بەرهەمی گرەوە سیاسیەکەی (ترەمپ و نەتەنیاهۆ) بریتی بوون لەمانە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەیار عومەر


نەتەنیاهۆ:
(هۆلۆکۆست) و مەزڵومیەتی گەلی جولەکەی لە یادەوەری دنیادا سڕیەوە و وێنەیەکی جیاوازی بۆ گەلەکەی دروست کرد کە بریتیە لە مناڵ کوشتن و بۆردومانکردنی قوتابخانە و پرد و ئامانجە مەدەنیەکان.
ئەمەش وایکرد کە پشتیوانی گەورەی وڵاتانی خۆرئاوا و دنیا لەدەست بدەن. ملیۆنان (ئەمریکی) دژی ئەم زوڵمانە بوەستنەوە و بڕژێنە سەر شەقامەکان. تەنانەت بەشێکی (ئیسرائیلیەکان) دژی جەنگەکە خۆپیشاندان بکەن.
ترەمپ:
شکۆی (سوپای ئەمریکا)ی وەکو گەورەترین زلهێزی جیهان لاواز کرد؛ (وڵاتانی کەنداو) بۆیان دەرکەوت کە سەرباری سەرانەدان بە ئەمریکا، پارێزراو نین؛ لەوانەیە لە داهاتوودا بیر لە هاوپەیمانێتی (چین و ڕوسیا) بکەنەوە.
(ترەمپ) نەک هەر نەیتوانی (ئەمریکا) مەزن بکاتەوە و ڕۆڵی وەکو تاکە جەمسەری هێز لە جیهاندا بپارێزێت، بەڵکو پرۆسەی گۆڕانی بەرەو جیهانێکی فرەجەمسەر خێراتر کرد.
ئەم سەرکێشیە بەبێ پرس و کۆدەنگی (ئەوروپا و ناتۆ)، کەلێنی نێوان (ئەمریکا و ئەوروپا)ی فراوانتر کرد.
نەبوونی قوڵایی فکری و سیاسی و پشتگوێخستنی ڕاوێژکار و دامەزراوەکان و هەنگاونان بەرەو تاکڕەوی و لوتبەرزێتی، هەمیشە ئەنجامەکەی زیانبەخش بووە.
ئێران:
سەرباری ئەوەی کە زیانی گەورە بەر ژێرخانی ئابوری و سەربازی (ئێران) کەوتوە و ڕابەر و زۆرینەی فەرماندەکانیان لەدەستداوە؛ بەڵام توانیان بەرگریەکی بەهێز بکەن و بۆ جیهانی بسەلمێنن کە میللەتێکی ئازا و پشودرێژ و کۆڵنەدەرن.
 ئەم گرەوەی (ترەمپ و نەتەنیاهۆ)، وێنەی (ڕژێمی ئێران)ی لە هێزێکی سەرکوتکەری خۆپیشاندەرانەوە، گۆڕی بە هێزێکی ستەملێکراو.، کە بەرگری لە وڵاتەکەی دەکات؛ سەرەنجام بووە هۆی یەکگرتوویی ناوخۆیی و کپبونەوەی ناڕەزایەتیەکان.
بەدەر لەمانەش، (ئێران) زۆر زیرەکانە و پشودرێژانە ئیدارەی جەنگەکەی کرد؛ هێشتا کارتی (حوسیەکان) و داخستنی (گەروی بابولمەندەب)ی بەکارنەهێناوە، وەکو کارتێکی فشار بۆ دانوستانەکان. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن، دەتوانێت لەو ڕێیەوە نرخی بەرمیلێک نەوت نزیک بکاتەوە لە (١٥٠ دۆلار) و گورزێکی کوشندە لە ئابوری (ئەمریکا و جیهان) بدات و فشاری زیاتر دروست بکات.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان: 
بۆ پاراستنی ئاسایشی درێژخایەن و ڕێگری لە دەستوەردانی دەرەکی، پێویستە (ئێران) مافەکانی (کورد) و ئازادییە کەسییەکان فەراهەم بکات و لەگەڵ (حیزبە کوردیەکانی ئێران) بگاتە ڕێکەوتن، چونکە تەنها هێزی سەربازی و بۆردومان، ئاسایشی ئێران ناپارێزێت.
باشوری کوردستان:
گرنگە (هەرێم) هاوسەنگیی نێوان (ئێران و ئەمریکا) بپارێزێت و نەخزێتە هیچ بەرەیەکەوە، چونکە هەردوولا لە ڕابردوودا هاوکاری کورد بوون، و لە داهاتوشدا وەکو دوو هاوپەیمانی ستراتیژی هەرێم ئەمێننەوە.
(ئێرانیەکان) لە شۆڕشی نوێ و ئەنفال و کیمیاباران و کۆڕەو و شەڕی داعشدا هاوکاری کورد بوون.
(ئەمریکی و ئەوروپیەکان)یش لە ساڵی ١٩٩١ ەوە هەتا ئێستا پارێزەری ئاسمانی هەرێمی کوردستانن.
بە کورتیەکەی، دوورکەوتنەوە لە شەڕ و پاراستنی هاوسەنگی سیاسی نێوان (ئێران و ئەمریکا) تاکە ڕێگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی (کوردە) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی