لە پێناسە باو کلاسیکیەکانی قۆناغەکانی
سەرەتاییدا هەمیشە نیشتیمان کورت دەکرایەوە لە جوگرافیایەک بۆ پێکەوە ژیان، یان
زمانێکی هاوبەشی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەگەڵیدا یادەوەری هاوبەش و بەشداری لە
تۆمارکردنی مێژویەکی سیخناخ بە سەرکەوتن و، گێڕانەوەی حیکایەتی پاڵەوانی درۆزنانە،
هەر بۆیە بەیانیان هەمومان بەپێوە دەوەستاین، لە حەوشەی قوتابخانەکانمان بە
حەماسەتەوە سرودی خوایە وەتەن ئاواکەیمان بە کۆرس دەگوتەوە، دوای ئازادی کوردوستان
و تێپەڕبونی زیاتر لە سێ دەیە، لەباشترین حاڵەتدا پێناسەکە گۆڕانێکی کەمی بەسەردا
هاتوە، ئەوەتا ئەم ڕستەیەی خراوەتە سەر : (نیشتیمان ئەو شوێنەیە کەرامەتی تێدا
پارێزراوبێت) . بەڵام ئێستا و لە کاتێکدا، دوبارە مانا کردنەوە بەبەرچەمکەکاندا،
یان پێناسەکردنەوەیان بەپێی پێویستی سەردەم و گۆڕانە خێراکان، نیشتیمان مانایەکی
قوڵتری فەلسەفی لەخۆ دەگرێ:( نیشتیمان بریتیە لە فەزای ئازاد) ، فەزایەک، عەقڵ
بتوانی ئازادانە بەناو قوڵای ئاسماندا بفڕی، هەورەتریشقەی پرسیارە بێ کۆتاکانی،
وەک هەوری سۆپەرسێڵی بەهاری مەعریفە، بەردەوام بگرمێنێ و دواجار بە خوڕ دابکات، بە
سەر جەهل و خورافەی نەزانیندا . بۆ ئەوەی بوون، لە سێبەری ئازادی و پاراستنی ماف و
کەرامەت و دادپەروەریدا، جارێکیتر خۆی بدۆزێتەوە ، چونکە ناکرێ چیتر نیشتیمان،
تەنها لە زەین و ئەندێشەو بیرکردنەوەماندا ئامادەیی هەمیشەیی هەبێت، یان وەکو
فانۆسێکی ئەبەدی، لە تاریکای ڕوحماندا ببریسکێتەوە، بەڵام ئێمە نەتوانین بە
ئاسودەیی و ئارامی لە ناویدا بحەسێینەوە، یان بە ئازادی لە سوچێکیدا بژین و بە
بێدەنگی بمرین .
کاتێک ئەم نیشتیمانە، لەلایەن دەستەبژێرێکی
گەندەڵی دەسەڵاتداری ئۆلیگارشیەوە، دەستبەسەر دەکرێ ، ئیتر لە هەمو پێناسەیەکی
کلاسیکی و مۆدێرن دادەماڵرێ، دەبێتە سێگۆشەیەکی ترسناکی بەرمۆدەیی، (دەسەڵاتی
ستەمکار ، کۆمەڵگەی ترادسیۆنی ، فۆڕمێکی
دینداری بناژۆخوازی) ، لێرە بەدواوە، ئەم نیشتیمانە دەبێتە ژینگەیەکی نا تەندروست،
بۆ پێکەوە ژیان و یەکتری قبوڵکردن ، بەتایبەت بۆ نوسەرو ڕۆشنبیران، بۆ ڕوناکبیرو
توێژەران، دەبێتە تەنها سەکۆی نمایشی تراژیدیای مەعریفی ، کە بەردەوام دەکەونە بەر
نەفرەت و تەکفیرکردن ، سوکایەتی و پەلاماری نابەرپرسانە، تا وای لێدێت نیشتیمان
دەبێتە تاراوگەی ناچاری، بۆ بیرکردنەوەی ئازاد ، پێویست ناکات فیزە و پاسپۆرت، بۆ
تێپەڕاندنی سنورەکانی بەدەست بێنی، تەنها ئەوەندە بەسە، وەکو ئەوانیتر بیر مەکەوە،
ئیتر حەواڵەکردنت بۆ ئەودیو چەپەرەکانی قەڵەمڕەوی، لە زۆنی دەسەڵاتی ستەمکار بەسەر
نیشتیمانەوە، بە خێرایی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر نەفرەتی عەوام، لە
پێناو تێک شکاندن و نابوتکردن دەستپێدەکات، تادەگاتە فتوای بێشوماری ئیماندارانی
جنێو فرۆش، لە پشت دونیای گریمانەیی سۆسیال میدیای ئامێرە زیرەکەکانی
سیکولاریزمەوە، هێدی هێدی نیشتیمان لە ئاسمانی فراوانی ئازادیەوە، دەگۆڕێ بۆ
تاراوگە، تاراوگەیەک وەک قەدەر، تەنیای لەبەردەمتدا ڕادەخا، بۆ ئەوەی ڕۆژانە پێنج
فەرزە نوێژی غوربەتی لەسەر دابەستی .
بیرکردنەوەی عەقڵانی، بە میتۆدی فەلسەفی و
لۆژیکی ڕەخنەیی، پێش هەموشتێک بەڕەی وەهم و خورافات، لەژێرپێی ئەو هێزانە
ڕادەکێشێت، بەدرێژایی مێژو لەسەر گەوجاندنی ئەوانیتر دەلەوەڕێن . لەچوارچێوەی ئەم
کۆنتێکستە ترسناکە سەپێنراوەدا. ئاین لە ئەزموونێکی پاک و بێگەردی ڕۆحییەوە،
گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەپێناو فەلاقەکردنی هەمو ئەوانەی
عەقڵانی و جیاواز بیر دەکەنەوە، تەنانەت شوێنکەوتوانی ڕەوت و گروپە ئاینیە
جیاوازەکان، نەک هەر یەکتر قبوڵ ناکەن، بەڵکو بەردەوام یەکتر بە بێباوەڕو خەواریج
تاوانباردەکەن ، بە ئەندازەیەک ئیمانداری ڕاستەقینە، کە هەڵگری بەهای بەرزی
کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵیە بزربوە، یان لە ترسی پەلامارو سەرکۆنەی پۆپۆلیستان، خۆی
شاردۆتەوە، لەبەرامبەردا توێژەرو نوسەرو ڕۆشنبیران، توشی نامۆبونێکی وجودی بوون ،
کاتێک بە زمانی عەقڵ و لۆژیک گفتوگۆ دەکەن، ڕەخنە دەگرن، لە کاتێکدا کۆمەڵگە، توشی
پەتای قورسی هەژمونی ساختەچیەکانی بزوێنەری سۆزو غەریزە بوە ، ئەم دابڕانە بژاردە
نیە، بۆ ئەوەی ئیرادە هەڵاوێردی بکا، بەڵکو پشت ئەستور بە دەسەڵاتی گەمژەو عەوامی
ڕەدوکەوتو، مینبەری دەستبەسەرکراوی ئایدیۆلۆژیای پەڕگیر، خۆی سەپاندوە، نیشتیمانی
لە بەهەشتی پێکەوە ژیانەوە، گۆڕیوە بۆ جەهەندەمی تۆڵە سەندنەوە.
ئەوەتا ( فاروق ڕەفیق ) ، تەنانەت دوای
مردنیشی، باجی تۆڵە سەندنەوە بەرامبەر بۆچون و بیرکردنەوە ڕەخنەییەکانی دەدات،
بەڵام تۆڵەی مەعریفی و فکری نا، بەڵکو پەلامارێکی ترسنۆکانەی نا ئەخلاقی ، هەوڵدان
لە پێناو دورخستنەوەی، یان سنورداشت کردنی، وەک توێژەرو نوسەرێکی خاوەن دونیابینی
تایبەت، لە ناو کایەی ڕۆشنبیریدا، تەنیا خواستی گۆڕغەریبکردنی نیە، بەڵکو تیرۆری
ئەوفۆڕمەیە لە بیرکردنەوە، بەردەوام بەپرسیارە سۆکراتیەکانی، خەوی قوڵی دونیای
تاریکی ئەوان، دەرزی ئاژن دەکات ، یان هەوڵێکی بێ هودەی نەزانانەیە، بۆ
ناشیرینکردن و لەکەدارکردنی بەهای ڕەمزی دونیای نوسین وتوێژینەوەی مەعریفی، لەگەڵیدا
تۆقاندنی ڕەخنەگرانی جدی و گومانی میتۆدی پرسیارە بێ وەڵامەکان، لە بەرامبەر خەیاڵ
پڵاوی هەندێک خۆ بە فریشتەزانی گەمژە، کە پێیان وایە قیامەتیان وەکو دونیا
مسۆگەرکردوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی