لەکاتێکدا هێرشە درۆنی و موشەکەکانی ئێران و هاو ئاوازەکانی، بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەوەندە کتوپڕ و خێرا روودەدەن تەنانەت دوای چەند کاتژمێرێکیش دەزگا فەرمییەکان زانیاری راست و درووستیان لەسەر شوێنی هێرشەکە و زیانەکانی بەردەست نییە، کەچی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم داوا لە دەزگا میدیایی و ماڵپەرە هەواڵییەکان دەکات”پێشوەختە مۆڵەت بۆ رووماڵکردنی ئەو هێرشانە وەربگرن کە دەکرێنە سەر هەرێم.”
وەک ئەوەی رۆژنامەنووسان لە بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و ژێرزەمینەکانی درۆنە خۆکوژییەکان بن.
لە هیچ یاسا و کۆدێکی رۆژنامەوانیدا نییە دەزگا میدیاییەکان بۆ هەموو رووداوێکی خوازراو نەخوازراو،شەڕ و ئاشتی هەموو جارێک مۆڵەت وەربگرن، تەنها ئەوەندە نەبێت لەسەرو بەندی دامەزراندیندا مۆڵەتێکی سەرتاسەری کارکردن وەربگرێت.
ئەگەر وابێت ئەبێت بۆ رووداوێکی هاتووچۆ تا دەگاتە کۆنگرەی رۆژنامەوانی و لێدوانێکی رۆژنامەوانی، رۆژنامەنووسان هەموو جارێک مۆڵەتێک لە ئۆفیسی میدیاو زانیاری وەربگرن.
لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆ و ڕۆشنبیری و سەندیکای رۆژنامەنووسان، کافیە بۆ ئەوەی میدیا مافی ڕووماڵی هەبێت، لەکاتی پێشلێکردنی بنەما یاسایەکانیشدا دادگا شوێنی گونجاوی یەکلاکردنەوەیە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەو نێوەندەدا پێگەی نیە.
لەڕاستیدا لەوەتەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری دامەزداوە، نەک هاوکاری رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان نەبووە، بەتایبەی دەزگا ناحزبییەکان، بەڵکو بەردەوام ئیش و کاری دانانی کۆت و بەندبووە بۆ رۆژنامەنووسان.
روونکردنەوەکەی ئەمرۆشی کە وەک ئینجازێک ئیعلانی کردووە لە سەخاوەتەوە نییە، بەڵکو دوای ئەو هێرشانە دێن کە رۆژی شەممە کرانە سەر ماڵی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بۆیە هیچ میدیا و رۆژنامەوانێک گوێز بە تەرازووەکەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری گوێزی خۆی ناپێویێت، بەتایبەت کە هەمیشە تەرازووەکەی ئەو فەرمانگەیە پارسەنگە بەلای دەسەڵاتدا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی