ڕێککەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ، ڕێکخستنەوەی هێزو توانای زۆرینەی خەڵکی کوردستانە، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ سەردەم و قۆناغێکی نوێی جیهانی.
ئەوەی پێشتر لەپەنای ڕوخاندنی دەسەڵات، کۆمەڵێك گروپ و حیزبی نوێ هاتن ماوەیەك بەردەرکی سەرای سلێمانیان گرتبوو، بەم بزاوتەیان کۆمەڵێك کەسیان کردە پەرلەمانتێرو وەزیر، بەهۆی تێکدانی بەڵانسی سیاسی و ئیداریش، گۆبەندێکیان تووشی خەڵك کرد، تا ئێستا بەدەست ئاسەوارە خراپەکانیەوە دەناڵێنن.
ڕێککەوتنی یەکێتیی و نەوەی نوێ، پشتگیری و گڵۆپی سەوزی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەگەڵدایەو لەپێناو پێچانەوەی قۆناغێکی دژوارو کارەساتباری خەڵکی کوردستان، ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی بوێرانەیە، یەکێتی و نەوەی نوێ وەڵامی سەردەمە نوێیەکەیان دایەوە، لەداهاتوو مێژوو لەلاپەڕەکانی خۆیدا، وەك دوو پاڵەوان ناوی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەکات.
ئەم سەردەمە نوێیە، کە لەدوای جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، نەك گۆڕینی وڵات و گروپەکان، بەڵکو ژیانی تاك بەتاکی ئەم ناوچەیەش دەگۆڕێت و بۆ هەتا هەتایە شەڕ کۆتایی دێت، تەنانەت میلیشیا چەکدارە لەیاسا دەرچووەکانیش درکیان بەم گۆڕانکاریانە کردوەو پەلەیانە یەکێك بێت چەکەکانیان لێوەربگرێتەوەو بەرگێکی نوێ بپۆشن.
پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ڕەچاوی ئەم بارودۆخ و سەردەمە نوێیە بکات و لەپێناو بەرژەوەندی خۆی و ئەزمونەکەمان، لەگەڵ ئەم باهۆزی گۆڕانکاریانە بڕوات، تا بەجێ نەمێنێت، خەڵكی کوردستان، بەهۆی شەڕو تاڵانی و گەندەڵیەوە زۆر ماندوو بووەو مەرجی یەکەم و سەرەکی ئەم قۆناغە نوێیەش، چەك و سامانی گەلان دەداتەوە دەست حکومەت و قانون، نابێ لەدەست بنەماڵەو ماڵی فلان و فیسار بمێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی