سەدام و ئەنفال

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ناو یادكردنەوەیەكی نوێی ئەنفالداین ، سەدام لە سەر كاتژمێرو لە ناو سونەو لە هەندێ‌ ناوەند دێتەوە بەرچاوو یاد دەكرێتەوە ، هەر جار ناجارێ‌ گرتەیەكی ئەو دیكتاتۆرە نیگامان لێڵ دەكات و هەندێك بە شان و بالڵیدا هەڵدەڵێن و پیاوەكانیشی یەك لە دووی یەك لە كوردستان سەردەنێنەوە بێئەوەی كەس لە گوڵ كاڵتریان پێبڵێت، سەدام ناشرینترین و قێزەونترین دیكتاتۆری كۆتای سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەك بوو، دیكتاتۆر بریتین لەوانەی هەرگیز دان بە شكستی خۆیاندا نانێن و شكستیش وەك سەركەوتن دەبینن، هەموو ئەوانەی كە پێیان وایە شكست سەركەوتنەلە ناخیاندا دیكتاتۆرێك هەیە ، هەیە بە ئاگای دێنێت و هەشە لێیدەگەڕێت بنوێ‌.
سەدام نەك هەر لەبەر ئەنفال و كوشتنی ژن و منداڵی كورد ، لەبەرسوربوونی لە وێرانكردنی عێراق و دواتریش هەمیشە خۆی وەك فریادڕەس  نیشاندان دەبێت بە هەموو جۆرێك نەك هەر یادكردنەوەی بگرە ناوەكەیشی بۆ هەتا هەتا لە عێراق قەدەغە بكرێت و هەر كەسێك وەك ئەو جگەرە بكێشێ‌ ، پێبكەنێ‌ ، هەروەها رەفتارو سڵاو بكات سزا بدرێت ، سەدام و ئەوانەی لاسای ئەو دەكەنەوەو شوێن پێی ئەو هەڵدەگرن پێویستە بە قانون قەدەغە بكرێن و ناوهێنانی سەدامیش بە نیازی باش سزای لە سەر بێت ، ئەو دەستی لە ژن و منداڵی كوردو دوجەیل نەپاراست ، تەنانەت دەستی لە هاوسەری كیژەكانی خۆی و خاڵۆزای خۆی نەپاراست ، كەچی ئێستا هەن وەك سەرۆك ناوی دەبەن و داخ بۆ زەمانەكەی هەڵدەكێشن و سەرو سیمای كچەكەی وەك سیاسی  ئایندە نیشان دەدەن ، ئەم نیشاندان و نمایشە پێویستە بە قانون قەدەغە بكرێت .
ریكلام بۆ سەدام كردن ، ئاوات خواستن بە سەردەمی ئەو ، لێدانەوەی گرتەو قسەكانی تاوانن،  هیچ تاوانێكیش ناكرێت بێ‌ سزا تێپەڕێت ، بە تایبەت ئەگەر ئەو تاوانەهەڵنانی ستەمكارێكی وەك سەدام بێت ، هیچ بیانویەك نیە خراپی دۆخی ئێستا ناكارایی و هیچ لە بارا نەبوونی سیاسی ئێستا هۆكاری ئەوە بن كە مرۆڤ سەدامی پێ‌ باش بێت لە كاتێكا سەدام ژن و منداڵی بە زندوێتی دەخستە چاڵەوەو زیندانەكانی لیپ بون لە زەبرو زەنگ و سزای نامرۆڤانە، ئەركی ئاكاری و مرۆیی پارلەمانی عێراقە هەموو جم و جۆڵ و یادێكی سەدام و سەدامیانە قەدەغە بكات و لیێپرسینەوە لە هەر كەسێك بكرێت كە ئەو كارە دەكات ، وەك چۆن سەلامی هیتلەری و سمێڵی هیتلەری لەناو ئەڵمانیاش مایەی نەفرەت و ناشرینین، سەدامیش دەبێ‌ بەو جۆرەی لێبێت نەك وێنەی لە سەر كاتژمێرو بلوز دابنرێت .
تا سەدام بوون و ناوی هەبێت كورد ئەنفالی تێنەپەڕاندوەبۆ تێپەڕاندنی ئەنفال و دوركەوتنەوە لە دوو بارە بوونەوەی دەبێت بون و یادەوەری و یادكردنەوەی ئەو بسڕینەوە ، زۆر كەم و كوڕی و كێماسیە حكومەتی عێراق داوا لە هەرێم و لەو وڵاتانە ناكات كە نەوەو مناڵ و دەست و پێوەندی سەدامیان لایەو دەیپارێزن ،لە كاتێكدا پێویستە ئەو قۆناغەی دیرۆك سەر لە بەری دادگایی بكرێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی