۆردووگا زۆرەملێکاندا دەگرن، ئیتر پۆل سێلان ئازاد دەبێت و بەرەو پاریس دەڕوات. بەڵام بەردەوام کابوسی ئۆردووگا زۆرەملێ و ئازارەکانی هەر بەسەر دەروونییەوە ماون، تا لە ٢١ی نیسانی ١٩٧٠ لەسەر پردی میرابۆ خۆی هەڵدەداتە ناو دەریای سێن لە پاریس و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.
مەبەستم ئەوەیە ئەم وتارەی ئازاد حەمە لەسەر سێلسن و جوەکان دەکرێ  لە جێگایەکی دیکەو لە مێژووی گەلی دیکەدا   بینرخێنی و وەزیفە و ئامانجێکی دیکەی پێبسپێرم. ئەویش: «چاوی مەرگ چۆنە؟»
ئایا «مەرگ چاوی شینە و ئەڵمانییە» یان «مەرگ وەستایەکی چاوشینی ئەڵمانییە»؟ هەردوو دەستەواژەکە یەک ئامانجیان هەیە: وەڵامی پرسیاری «مەرگ چییە؟»دەداتەوە.
لای جووەکان، لە ئەدەبیاتیاندا دوای هۆڵۆکۆست، لە پێناسەی مەرگدا ئەوە وەڵامەکەیان بووە: «مەرگ چاوی شینە و ئەڵمانییە». لێرەوە پێناسەی مەرگ و دوژمنی خۆیان کردووە.
ئەی ئەگەر مامۆستایەک لە قوتابخانەیەکی کوردستان، لە هەڵەبجە، لە سنە، لە کۆبانێ، لە دیاربەکر، لە بارزان، لە کەرکوک یان گەرمیان، پرسیار لە قوتابیەکی کورد بکات و بڵێت: «مەرگ چییە؟»
قوتابییە کوردەکە ناتوانێت تەنها ڕەنگی چاوێک بکاتە نیشانەی مەرگ، چونکە کارخانەکانی دروستکردنی مەرگی کوردی وەستاکانیان یەک ڕەنگی چاویان نەبووەو نییە و یەکزمانی هاوبەشیان نیە بەڵام یەک ئاینی هاوبەشیان هەیە کە کوردیش زۆرینەی هەڵگری هەمان ئاینی ئەوانە . بۆیە دەکرێت  پێناسەی مەرگ و ڕەنگی چاوی  مەرگ لای قوتابیەکی کورد لە سنە ڕەنگێک هەبێت، لە هەڵەبجە ڕەنگێکی دیکە، لە کۆبانێ ڕەنگێکی تر، و لە دیاربەکر ڕەنگێکی دیکە.
ئاخۆ ئەو مەرگەی سەردانی پێشمەرگەکانی سپیلکی کرد، چاوی چی ڕەنگێک بوو ؟  دەتوانیت لەناو دێڕەکانی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس دا ڕەنگی ئەو چاوی ئەو مەرگە بدۆزینەوە کەسەردانی پێشمەرگەکانی سپیلکی کرد  !

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی