کوردی دەرەوەی مێژو

11 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

هەردو پەیامی پێش جەژن و ئەم دوایەی مەسعود بارزانی بۆ ڕێکەوتنی لایەنەکان و داکۆکی لەپێشمەرگە، مایەی هەڵوەستەن، ڕاستی لایەنی پەرۆشی پەیامەکان بۆ من جێی هەڵوەستە نیە لەو ڕوانگەیەوە بارزانی خۆی بەرپرسە لەوەی حزبەکەی کەزۆرترین دەنگ و کورسی هەیە هەژدە مانگە لایەنێکی سەرەکی پەکخستن و کۆنەبونەوەو کارانەکردنەوەی پارلەمانە، پەیامەکە کاتێک گرنگە بارزانی دوو دەستپێشخەری بکات، یەکەم سی و نۆ پارلەمانتارەکەی پارتی و ئەوەش کە بەتەکیان دەکەوێت بباتە پارلەمان و بڵێت فەرموو بادەست پێبکەین، بۆ خۆیشی ئەرک بکێشێت و سەردانێکی دەباشان بکات، ئەگەر دەیەوێت پەیامەکەی ببێتە کردار، لەدەرەوەی ئەم هەنگاوانە پەیامەکە لەقسە زیاتر نیە، ئەحمەد موختار بەگ دەڵێ قسە ناچێتە گیرفانەوە.

سەبارەت پێشمەرگە، جارێ دەبێت بزانین هەرخۆی یەکنەخستن و یەکنەگرتن و ڕێکنەخستنی پێشمەرگە لەچوارچێوەی هێزێکی کوردستانیدا، ئەو هێزەی کردوە بەمیلیشیای حزبی ئەمەش کێماسەکی گەورەیە بەتایبەت بۆ پارتی ویەکێتی، هەروەها بارزانی سیانزە ساڵ سەرۆکی هەرێم بوو، واتە سەرۆکی هێزە چەکدارەکانیش بوو ، یەکجار هەنگاوی کردەیی نەنا بۆ یەکخستنی پێشمەرگەو هەفتاو هەشتاو زێرەڤانی و بەرگری و فریاکوتن، ئێستاش درەنگ نیە با پارتی دەستپێشەری بکات و حزب و پێشمەرگە لەیەکتر جیاکاتەوەو پێشمەرگە بداتە وەزارەتی پێشمەرگەو لەدەستوەردانی حزبی دوریبخاتەوە، ئەمە بە قسە نابێت، ئەگەر پێشمەرگە یەک بن، لەبری حزب هێزی کوردستان بن کەس ناتوانێ وەک میلیشیا سەیریان بکات، لەدەرەوەی ئەمە، دەمێکە پێشمەرکە لای ئەمەریکاو عێراق وەک میلیشیا سەیر دەکرێت، هەر ئەو کاتەی لەسەردەمی دەسەڵاتی هۆشیار زێباریدا لەبەغدا کە ئەمەریکاو عێراق ئیتفاقیەی کشانەوەی هێزی بیانیان لە عێراق واژو کرد، لە ڕێکەوتنەکەدا چەند جار نوسرابوو هێزگەلی دەرەوەی قانون، هەروەها ئەرزو ئاسمانی عێراق ڕادەستی سوپای عێراق کرابوو بەهەرێمیشەوە، ئەوسا نە وەزیری دەرەوە نەکەس متەقی نەکرد، بۆیە نەچوە بچێ با بەیەکخستنی پێشمەرگەی کوردستان وەڵامی دەمکوتکەرانەی بەراک و هەر کەسێکی تر بدرێتەوە.

بەدوای دو پەیامەکەی بارزانیدا سەرۆکی حکومەتیش بەلایەنگەلی دیکە دەڵێ با ئاقڵانە بیر بکەنەوە، کاکی برا ئەگەر قسە لەهەنگاوی ئاقڵانەو بیرکردنەوەی ئاقڵانە بکرێت، ئەمە بۆ پارتیش ڕاستە، ئێ تۆش هەم کوڕی سەرۆکی پارتی هەم جێگری سەرۆکی کەواتە دیسان هەنگاو دەبێت لەئێوەوە دەست پێبکات، من باوەڕم وایە کەس نابێت لەپرسی هەرێمی کوردستاندا لەسەر بورجی عاجەوە ئامۆژگاری ئەوانی دیکە بکات، هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی جدی لەسەرە، وەک چۆن کەرکوکیش هەمان هەڕەشەی بەزیادەوە لەسەرە، لایەنی زۆری هەڕەشەکەش ڕۆڵی ناجۆرانەی پارتی و یەکێتیە، کێدەستی گرتون، ئەرێ خەتای کێیە دوو ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کەپارتین لەگەڵ پێنج ئەندامەکەی یەکێتی هاوپەیمانی کوردی دروست ناکەن، عەرەب سێ بەش بوون بوونە یەک کەچی کورد شیرو تیر لەیەک دەسون، پرسیارو ئاماژەکە بۆ ئەوە بوو بڵێم پارتی نابێ قسە بکات دەبێت هەنگاو بنات.

ئەگەر ڕاشکاو بین دەبێت دانی پێدا بنەینکەلەدەرەوەی مێژوداین و هێشتا قۆناغی خێڵمان تێنەپەڕاندوەو نەبوینە بەنەتەوە بەو مانایەی برین و ئازار کۆمانبکاتەوە، دڵنیام بارزانیەکان لەم قسەیەم تێدەگەن، یەکەمین هەنگاو دەبێ ئەوان بینەن مێژومان لیپە لەناشرینی و خوێن و ستەم ، کێ دەتوانێت لەو مێژوە دەرباز بێت، دەبێت بوێرو بگۆ بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی