پێش دەستپێكی شەڕەكەی نێوان ئەمریكا و ئیسڕائیل و ئێران لەناوخۆی ئێراندا دەنگێكی بەرزی ناڕەزایەتی هەبوو، دەنگێك كە هەزاران خوێنی بەخشی بۆ ئەوەی سیستەمەكە بگۆڕێت، دەنگێكی بەهێز و پتەوبوو، ڕووبەڕووی توندترین سیستەمی سیاسیی بووبوویەوە، ئەمما لەگەڵ دەستپێكری شەڕەكەدا كۆی بۆچوونەكان گۆڕان، چونكە ئەوەی هەڕەشەبوو بۆسەر وڵاتەكەیان، هێزی دەرەكی و داگیركەربوو، بۆ ئەوان داگیركەر لە ژێر هەر ناو سیمایەكدا بێت، هزری داگیركردنی هەیە و دەبێت ڕووبەڕووی بوەستنەوە.
زۆربەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سیستەمە ئاخوندییەكە، یان بێدەنگ بوون، یان چوونە بەرەی وڵاتەكەیانەوە، یان شەرمنانە گوتارێكیان بەرزكردەوە، كە بە داگیركەڕ ڕازین سیستەمەكەیان بۆ بگۆڕێت، كە ئەم گوتارە ئاستیانی لەناو جەماوەردا هێندە دابەزاند، ڕۆژانە پەرچەكرداری نەفرەتیانەیان ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
بەم تەماشا كردنە بۆ ئێستای ئەم شەڕە، دەتوانین بڵێین: دۆخ بۆچوون و دیدگاكان دەگۆڕێت، یان دۆخی ناهەموار ناچارت دەكات، بۆ ساتێك بیر لە ناوماڵەكەی خۆت بكەیتەوە و، ئیتر بۆت گرنگ نییە تۆ لەناو ئەو ماڵەدا لە چ ڕووبەڕێكی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگریدایت، گرنگ ئەوەیە هەڕەشە لەسەر ناوماڵەكەت، هەڕەشەیە بۆ بوونی تۆ و سەروەرییەكانت.
داگیركەر دیدگای بۆ تۆ ناگۆڕێت، ئەو لەسەر بنەمای ژێردەستەیەی تەماشای تۆ دەكا. لەم ماوەیەدا، هەرێمی كوردستان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردی ڕۆژهەڵات، حكومەتی هەرێم، هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بچوكترین زیانیان بە داگیركەری ئێران نەگەیاندوە، ئەمما ئەو بیری ناچێت ئێمە كوردین، بیری ناچێت نەتەوە بوونی خۆی بەشێكی لەسەر بە دوژمن كردنی ئێمە هەڵچنیوە، بیری ناچێت هەر قۆناغێكی ئاڵوگۆڕی سیستەم ڕووبدات، بوونی ئێمە هەڕەشەیە بۆ هزرە داگیركەرەكەی ئەو، بۆیە چ خۆی، چ سێبەرەكانی لە عێراق، بەردەوام هەڕەشە و هێرش بۆسەر لە هەرێم دەكەن، هەڕەشە و هێرش لە ئاسایش و ئارامی دەكەن و هەر شەو ڕۆژێك بە جۆرێك، هێرشی موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئاڕاستەی شوێنە جیاجیاكان دەكات.
شارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كە لەژێر قەڵەمڕەوی كورددان، لەم شەڕانەدا چەندین هێرشی جیاجیایان كراوەتە سەر. ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن، چونكە داگيركەرەكە دەزانێت چۆن دیدگای ڕاستەقینەكەی بۆ ئێمەی كورد دەربخات، هیچ جیاوازییەك ناكات لە نێوان، منێكی ناڕازی لەگەڵ ئەوێكی ناو سیستەمی دەسەڵاتەكە، لەم دۆخەدا بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، بەرگریكردن نییە لەو سیستەمەی زیاد لە سی ساڵە ڕەخنەی دەگرین، ناڕازین لە شێوازی بەڕێوەبردنەكەی، ئەم بەرگرییە بەرگرییە لە ماڵێكی كورد لەبەردەم هەڕەشەی ئەویتری داگیركەردا. مرۆڤی هوشیار دەبێت لە دۆخی خۆیدا بەرگری لەو ماڵەكە بكات هەڕەشەی ئەویتری داگیركەری لەسەرە.
ماڵی تۆی پێشمەرگەی، ماڵی سەرۆكی هەرێم، ماڵی سەرۆكی حكومەت، ماڵی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ماڵی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان..هتد
هەرماڵێكی تری كورد، بۆ ئەوی داگیركەر جیاوازی نییە. داگیركەر لە هەندێك دۆخدا بە ناچاری بە زمانێكی فریودەرانەی میدیای مامەڵەت لەگەڵ دەكات، كە ددان بە بوونەكەتدا بنێت، بەڵام زمانە ڕاستەقینەكەی ئەو هێرشانەن شەوان و ڕۆژان دەكرێنە سەرمان.
ئەوی داگیركەر خۆی یەگلایی كردوەتەوە، كە هیچ چركەساتێك فەرامۆشی ناكات تۆی كورد بۆ ئەو دوژمنیت، بەڵام گرنگ ئەوەیە تۆ چۆن سەیری خۆت و ئەو دەكەیت؟ ئێمە داوا ناكەین پارتی و یەكێتی كە دەسەڵاتدارن و جوگرافیایان بەدەستەوەیە، دۆخەكە لەگەڵ ئەم داگیركەرەدا ببەنە ئاستی شەڕی گەورەترەوە، بەڵام دەزانین هەرچی بكەن، داگیركەر ئەوان بە دوژمن دەزانێت، دوێنێ ماڵی پێشمەرگەكانیان بۆردومانكرد، ئەمڕۆ ماڵی سەرۆكی هەرێم، سبەی ماڵی هەموو كوردێك بۆ ئەوان ئەو ماڵەیە هەلیان بۆ هەڵكەوێت، پەلاماری دەدەن و وێرانی دەكەن. ئەمە بۆ هەموو داگیركەرێك هەروایە. هەركەسێك بڕوای بەوە هەبێت داگیركەرەكان جیاوازییان هەیە، شتێك لەبارەی هزری داگیركەرییەوە نازانێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی