کاتێک حیزب دەبێتە نیشتمان

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئازاد وەرتی




شیکردنەوەیەکی دەروونی-کۆمەڵایەتی بۆ پاوانکردتی ئەقڵ



کاتێک ڕەفتاری دەروونی دەخەینە ژێر وردبینەوە، دەبینین باری دەروونیی ئەندامانی حزبەکانی کوردستان تووشی دابڕانێکی کوشندە بووە؛ بە جۆرێک دەستبەرداری بنەماکانی خۆیان بوون و ژێبەندی (ئینتیما)ـی نیشتمانی و نەتەوەییان لەدەست داوە. ئێستا هەمووان تەنیا بە عەقڵی حیزب بیر دەکەنەوە؛ نیشتمان بەبێ ڕێڕەوی حیزب بوونی نییە، نەتەوە و خاک و پیرۆزییەکانی تریش بەبێ فلتەری حیزب نابینرێن. هەمووان خۆیان بەدەستەوە داوە و نیشتمانیان بە تەنیا جێهێشتووە؛ وازیان لە عەقڵی خۆیان هێناوە تا کەسانی تر لە جیاتی ئەوان بیر بکەنەوە.

بێگومان ئەم ڕەهەندە مەترسیدارترین لایەنی قەیرانەکەیە؛ چونکە جۆرێکە لە پاوانکردنی دەروونی و توانەوەی شوناسی نیشتمانی لە ناو بۆتەی ئایدۆلۆژیا و ئاراستە حیزبییە بەرتەسکەکاندا. ئەمە دۆخێکە لە پۆلێنکردنی عەقڵی، کە تێیدا چیتر حیزب ئامرازێک نییە بۆ خزمەتی نیشتمان، بەڵکو حیزب خۆی دەبێتە نیشتمان و دەبێتە تەنیا پێوەری ڕاستی. ئەم دەستنیشانکردنە دەروونییەش سیاسەت تێپەڕ دەکات و دەچێتە ناو قوڵایی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی هەرێمەوە.

فلتەری حیزب پڕۆسەیەکی دەروونیی زۆر وردە کە دەتوانین ناوی بنێین "لایەنگیریی پشتڕاستکەرەوەی بەکۆمەڵ". ئەندامی حیزب (هەر حیزبێکی هەرێم) بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت؛ سەرەتا بە "سڕینەوەی تاکگەرایی" دەست پێ دەکات، کە تێیدا ئەندام وەک هاووڵاتییەکی کوردستان واز لە بیرکردنەوە دەهێنێت و دەبێتە بەشێک لە ڕانەگەلێکی (قطیع) ڕێکخراوەیی. لە هەمان کاتدا پڕۆسەی ئەهریمەنکردنی ئەویتر دەست پێ دەکات، بە جۆرێک ئەو هاونیشتمانییەی لە حیزبەکەی ترە وەک دوژمنێکی بوونگەر یان خیانەتکار دەبینێت، نەک وەک ڕکابەرێکی سیاسی. حیزبیش ئەندامەکەی خۆی ناچار دەکات تەنیا بە ناو ڕێڕەوی ناچارگیری حیزبیدا بڕوات؛ لە هەمووانیش دەگەیەنن کە بژێوی، ئاسایش و پێگەی کۆمەڵایەتی تەنیا بە فلتەری حیزبدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش دڵسۆزی و ژێبەندی لە باوەڕێکی هزرییەوە دەگۆڕێت بۆ پێویستییەکی بایۆلۆژی لەپێناو مانەوە.

دەردێکی دیکەی کوشندەتر، بیرکردنەوە بریکارگیرییە (بە وەکالەت) و لەدەستدانی عەقڵی ڕەخنەگرانەیە، چونکە کەسانی تر لە جیاتی ئەوان بیر دەکەنەوە. ئەمە لووتکەی بەدیلگرتنی هزرییە. ئەندامان بڕوایان بە ناوەندیەتی (سێنتڕالیزم)ـی ڕەها هەیە؛ بڕیار لە مەکتەبی سیاسی یان لە "سەروو" دەردەچێت و ئەوەی لەسەر بنکە و کادیرانە تەنیا جێبەجێکردن و چەپڵەلێدان و شوێنکەوتنە. ئەمەش ڕەخنە لەخۆگرتن دەکوژێت؛ هەر هەوڵێک بۆ لێپرسینەوە لە هەڵەکانی حیزب وەک یاخیبوون یان خزمەتکردن بە دوژمن ئەژمار دەکرێت. هەر ئەم چەقبەستنە هزرییەشە کە ڕێگرە لە پێکهێنانی حکومەت، چونکە کادیرە مامناوەندەکان دەترسن پێشنیازی هەر سازشێکی نیشتمانی بکەن لە ترسی سزای حیزب.

ئەو کەللـەڕەقییەی ئەمڕۆ دەیبینین، تەنیا توێکڵێکی ڕەقە کە لە پشتییەوە ترسێکی گەورە لە نادیاردا حەشار دراوە. حیزبەکان ئەوەندەی لە یەکتر سڵ دەکەنەوە و دەترسن ئەوەندە لە خەمی نیشتمان دا نین. بەڵێ، ئەندامان گیرۆدەن بەدەست داگیرکردنی دەروونییەوە کە ئەندامی حیزبی لە هاووڵاتییەکی خاوەن ئیرادەوە گۆڕیوە بۆ تاکێکی بچووکراوە لە ناو ئامێرێکی گەورەدا. بێگومان ئێمە لێرەدا باس لە ساتێکی ترسناک لە مێژووی کۆمەڵگاکەمان دەکەین؛ کە حیزب چیتر ئامرازێکی سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە سیستەمی کارپێکردنی عەقڵ. حیزب نموونەیەکی سیاسی دەسەپێنێت بۆ دروستکردنی شوناسی جێگرەوە، چونکە مرۆڤ هەر خۆی سروشتی وایە لە بۆشایی دەترسێت. کاتێک دامەزراوەکانی دەوڵەت لاواز دەبن و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نامێنێت، حیزب خۆی وەک مناڵدانێکی ئەلتەرناتیڤ نیشان دەدات. لێرەوەیە ئەندام دەکەوێتە ناو تەڵە، پێیوایە بوونی مادی و مەعنەوی بەستراوەتەوە بە مانەوەی حیزبەوە؛ لەبری خۆیدا دەڵێت "من حیزبیم، کەواتە من هەم". لە ئەنجامدا "من"ـی تاکەکەسی لەناو "ئێمە"ـی حیزبیدا دەتوێتەوە و، ڕەخنەگرتن لە حیزب لای ئەندامەکە دەبێتە خۆکوژییەکی سیمبولی یاخود هێرشکردنە سەر خودی خۆی.

ئەو تونێل و فلتەرە مەعریفییەی کە لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتیدا بە "لایەنگیریی پشتڕاستکەرەوەی توندڕەو" دەناسرێت، وا دەکات عەقڵی پاوانکراو ڕاستییەکان نەبینێت، بەڵکو تەنیا ئەوە ببینێت کە حیزب دەیەوێت. ئەگەر حیزب هەڵەیەکی کارەساتباریش بکات، عەقڵی پاوانکراو دەستبەجێ پاساوێکی مۆڕاڵی یاخود ستراتیژی بۆ دەدۆزێتەوە. لێرەدا ڕووبەڕووی ئەنجامێکی تاسانبار دەبینەوە کە ڕاستی ئەوە نییە لەسەر زەوی ڕوودەدات، بەڵکو ئەوەیە کە لە بەیاننامە فەرمییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. جگە لەوەش، پیادەکردنی ئابووریی ناوکەپەتک ڕێگرە لەوەی پاوانکاری دەروونی لە پاوانکاری ماددی جیا بکرێتەوە؛ لە هەرێمدا حیزب خاوەنکارە، ئەو مووچە و کار و پێگە دەبەخشێت. ئەمەش جۆرێک لە کۆیلایەتیی بوونگەرا دروست دەکات؛ عەقڵ لە ڕەخنەگرتن دەوەستێت چونکە گەدە لە برسییەتی دەترسێت. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم ترسە مادییە دەگۆڕێت بۆ دڵنیاییەکی دەروونی؛ کەسەکە خۆی دڵنیایی بە خۆی دەدات کە بڕوای بە حیزب هەیە، لە کاتێکدا ڕاستییەکەی ئەوەیە تەنیا بڕوای بەو ئاساییشە هەیە کە حیزب بۆی دابین دەکات.

حاڵەتێکی دیکەش بریتییە لە سایکۆلۆژیای سەنگەرگرتن لە دژی چارەسەرە جێگرەوەکان، چونکە عەقڵی داگیرکراو لە دۆخی "باری نائاسایی هەمیشەیی"دا دەژی. وا لە ئەندامان دەگەیەنن کە لایەنەکەی تر (یەکێتی یان پارتی وەک نمونە) چاوەڕێی دەرفەتە بۆ قڕکردنیان. لە کاتی ترسی بوونگەراییشدا، بەشی پێشەوەی مێشک کە بەرپرسە لە لۆژیک، پەک دەکەوێت و کۆئەندامی لیمبیک کە بەرپرسە لە غەریزەکان (ڕاکردن یان شەڕکردن) کۆنترۆڵی مرۆڤ دەکات. کەواتە، ئەم کەللـەڕەقییەی دەیبینین نیشانەی هێز نییە، بەڵکو ترسێکی گەورەیە کە بە بەرگی لووتبەرزی داپۆشراوە.

بۆیە دەپرسین ئاخۆ دەتوانین دەرچەیەک بۆ ئەم دۆخە سەپێنراوە بدۆزینەوە؟ بێگومان پاوانکردنی سایکۆلۆژی وەک بڵقێک وایە؛ لە ناوەوە زۆر ڕەق و پتەو دەردەکەوێت، بەڵام لە دەرەوە لە بەرانبەر ڕاستییەکی ڕووتدا زۆر ناسک و فشۆڵە. شکاندنی ئەم پاوانکارییە پێویستی بە بێداربوونەوەی تاسانبار هەیە؛ پێویستە ئەم ئەندامانە تێبگەن ئەو حیزبەی ئێستا لە جیاتی ئەوان بیر دەکاتەوە، کاتێک ژێرخان دەڕووخێت و خاک لەدەست دەچێت، ناتوانێت لە جیاتی ئەوان بژی. حیزب تەنیا ئامرازە و نیشتمان ئامانجە؛ کاتێک ئامرازەکە ئامانجەکە هەڵدەلوشێ و قووتی دەدات، ئێمە لەبەردەم بتپەرستییەکی سیاسیی نوێ دا دەبین، کە تێیدا بتی حیزب دەپەرسترێت و هەمووان نیشتمان وەک قوربانی ئەو بتە سەر دەبڕن!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی