حەبووش و حەپەلووشی مێژووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانمان

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆزان حەمەتاتە




لەم چەند رۆژەدا هەواڵی مردنی تاهر حەبووش، سەرۆکی دەزگای موخابەراتی عێراقیی سەردەمی سەدام حسێن و یەکێک لە پیسترین پیاوەکانی بەعس، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە، لەوەیش جەرگبڕتر ئەو هەواڵە بوو کە گوایە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە مزگەوتی جەلیل خەیات پرسەی بۆ دادەنێن، بەڵام فشارەکان لە هەموو لاوە وایانکرد ئەو دڕندەی مێژوو پیسە، دانانی پرسەکەی لە هەولێر هەڵبووەشێنرێتەوە.

دەزگای موخابەراتی عێراق، یەکێک لە دەزگا هەرە داپلۆسێنەرەکانی حزبی بەعس و حکومەتی عێراق بوو، کاری سەرەکیی ئەو دەزگایە راوەدوونان و دەستگیرکردنی خەڵکانی ئازادیخواز، مرۆڤدۆستان و شۆڕشگێڕان بوو، لە رێگەی تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی خۆیەوە و بە کڕینی ویژدانی دەیان خەڵک بەتایبەت ئەو کوردانەی بۆ پارە خۆیان فرۆشت، دەچوونە ناو ژیانی تایبەتیی خەڵکەوە و شانە نهێنییەکانیان ئاشکرا دەکرد و تۆمەتی ناڕەوایان بۆ نەیارەکانیان دروستدەکرد بۆ ئەوەی خزمەتی سیاسەت و سەرۆکە دڕندەکەیان بکەن.

حەبووش . سەرۆکی ئەو دەزگا تۆقێنەرە بوو، سەدان کوردی بە گرتندا و لەژێر ئەشکەنجەدا هەزارانیان شەهید کرد، سوکایەتییان بە ژنان و کچانی کورد کرد، لەناو زیندانەکاندا ئەشکەنجەی زۆر کوردیان دا و هەندێکیان هەر لەژێر ئەشکەنجەدا شەهید دەبوون.

کاتێک کە مێژووی حەبوش دڕندە دێتەوە بەرچاوت و مێشکت ئەو رۆژانەت بیردەخاتەوە کە کاری سەرەکیی ئەو نامرۆڤە هەر ئازاردان و کوشتنی کورد بوو، ئێستایش کاتێک دەبینی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەمرێ و دەشیانەوێ پرسەی بۆ دابنێن، ئیتر هێندە بێ هیوا دەبیت نازانی دەربارەی خەبات و قوربانی و فیداکارییەکانی خۆت و نەتەوەکەت چی بڵێیت؟

حەبووش یەکێک لەو کەسانە بوو شوێنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دەزانی، من و چەند هاوڕێیەکم بۆ سۆراغی ئەو بابەتە سەردانی دەزگای هەواڵگریی عێراق و چەند دامەزراوەیەکی دیکەشمان کرد، هیوای زۆرمان وا بوو کە گۆڕەبەکۆمەڵەکان بدۆزرێنەوە و ئێمەیش بزانین جەستەی بەخاکبووی شەهیدەکانمان لە چی شوێنێکدایە، بەڵام بەهۆی خەمساریی دەسەڵاتدارانی عیراق و میواندارییکردنی لە پایتەختی هەرێمەکەمان و مردنی بەئارامی و لە باشترین نەخۆشخانەدا، ئەو هەلەیشمان لەدەستچوو.

مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێ چۆن دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەی خۆمان، دەتوانن و ویژدانیان رێگەیان پێدەدات بکوژانی ئەم نەتەوەیەمان داڵدەبن و لێبگەڕێن بەئارامی بمرن، ئەوانە دێوزەمەی ئێمە و گەنجینەی رەشی بەعس و هاوئاوازەکانیان بوون و نەدەبوو لێبگەڕێن ئاوا ئاسان لەدەست لێپرسینەوە و سزادان دەربازببن.

حەبووش  چۆن خوێن و ژیانی دەیان کوردی مژی، ئاوایش بەو مردنەی زانیارییەکانی لەبارەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانەوە حەپەلووش کرد و بووە نەفرەتی مێژووی خۆی و ئەوانەیشی تا مرد دڵسۆز و وەفادار بوون بۆی.

هیوامان وابوو رۆژێک سەرکردایەتیی کورد و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان رۆژانە فرمێسکەکانمان بسڕن و جەستەی پڕ ئازار و ئەشکەنجەی برا و کەسوکارمان لەئامێز بگرن و بەپەڕی شکۆوە لە  بیابانەکانەوە  بیانگەڕێننەوە باوەشی نیشتمان. خۆ ئەوە ئاشکرایە کورسیی دەسەڵاتیان لەسەر ئێسک و پرووسکی ئازیزانی ئێمەیە، بۆیە بڕواناکەین و چیتر فرمێسک مەڕێژن بۆ شەهیدان و خۆتان وەکوو خەمخۆریی ئێمە پیشانمەدەن، چیتر دامودەزگاکانتان کەسانی چەند روو نەنێرێت بۆ دۆزینەوەی رووفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان و بەدوای گۆڕی بەکۆمەڵیاندا نەگەڕێن، ئێمە دڵگرانین ئیتر بڕوا بەو قسە و هەوڵانەتان ناکەین و لای ئێمە متمانەتان زیاتر لەدەستدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە