هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ لە دەستوری عێراقدا
دانیپێدانراوە، ئەمش سەرکەوتنیکی سیاسی و دەستوری گەورەیە، ئەم سەربەخۆییە بۆئەوەی
دژەکانی دەوروبەر لە بەگژداچونەوەیدا شکست بهێنن پێویستە قوڵایی سیاسی ئەم هەرێمە بەغدا بێت، وەک هەولێرێش قوڵایی
بەغدایە، ئەم یەک تێڕوانینە لە هەردو لاوە سەروەری وڵات وەک یەکەیەکی یەکپارچەیی دەپارێزێ. ئەم پارێزیەش کاتێک دێتە دی
بەغدا و هەولێر هەم لە نێوخۆدا هەم لە گەڵ یەکدی رێک و تەبا و یەک دەستبن.
عێراق لە دروستبونیەوە لە ٣ سێ ماڵی پچڕ پچڕی پێکەوەلکاو
دروست بوە: شیعە، سونە و کورد. هەر یەک لەم
ماڵانە پڕە لە کێشمەکێش و رکابەری. ئەوەی جێی دڵخۆشیە هەردو ماڵی سونە و شیعە لە نێو خۆدا و لەگەڵ یەکدی پەیوەندیەکانیان
ناگەیەننە مریشکە رەشە و لە دوڕیانێکی هاوبەشی عێراقی و عەرەبی پێکدەگەن.
ماڵی کورد، یان باشتر بڵێم ماڵی حیزبی کوردی، وردتری بکەمەوە
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردساتن، زیاتریش بچینە دواوە و بناغەکەی
ببینین ماڵی جەلالی و مەلایی:لە دروستبونی بناغەکەوە خزمەکانی دایکم لای مام جەلال
بون و خزمەکانی باوکیشم لای مەلا مستەفا. زۆریان لە یەک کوشت و زۆریان لەیەکدا و ئێسقان
لە نێواندا شکا. خۆشبەختانە ئەم خزمانە تێگەیشتن، ئێستا رێک و تەبان.
لەسەر ئەم بناغەیە نەوەکانی ئەم دو زاتە پێگەیین و تائێستا
خەریکی دەست شکاندنەوەی یەکترن. لە هەرلایەک چەند سەرۆکێک دروستبوە، موخابن یەک سەرکردەیان
لێ پەیدا نەبوە، رێگریشبون لە دروستبونی.
نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرۆکەیە بە سەردانیکردنی بۆ بەغدا
وەک خۆی دەڵێ " چاومان بە هەمو هاوپەیمانی و کەسایەتیە نیشتمانی و هاوبەشەکان
کەوت". لە کاتێکدا سەردانی سەرۆک کۆماری برا و هاوپەیمانی راستەقینە و یەک
دوائامانجی نەکردوە، کەلێنی دوبەرەکی ئاواڵەترکرد. بە قسەکانیدا زۆر سەردانێکی سەرکەوتوبوە، لە پێشوازیکردنەکاندا
وا دەخوێنێتەوە کە حیزبەکەی لە بەغدا دەتوانێ بەتەنها نوێنەرایەتی کورد بکات. لە
کاتێکدا رابردو و مێژوی سیاسی کورد بە گشتی و ئەم دو حیزبە بەتایبەتی دەریدەخەن سەرکەوتن لە یەکماڵی و تەباییە. بە
نمونە جەلالی و مەلایی لە ١٩٦٥ بۆ ١٩٧٠ شەڕی یەکتریان کرد، ئەم پشت بە عێراق و ئەویش
بە ئێران، دانوستاندنی ١٩٧٠ بەعس و پارتی بە کردەیی ئاشبەتاڵی جەلالیەکانی لێ کەوتەوە
وەک ئەوەی پارتی ویستی. بەڵام باجەکەی ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ بو و هەمو کورد زیانی بەرکەوت.
پەرتەوازەیی و دوبەرەکی نێوماڵی حیزبی کوردی، وادەکات ئەم
جۆرە سەردانە جگە لە گەورەکردنی زیاتری کەلێنی دوبەرەکی، بەکەمگرتن و وسوککردنی پێگەی
ئەم سەرۆک و حیزبانەی لێبکەوێتەوە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی بەغدا و دونیا، کوردیش
زیانی گەورەی بەردەکەوێت.. بۆیە لای منی کەرکوکیش"
ئێوە سەرۆکی من نین".
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی