دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هێرشی تووندی كردە سەر كورد و گوتی: "نائومێدیان" كردووە و ئەو چەكانەی بۆیان نێردرا بۆ ئەوەی بیگەیێننە دەست خۆپیشاندەرانی ئێران، لای خۆیان هێشتوویانەتەوە.
دوێنێ دووشەممە، ١١ ئایار دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی سەبارەت بەبابەتی ناردنی چەك بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران قسەی كردو گوتی خەڵك دەیانەوێت بڕژێنە سەر شەقامەكان، بەڵام هیچ چەكێكیان لا نییە. پێیانوابوو كوردەكان چەكیان پێدەدەن: "بەڵام ئەوان نائومێدیان كردین. كوردەكان تەنیا دەبەن، دەبەن و دەبەن."
ترەمپ رەخنەی لەو هاوسۆزیی و متمانەیە گرت كە لە نێو كۆنگرێسی ئەمریكادا بۆ كورد بوونی هەیە و گوتی، كورد ناوبانگێكی زۆرباشیان لە كۆنگرێس هەیە و لەوێ دەڵێن ئەوان زۆر بە تووندی شەڕ دەكەن، "بەڵام نەخێر؛ تەنیا كاتێك پارەیان دەدرێتێ بە باشی شەڕ دەكەن. بۆیە من زۆر لە كورد بێهیوام."
ئەمەی سەرەوە پوختەی قسەكانی سەرۆكی ئەمریكابوون لەسەر كوردو شەڕی ئێران و بارودۆخی ئێستا. بەڵام سەرۆك تڕەمپ پێویستە راشكاوانە راستیەكە بزانیت، كورد بۆچی بەشداریت لەگەڵ ناكەن؟. ماوەی چل ساڵە كوردو ئەمریكا خەریكی دروستكردنی متمانەو پەیوەندیەكی زۆر پتەون، تەواوی هەنگاوەكانیان بڕی و بێ ئەندازە شتی دەگمەن و راست و سەركەوتوویان ئەنجام دا. پێكەوە وێستگەی هێجگار سەختیان بڕی.
دنیایەك قارەمانیەتی و گۆڕانكاری و ئاڵنگاریان پێكەوە تێپەڕاند. بەڵام دوای ئەوەی تۆ لە خولی دووەم بوویتەوە سەرۆك، تۆم باراكی بە رەگەز عەرەبت كردە باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیاو نوێنەرت لە سوریا. ئەوەبوو دواجار توركەكان تۆم باراكیان هاك كرد، لەسەردەستی ئەوو بە موبارەكەو خیانەتی تۆم باراك، كیانی رۆژئاوای كوردستان لەباربرا. ئەوەی چل ساڵ بوو پێكەوە دروستمان كرد هەمووی روخاند. بۆیە كورد هەڵوەستەیەكی زۆر جدی و گەورەی كرد دوای لەباربردنی كیانی رۆژئاوا.
ئەزانیت سەرۆك تڕەمپ، عەلی لاریجانی پیاوی یەكەمی ئێران دوای رابەر لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاوا وەڵامی دایەوەو گوتی: كوردەكان هاوكاری ئەمریكا ناكەن و پەلاماری رژێمی ئێران نادەن، چونكە لە سوریا كوردی فرۆشت و خیانەتی لێكردن. بۆیە كوردی عێراق و ئێران و سوریاو توركیا دژی ئێران ناجەنگن لەپێناو ئەمریكاو خیانەتیان لێكرا. جەنابی سەرۆك تڕەمپ ئەگەر ئەو چاوپێكەوتنەی لاریجانیت تەماشاكردبێت هەرگیز باسی نائومێدیت بەرامبەر كورد نەدەكردو بێ هیوا نەدەبوویت. لەبری ئەوە بانگی نوێنەرەكەت بكەو لێی بپرسە بۆچی وا وێنەو حەقیقەتی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان وێران كرد؟.
من راشكاوانە پێت دەڵێم كورد لە ئێران ناترسێ، بەڵكو لە خیانەتی دوای روخانی رژێم دەترسێت وەك ئەوەی لە حەلەب كردتان و لە رۆژهەڵاتی فوڕات كردتان. كورد لە موشەك و درۆنی ئێرانی ناترسێ بەڵكو لە خەنجەری خیانەتی تۆم باراك دەترسێت؟؟. ئێستاش داوای هیواو ئومێدو چەك مەكە لە كورد، بەڵكو چەكەكان لای تۆم باراكن و سەد لەسەد لای ئەون، لەو بپرسەو بانگی بكە بزانە ئەو چەكانەی چی لێكردوون؟. ئەگەر دەریشكەوت تۆم باراك ئاگاداری چەكەكان نیە، ئەوا زۆر خراپترو وێران تر، چونكە ئەوە چ جۆرە نوێنەرێكی ئەمریكایە لەم ناوچەیە كە ئاگاداری هاتن و شوێنی چەكی ئەمریكی نەبێت؟؟. سەرۆك تڕەمپ، تۆم باراك ستراتیژو پێگەی راستەقینەی ئەمریكای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێران كرد. ئیدی چۆن راستی دەكەنەوە ئەوا لای خۆتانەو كاری ئێوەیەو ئێمە نازانین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی