ئەم وێنەیەی کاک خەبات
عەبدوڵا لە تابلۆ دەچێت. لە کاتێکدا پڕیەتی لە ڕەنگ، لە هەمانکاتدا پڕیەتی لە مەرگ.
ئەنفال وەک هێرشێکی
پلانڕێژکراو لە پێناو قڕکردن، دیاردەیەکی مۆدێرنە. وەک دیاردەیەکی مۆدێرن زۆر
ئاسان نیە بۆ کورد ڕاڤە بکرێت. هێشتا کورد وەهای دەبینێت ئەگەر ئەوە نەکرایە، ئەوە
نەدەبوو، یان سەرتاپای پرۆسەکە پەرچەکرداربوو، یان دەرئەنجامی هەڵەبوو. ئەم لێکدانانەوانە
ئەوە لە بەرچاو ناگرێت کە ئەنفال بەشێک لە پرۆسەی جۆرێک لە دەوڵەتە لە عێراق. ئەم پرۆسەیە کاتێک دەتوانیت باشتر تێبگەیت
کە لە گەڵ پرۆسە هاوشێوەکانی تریدا لە جێگاکانی تر بەراوردی بکەیت. دیارە تەنها بە
ڕامان لە کات، کۆتایی جەنگی عێراق-ئێران، شوێنەکان، جۆری گرتن و جوداکردنەوە و
کوشتن و بەندکردن هەموو گەواهی ئەوەن کە ئەوەی ڕویدا دەرئەنجامی توڕەیی و هەڵچون و
پەرچەکردارنەبوو بەڵکو کردارێکی پلانڕێژکراوی فرە ئاست بوو کە تەنها لە توانای دەوڵەتدا
هەیە بە هۆی بونی کۆدەزگای جیاواز.
دەولەتییبونی پرۆسەکە
وەها دەکات کە خەڵکێکی نادەوڵەتی وەک کورد نەتوانێت لێی تێبگات. بۆ زۆرینەی خەڵک ئەنفال
ڕوداوێکە بە سەر توێژێکی کۆمەڵگادا هات، کە بەشێکی قەزاوقەدەر و بەشێکی هەڵە و بەشێکی
تاوانە. بەڵام هەرگیز وەک تاوانێک بەرامبەر خەڵکێک لە پێناو بونیادنانی جۆرێک لە دەوڵەت
و سیستەمی سیاسیی نابینرێت. ئەمە لە پاش ڕوخانی سەدامیش بوو بە کێشە، چونکە ئەنفال
و تاوانەکانی تر وەک ئامرازی تاوانبارکردنی کەسەکان بینران نەک وەک جۆرێک لە ڕەفتاریی
دەوڵەتیی، کە چۆن لە دەوڵەتی نوێدا ڕێگریی لە ئەگەریی هاوشێوە بگیرێت.
وەک گەرمیانییەک ئەنفال
بەشێکە لە یادەوری تایبەتی من.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی