زۆر جار مرۆڤ ئاستی توڕەیی لە بارو دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگاتە شوێنێك كە ئیدی ڕەنگە هیچ نەمێنێت بۆ وتن ، ئەو پاشقولدان و یەكبوغزاندن و ناشرینیەی لە نێو كایەی سیاسی ئێمەدایە هەمیشە ئەو چوارینەم بیر دەخاتەوە كە لە بنەڕەتا موڵكی مامۆستا بەشیر موشیر نیەو ئەو واژوی لە سەر كردوە ، یان ڕەنگە دكتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ هەر بۆ ئەوەی دۆزی ناجۆری كورد نیشانی خۆی بدات لە مامۆستا هەژاری خواستبێت و ئیمزای وەشانەكەی گرێدابێت بە ئوستادەوە:
لە ئاست یەكتر دڕن چەشنی هەڵۆ یەك دادەپاچن بۆ
لە بۆ غەیرە شڕن چەشنی پەڕۆ وەك دەست و قاچن بۆ
هەزار تیرەو لك و هۆزن وەكو دوژمن لە یەك ناچن
ئەترسم ڕۆژێ لەم خاكە هەموو تیاچن وەكو سمكۆ
گەلۆ سەركردەو سەردارێك هەیە لەم باشورە لە ئێستادا هەڵوەستە بكات و بپرسێت ئەرێ ئێمە خەریكی چین ، ئەم هەموو ناشرینكردنی یەكترە نەبڕایەوە ،بۆ چەند چەكێكی خۆڕی كەكەس نازانێ گەیشتوە یان نا ، كەس نازانێ لە كوێ حەپەلوش كراوە ، خەریكن ترەمپە سور دەكەن بە گژ كوردا ، لە كاتێكا ئەمەریكا لە پێش ترەمپ و لە دوای ئەویش وەك بەریتانیا قەرزاری هەرە گەورەی كوردن ، كە زۆر جار بۆ ئەوان " شەڕكەری چاكبووینە"
لە دیدارەكەی باڤڵ تاڵەبانیدا دەستی تۆمەت ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ بۆ كەس درێژنەكرا ، ئەو وتی ئێمە دوو بەشین نەهاتوەتە ئێرە بە هیوام لەلایەكەی دیكەش بپرسن بزاننن براوەتە كوێ ،گەلۆ ڕەنگە وەك كوردێك من ئەو وەڵامەی تاڵەبانیم زۆر لە بەردڵان نەبێت و خۆزگەم خواستبا تاڵەبانی بەمورگانی گوتبا چەكی چی و منەتی چیمان بە سەردا دەكەن ، كورد نەبوایە ئێستا ڕەنگە داعش لە لۆس ئەنجلۆسیش هەبان، بەڵێ كورد هەمیشە بۆ مرۆڤایەتی قوربانی داوەو لەو لاشەوە سەنگەری لە خۆی گرتوە.
پەیامنێرەكوردەكە لە ئەمەریكا هەر ئەوەندە دەستی لە ترەمپ گیر بوو بیری چوو ئەو میدیاكاری نەتەوەیەكە ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدو كوشت و بڕی هەڵەبجەو قەڵادزێ و ئێزدی و فەیلی و بارزانی لێكراوە لە بری پرسیاری ئەو هەموو ستەمە وتی چەكەكان لە سلێمانیە، جا گەلۆ ترەمپ سەیركەن ترەمپ چەند ئاكاریانەتر، لە پرسیارە جاسوسیەكە وەڵامی دایە ، ئەوە كورد ، ئەوەش ترەمپ ، ئەم پەلاماردانی سلێمانیە ئەو پەڕٍی بێڕەوشتی كوردیە ، هەتا ئەگەر هەواڵەكەش سەدا هەزار ڕاست بێت .
ئێمە دەزانین كوردبوون ئاكارە ، شەرەفمەندیە ، ڕاستە شەڕی ناوخۆ یەككوشتن ، دیل كوشتن ، تێكدانی ماڵی یەكترمان هەبووە ، بەڵام جاشی لێدەرچێت ئەوەش بە گشتی نا هەرگیز كورد هێندە شەرەفسز نەبووە بەو جۆرە بێگانە لە خۆی هانبدات ، ئەمە بێگانە لە خۆ هاندانەو دەچێتە چوار چێوەی خیانەتەوە ، ئەگەر حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ سزای ئەو بگۆ مەترسیدارە نەدەن كەواتە بابەتەكە موو نیە حەبلە .
ئەم كورد چ سەیرە خودایە سەدام دیكتاتۆر بوو ، زۆر كەم عەرەبی سونە دەبینی سەرزەنشتی سەدام بكەن بگرە هەمیشە بە شان و باڵیدا هەڵدەڵێن ، كەچی كوردە حەیاتەكە ئازادیخوازو فەیلەسوفی وەك عەبدوڵا ئۆچئالانی بیست و حەوت ساڵە لە زینداندایە كەچی هێشتا هەن پەلاماری دەدەن ، ئەمە بۆ زۆری تر ، بۆ زۆر شارو ناوچەش ڕاستە ، ئیتر كوردەكەیە.
بە هیوام سەرانی یەكەمی پارتی و یەكێتی ئەم وتارە زۆر كورتە ببینن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی