هەر لە پێش دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لە جەنگی بیولوبونیز لە نێوان ئەسپارتە و ئەسینا دا ، بیرمەندان پێشبینی یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە دەبنە مایەی هەڵگیرسانی جەنگ و گرژی پەیوەندی نێوان وڵاتان کرد ، ئەویش بریتیە لەو کێبڕکێییەی نێوان هێزی باڵا و زاڵ بەرانبەر ئەوەی هەڵدەکشێت و تموحی هەیە ، ئەسپارتەکان كە ئەوکات هێزێکی سەربازی باڵا و زاڵ بوون ، ترسیان لە هەڵکشانی ئەسینای هەڵکشاو بەهێزی سەربازی و مەعریفە هەبوو ، ئەسپارتەکان ئەمەیان بە هەڕەشەیەکی تووند بۆ دەوڵەتەکەیان و کۆمەڵگە عەسکەرتاریەتەکەیان دانا و ، هێرشیانکرد و ئەسینا-یان تەفروتونا کرد ، تا ئەوڕۆش جەنگە گەورەکان لەنێوان لایەنێکی زاڵ و لایەنێک دەیەوێت هەڵکشێت و بەهێزبێت بەردەوامە ، وەک ئەوەی ئێستای وڵاتەیەکگرتووەکان بەرانبەر چین و ، ئیسرائیل و ئەمەریکا بەرانبەر ئێران دیکەن ، پێم وایە وڵاتی زاڵ و بەهێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەک ئیسرائیل لێناگەڕێت وڵاتێکی وەک ئێران یان هەر وڵاتێکی تر بێجگە لەخۆی هەڵکشێت و پەلوپۆ بۆ دەوروبەری خۆی بهاوێژێت ، لێناگەڕێن ئەگەر بە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیش بێت ، هەربۆیەش دوناڵد ترمپ-ی سەرۆکی ئەمەریکا ووشەی فەنابوونی شارستانیەتی ئێران-ی بەکارهێنا ، چەمکی فەنابون تەنها بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکار دێت ، کە دتوانێت شار و دیوار و درەخت و مرۆڤ لەناوببات ، بەڵام ناتوانێت شارستانیەتی فارسی کە ڕەگی داکوتاوە لە زەردەشت-وە بۆ حافزی شیرازی لەناو ببات ، هەروەک ئەسپارتەکان نەیانتوانی ، هۆمیرۆس و سۆفۆکلیس و سوکرات و ئەفڵاتون و ، هیرۆدۆت-ی ئەسینەکان لەناوببەن ، سارتەر دەڵێت : جەنگ کارەساتێکی گەورەیە هەندێک کەس ناویان ناوە دۆڕان و ، هەندێکی تر ناوی دەنێن سەرکەوتن ، جەنگ بەهەر هۆکارێک بێت ماڵوێرانیە و ، هەمیشەش گوتراوە کە شەڕ تەنگوچەلەمەکان چارەسەر ناکات و ، هەمیشەش ڕێکەوتنامەی ئاشتی لەسەر مێزی گفتوگۆ جێبەجێدەکرێت و ، ئاگربەست کۆتایی شەڕ نیە ، بەڵکو یەکێکە لە ئامرازەکانی و ، دانوستاندن-یش بەدیلی هێز نیە ، بەڵکو درێژکروەی ئەوە بە ئامرازی جیاواز ، خۆ ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕێگەی بە پشکنەرانی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دابا بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ، هەرگیز نەدەگەیشتە ئەو دۆخە خەراپەی کە تێیکەوتووە و ، وایلێبێت جیهان خۆزگە بخوازێت بۆ ئەو هودنە پانزە ڕۆژیەی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد-ی پاکستان بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕەی کە کاریگەری کردۆتە سەر سینگی هەموو گەلانی جیهان لە شێوەی قەیرانەکانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخ و تێکچوونی دۆخی کەلوپەلی خۆراک و کاڵای تر ، ئا لەنێو ئەو مەرگەسات و کاولکاری و کوشتن و ماڵوێرانیەدا هەر لەگەڵ ڕاوەستانی ئاگربەس ، ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕدرێت ، وەک ئەوەی لە حەفتی ئۆکتۆبەر جەماوەرێکی زۆری عەرەب و ئیسلامیە کوردە ساویلکەکانی خۆمان شاد و خەنی بووبون بەسەرکەوتنە یەک مانگیەکەی حەماس و ، دیارە ئەوانە لەبیرچوونەوە بە زهنیەتی ئاهەنگێڕان و شادبووانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر وەنووساوە ، ئەوەیان لەبیرچوو یان لەبیرەخۆیان دەبەنەوە ، کوا غەززە ، وەرە سەیرکە خەڵکەکەی لەسەر وێرانە لەسەر وێرانە دەژین ، نە دوڵەتی فەڵەستین و نە مقاوەمەی چەکدار ما !! وەرە سەیری لوبنان بکە کە تابن گوێیان نقومی قەیرانی موزمینی ئابووری بووە و ، حکومەت ناتوانێت کۆنتڕۆلی هەموو خاکی وڵاتەکەی و چەک بکات ، کە خەریکە هەمان شت بەسەر عێڕاق دێت ، واپێدەچێت ئەو حالەتی مەستی سەرکەوتنە چرکەساتە تێپەڕاوەکان ، لەناو گڕوپە چەکدارە میلیشیاویەکان کە ناویان لەخۆناوە مقاوەمە ، جەوهەرەکەی بریتیە لەوەی کە هەموو زەرەرێک گرنگ نیە ، چونکە ئامانجەکە ئازاردانی دوژمنە ، بەڵام ئەوەی لەکنە من جێی ڕامان و سەیر بوو ، ئەوەیە کە ئێران دەوڵەتە و گروپی چەکدار و بزووتنەوەی مقاوەمە نیە ، کەچی بەهەمان شێوەی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و ، گوێی لە پاراستنی ئاسمانەکەی و هاوڵاتیانی بەدەست هێرشە سەربازیەکان نیە ، گوێی لێنیە کە ئەو کاولکاریە دەیان ساڵ ئەوی بردە دواوە ، کە فڕۆکەیەکی «F15 » یان خستەخوارەوە لە هەڵایاندا بە گەورەترین سەرکەوتنیان دانا ، ( هەر بەوبۆنەوە ، هاوپەیمانان لە جەنگی ڕزگاری کوێت « 75 » فڕۆکەیان کەوتەخوارەوە ، لەوانە عێڕاق « 42 » فڕۆکەی خستەخوارەوە ) ، ئامرازەکانی ئێران و میلیشیاکان تەنها دەتوانن « سەرکەوتنە » چرکەساتیەکان لەوانە کۆنتڕۆلکردنی گەرووی هورمز ، لێدانی وڵاتانی کەندا و هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی خۆیان و ئیستیهلاکی ناوخۆ بەکاربهێنن ، ئەمە وەکو ئەو سەرکەوتنانەن کە حزب الله و حەماس کاتی خۆی هێنایانەدی…هەر وڵاتێک بە لۆژیکی دەوڵەت بیرنەکاتەوە و ، بە لۆژیکی خودی خۆی ئارام و مورتاح بێت بۆ هێنانەدی سەرکەوتن…دە پیرۆزی بێت ئەو سەرکەوتنە !!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی