ئەگەر حكومەتی هەرێم دروستنەبێت، لەدادگای فیدراڵ یەكلایی دەكرێتەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر


ئەگەر یەكێتیی و پارتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار رێككەوتبان، كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هاسان دروستدەكراو كوردیش لەبەغدا بەهێزتر دەبوو، هەندێك لەو مەترسیانەی ئێستا لەسەر هەرێم هەن، كەمتر دەبوونەوە، بەڵام نەكرا!
ئەو ناتەبایی و ناكۆكییەی كورد لەبەغدا بەتایبەتیش ئەمجارە، زیانێكی ئێجگار گەورە بەتواناو كاریگەری كورد لەبەغداو پرسی فیدرالیی و بە قەوارەی هەرێم دەگەینێت. لەچەند مانگی داهاتوو بەڕوونی دەردەكەوێت. ئەو پێشبینیەی ئێستا دەكرێت، زۆر مەترسیدارە، پەنجەگەستنی دوای شكست هیچ سودێكی نییە، لەدوای رووداوەكانیش ئەم وتارە دووبارە بەبیر دەهێنینەوە.
پارتی لەگەڕی ململانێی پرسی سەرۆك كۆماردا سەركەوتوو نەبوو، پێشوەختە زانراوبوو، بۆیە دەبوو دەستبەرداربوونی بكاتە منەت و كلیلی كردنەوەی گرێی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتیی، بەڵام نەیكرد! لەباتی كرانەوە، گرێیەكەی توندتر كرد.
پارتی بڕیاری بایكۆتی سەرۆك كۆماریدا! ئەم بڕیارە پشوو كورتی پێوەدیاربوو. هەندێجار قوتدانی شكست، ئەگەر پێداچوونەوەی لێ‌ بەرهەم بێت سەركەتنە. سیاسەتیش بەكاردانەوە ناكرێت! چونكە رێگاكە هێشتا ماویەتی و یاریەكە تەواو نەبووە، گەڕی داهاتووی ململانێی نێوان هەردوولا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمە، كە بەدڵنیاییەوە زەحمەتترو سەختترە لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق.
رەنگە نەكرێت هەندێك زانیاریی بەگۆڕێ وەربكرێت، بەڵام بەپێی ئەو قسانەی لێرەو لەوێ‌ دەكرێن، لەدوای پێكهێنانی حكومەتی عیراق دوو پرسی گرنگ دێنەگۆڕێ. یەكەمیان پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەو ئەویدیكەیان دەستپێكردنی فشاری ئێرانە لەڕێی بەغداوە.
یەكەمیان:
سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم، پێشبینی دەكرێت دۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستا بەچەقبەستویی نەمێنێتەوە. پێدەچێت یەكێتیی و هاوپەیمانەكانی بیانەوێ‌ گۆمەكە بشلەقێنن و  پارتی بخەنە بەردەم پێكهێنانی حكومەت یاخود هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و كۆمەڵێك رێكاریی دیكە كە لەماوەی دوو ساڵی كاربەڕێكاریی حكومەت بڕیاری لێداون. لەمەدا پارتی و یەكێتیی چاكتر لەوانی دیكە لەیەكتر تێدەگەن.
وەك لەنوسینەكانی پێشوو پێشبینیمان كردبوو، یەكێتیی بەبێ‌ پارتی سەرۆك كۆمار بباتەوە سەقفی داواكارییەكانی بەرزدەكاتەوە. بەرزكردنەوەی سەقفی داواكاریی یەكێتیی لەپرسی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەستپێدەكات تا دەگاتە گەڕانەوە بۆ سەردەمی فیفتی بەفیفتی (50 بە 50).
پارتی پەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی نییە، چونكە پەرلەمان داخراوەو حكومەت و دامەزراوەو دەسەڵاتەكانی حوكمڕانی بەدەستەوەیە بۆیە بۆ پەلەی پێكهێنانی حكومەتی بێت؟! بەڵام ئەمە تا سەر دەبێت؟ وڵامەكەی جارێ‌ نازانین، دەوەستێتە  سەر كاردانەوەو جموجۆڵ و داوكاریی یەكێتیی و هاوپەیمانەكانی.
لەبەرامبەر ئەو پەلەنەكردنەی پارتی لەپێكهێنانی حكومەت، بەدوورنازانرێت یەكێتیی بچێتە دادگای فیدراڵ و زنجیرەیەك سكاڵا لەسەر پرسی دواكەوتنی حكومەتی هەرێم و چارەنوسی ئەم خولەی پەرلەمان و هاوكات زنجیرەیەك بڕیارو رێكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە لەماوەی كاربەڕێكاریی دەریكردوون. لەچەند ساڵی رابردووش دادگای دەستوریی یان فیدراڵ لەپرسی هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێشینەی هەیەو چەندین بڕیاری دەركرد، بۆیە بەدوور نازانرێت سەبارەت بەم پرسانەش سكاڵا تۆماربكرێت، لەدوایین سەردانیشیدا بۆ بەغدا نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆكی پارتی بۆ بەغدا مەترسی پارتی لەم پرسەدا لەگەڵ لایەنە شیعەكان نەشاردۆتەوە.
دووەمیان:
لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، بەپشتیوانیی و فشاری ئیقلیمیی، یەكەمین پرۆژە بێتە پەرلەمان پرۆژەی بودجە دەبێت. بەپێی ئەو قسەو باسانەی لەناو پەرلەمانتارانی شیعەو بەشێك لەسوننە دەكرێت، پێدەچێت جارێكی دیكە گەڕ بەهەرێم بگیرێت و هەوڵبدرێت هەم دۆسیەی نەوت بەتەواوی لەبندەستی هەرێم دەربهێنرێت و هەمیش گرفت بۆ هەرێم دروستبكرێت لەڕێی زیادكردنی پابەندیی هەرێم لەبەرامبەر خەرجكردنی موچە لەلایەن بەغداوە.
جگە لەپرسی نەوت و موچە، رەنگە دۆسیەی دیكەش بوروژێنرێت بۆ سنورداركردن و كۆنترۆڵكردنی سنورەكان و كەمكردنەوەی قەبارەی بازرگانیی وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
خولاسە
كورد بەدۆخێكی ئێجگار خراپدا تێدەڕێت، مەترسیەكان زۆر زیاترن لەوەی باسی لێوەدەكرێت. دەمارگیریی نەتەوەیی و دەستوەردانی ئیقلیمیی یەكدیگر بوون لەدژی كوردو قەوارەی هەرێم، تاكە فاكتەرو هۆكاریش بۆ بەرگرتن لەو مەترسیانە، یەكەم؛ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و شەرعیەتدانەوەیە بەدامەزراوەكانی حكومڕانیی و چاكسازییە لەهەموو جومگەكان، بەتایبەتیش یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، دووەمیش سازان و یەك گوتارییە لەبەغدا بۆ رووبەرووبونەوەی فشارەكانی لەبەغداوە بەڕێوەن، ئەگینا فشارەكان زۆر زیاترە لەتوانای هەرێم.
هەزار رەحمەت لەبابت پلاسخارت، ئەو نەسیحەتەی تۆ كردت، دڵسۆزانەو دۆستانە بوو، لەبیرناچێتەوە. بەر لە 5 ساڵ لەبەردەم لێپرسراوانی حكومەت و حزبە سیاسیەكانی كوردستان گوتی: "هەرگیز وامەزانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمییە هەر بەمسۆگەریی و هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، هەربۆیە یەكڕیزیی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەهەموو شت پێویستترو گرنگترە".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی