جەنگ، ئەو هەلومەرجەیە کە کار دەکاتە تەواوی بەشەکانی کۆمەڵگا و لە حاڵەتی نۆرماڵەوە ئەیگۆڕێت بۆ ڕەوشی نانۆرماڵ. واتە ژیانی ڕۆژانە لەڕۆتیناتەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەوشی هەوڵدان بۆ بەرهەڵستکاری و مانەوە لە ژیاندا.
کاتێک کۆمەڵگا خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگ، هەموو تاکەکان ئەگرێتەوەو بەتێکڕایی باری پشێویی دەروونی سەراپای کۆمەڵگا دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی.
یاسای دەروونناسی مرۆڤ وا بارهاتووە کە لەکاتی جەنگ و کارەساتە گەورەکاندا هەموو سیستمی جەستە بخاتە سەر دۆخی هۆشداری. ئەم دۆخە واتە تۆ هەمیشە لە ئامادەباشیدای بۆ ئەوەی نەکوژرێیت.
دەروونی مرۆڤ لەم کاتەدا تەواوی هەست و نەستی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ کاردانەوەی هەبێ لە کارەساتە چاوەڕوان نەکراوەکاندا چی بکات و چی نەکات، پێشوەخت خۆی چەکدار دەکات کە ئەگەر دەنگی بۆمب و فڕۆکە هات چۆن خۆی بگەیەنێتە ژێرزەمین و دواتر هاتنە دەرەوەو خواردن و ئەنجامدانی کارە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی. ئەمە ئەو ڕۆڵانەیە کە تەواوی دەروون و مێشک و لایەنی فیزیکی ئامادە دەکات بۆ زیندوو مانەوە و کاتی نامێنێ بیر لە دڵتەنگی و باری دەروونی بکاتەوە بەڵکو هەڵیدەگرێ بۆ دواتر، بۆ پاشەڕۆژ.
چونکە سیستمی بەرگری لەکاردایە و لەکاتی بەرگریشدا دەرفەتی ئەوەمان نییە بیر لەوە بکەینەوە بەیانی یار ئەبینین یاخود چۆن ئاهەنگی خێزانیی داز ئەدەین.
ئەو سەربازەی لەبەرەی جەنگدایە و بە چەکەکەی خەریکی بەرگرییە، هۆش و بیری تەنها لای ئەوەیە کە بەرامبەرەکەی بکوژێت و خۆی بەسەلامەتی ڕزگاری بێت. ئەگەر لەو کاتەدا خەیاڵی بۆ شتێکی ڕۆتینی ڕۆژانە بڕوات ڕەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگا و ژیانی ڕۆژانە، ئەو وەختە سیستمی بەرگری ئەوەستێ و هەموو بەشەکانی تر ئەکەونەوە کار و ئەوکات جەستە و دەروون پێکەوە کار دەکەن و یەکە یەکە لاپەڕەی حاڵەتەکان لە شێوەی فلاشباک دێنەوە بەرچاو. واتە دیمەنی بڕگەیەکی شەڕ یەک لەسەریەک دێتەوە بەرچاوی و وەک فیلم لەمێشکیدا لێدەدرێت کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی دەروونی و پرسیارێکی زۆر لە خۆی کە باشە من بۆ بیر لەمانە دەکەمەوە؟
درێژبوونەوەی ئەم حاڵەتە لەچەند دیمەنێکەوە ئەگۆڕێت بۆ وردەکاری و کاریگەری دەخاتە سەر بیرکردنەوە، نانخواردن، هەستی سێکس، دڵتەنگیی قورس، زیندەخەون و خەونی ناخۆش، دواجاریش پەیوەندی لەگەڵ دەورووبەر.
یەکێک لە بەناوبانگترین لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ئەم حاڵەتە کراوە، هۆبەی دەروونیی هێزی سەربازی ئەمریکا کردوویەتی، کە سەرنجیان بۆ لای سەربازەکانی پاش جەنگی ڤێتنام ڕاکێشا، ئەوە بوو زۆرێکیان سەرەڕای گەڕانەوەیان بە زیندوویی لە جەنگ؛ کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا، یان کەسانێک بوون لەناو خێزان و
کەسوکاریاندا هەڵسوکەوت و ڕەفتاریان گۆڕا بوو، بووبوونە مەترسی بۆ هاوسەرو مناڵ و تەنانەت هاوڕێکانیان، لایەنێکی تر زیادبوونی ڕێژەی تاوان بوو لەلایەن ئەم کەسانەوە بەرامبەر کۆمەڵگا. ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم سەربازانە بەهۆی جەنگەوە دووچاری تراوما بوون و یەخەگیری گرفتی دەروونی درێژخایەن بوون، کە نێوی نرا پۆست تراومایک سترێس Post-Traumatic Stress Disorder (PTSD .
لەساڵی ١٩٨٠ وە وەک دایاگنۆس واتە دەستنیشانکردنی جۆری نەخۆشی بەکار دەهێنرێت.
گرژی دەروونی درێژخایەن بەهۆی تراوماو ڕووداوگەلێکەوە کە مرۆڤەکان لەکاتی جەنگدا و بەهۆی سترێسی بەردەوامی جەستەوە کەڵەکە دەبێت لەسەر باری دەروونی و کاتێک شەڕ کۆتایی دێت، یاخود جەستە ئەو سترێس و گرژییە دەرەکییەی لەسەر نامێنێ، ئەم حاڵەتە دیسان بەرجەستە دەبێتەوە.
دوای ئەم لێکۆڵینەوەیە چەندان کلینیک و سەنتەری بارهێنانەوەی تەنگژەی دەروونی کرایەوە بۆ هاوکاری ئەو کەسانەی کە تووشی ئەبن. ئەمە تەشەنەی سەندو ئێستا لە تەواوی دنیادا چەندین مێتۆدی زانستی بەکاردەهێنرێن لەگەڵ بەکارهێنانی دەرمان بۆ یارمەتیدانی چارەسەروەرگرەکە.
ڕاستە جەنگی ڤێتنام کۆتایی پێهاتبوو بەڵام ئەمریکا بە جەنگێکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند کە ئەویش پاشماوەی جەنگ بوو.
کۆمەڵگای کوردوستانی باشوور بەتایبەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە چەندین شەڕی یەک لەدوای یەکی بینیوە. ئەگەر چاوێکی خێرا بگێڕین بە مێژووی تەنها پەنجا ساڵی ڕابردوودا، دەبینین چۆن جەنگ بەشێکی سەرەکی بووە لەژیانی خەڵک، هەر لە جەنگی عێڕاق-ئێران، کیمیاییبارانی هەڵەبجە، ئەنفال، شەڕی کوەیت، شەڕی ئەمریکا بۆ ڕووخاندنی سەدام، ئازادکردنی کوردوستان، شەڕی ناوخۆ، جەنگی دژی داعش و حەشدی شەعبی و ئێستاش شەڕی دەروونی ئێران و تورکیاو سوریاو عێڕاق بەرامبەر کورد وای کردووە کە هەریەکێک لە ئێمە هەڵگری چەندین تراوما و تەنگژەی دەروونی بین. کۆمەڵگای کوردوستان بەگشتی تراومای یەک لەدوایەکی تووش بووە بەبێ ئەوەی هەوڵێکی سەرتاسەری و حکومی درابێت بۆ چارەسەرکردنی گیرۆدەبووانی پاشماوەی جەنگ.
چارەسەری تراوما بەوە ناکرێت کە لە حێزاندا فێریان دەکردین لەبیری خۆمانی ببەینەوە، و بیری لێ نەکەینەوە، یاخود تازە ڕۆیشت و بای کۆن بەبا مەکە. ئاخر بیرکردنەوە دووگمەیەکی گڵۆپ نییە مرۆڤ بتوانێ دایگیرسێنیت و بیکوژێنیتەوە.
باری دەروونی پێویستی بە ڕێنمایی پزیشکی و چارەسەرە چ بە دەرمان چ بە چارەسەر لەڕێگەی مێتۆدی تاقیکراوە لە دنیادا.
ئەو جۆرە لەبارهێنانەوە ئەو لەشکرە گەورەیەی ناو کۆمەڵگا کە ئەبێتە ترسێکی نیشتمانی و ناوخۆیی ڕزگار دەکات لەتاوان.
کۆمەڵگای ئێمە چونکە ئەم چارەسەر و بیرلێکردنەوەیەی نەکردووەو نەبۆتە گرنگیەکی سەرتاسەری لەئاستی دام و دەزگاکاندا، بۆیە کۆمەڵگا لەڕووی دەروونیەوە لێکترازاوە.
لەکاتی جەنگدا هەموو کەس قوربانییە، ئەم هەستکردنە بەقوربانیبوون بەهۆی بارهێناوەی تەندرووستی دەروونی ئەتوانێ کۆمەڵگا بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەک کە هەستی بەرپرسیارێتی هەبێت لەلایەن تاکەکانەوە، کۆمەڵگایەک کە بڕوای بەخۆی بێت و یەکدەست دژی دووژمن بوەستێتەوە و هەوڵ بدات بە شێوەیەکی تەندروست کار بۆ ئەو کۆمەڵگایە بکات کە پێشتر ئامادە بوو گیانی خۆی لەپێناودا بکاتە قوربانی.
ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێ زۆرترین هەستکردنە بە خۆ بە کەمزانیی و هەستی قوربانیبوون و غەدرلێکراوی زۆرێک لەهاوڵاتیانە، ئەوەشمان بیر نەچێ کە ئەم هەستە تەنها لەڕێی جەنگەوە نییە، بەڵکو دوژمن کاری لەسەر کردووە و دەیکات، ئەمە بەتایبەت بۆ ئێمە درووستە کە لەژێر ڕکێفی حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی بەغدادا بووین و هەمیشە لە شەڕدا بووین بۆ مانەوە.
شەڕکردن بۆ مانەوە تەنها لەکاتی شەڕکردندا باشە، بەڵام کە دەکەوینە پرۆسەی ئازادی، ئەبێ مێنتاڵیتێتت بگۆڕێ بۆ بەهەستکردن بە خاوەن ماڵیی نەک بە میوانبوون.
بۆیە کۆمەڵگای باشوور سەرەڕای ئاڵوگۆڕی زۆر باش، بەڵام هێشتا یەک دەنگ و خاووخلیچکە، ئیرادەیەکی سەربەخۆ نییە بەرامبەر دوژمنانی چ تورکیا بێت یان سوریا یان عێڕاق یان ئێران کە هەرهەموویان بەتێکڕا هەڕەشەن بۆسەر هەرێمی کوردوستان بەتایبەت و کورد بە گشتی.
ئەم جەنگە ناوخۆیە کە بەهۆی تراومای یەک لەدوای یەکەوە مرۆڤی بێتواناو بێهێزو سستی بەرهەمهێناوە، دەبێت کاری لەسەر بکرێت بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندرووست و خۆ بەهەقزان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی