(١)
لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەژێر قورسایی قەیرانی
بەردەوامی دارایی، بێکاری و کێشەی بێزارکەری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا ئەناڵێنن،
لێدوانی ئەم دواییەی سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرنجێکی زۆر ڕادەکێشن.
کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، بە ڕاشکاوی دان بە ڕاستییەکی تاڵدا دەنێت
و دەڵێت: «ئەمڕۆ خۆی دوو ئیدارەییە بەداخەوە... حدودێک هەیە لەنێوان ئەم دیو و ئەو
دیو. گومرگ هەیە لەنێوان ئەم دیو و ئەو دیو». لەولاشەوە، کاک بافڵ تاڵەبانی وەک ئەوەی
خۆیان بەشدار نەبوون تێدا هێرش دەکاتە سەر شێوازی حوکمڕانی کابینەی ئێستا و ڕایدەگەیەنێت
کە «کەس حکومەتی پێشووی ناوێت» و بەڵێنی گۆڕانکاری ئەدات.
ئەم گوتارانە، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەک ڕەخنەگرتن لە نەیارە
سیاسییەکان نیشان ئەدرێن، بەڵام هاوکات گەورەترین پرسیار و نیشانەی سەرسوڕمان ئەخەنە
سەر هەردوو جەمسەری دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی). واقیعی تاڵی ئەمڕۆ
ئەوەیە کە هاوڵاتیان لە نێوان دوو مۆدێلی شکستی حوکمڕانیدا گیریان خواردووە.
(٢)
زۆنی سەوز و دروشمی داهاتوو و غیابی مۆدێلی سەرکەوتوو
ئەگەر بە قسەی سەرکردەکانی یەکێتی بێت، ئێستا "دوو
ئیدارەیی" هەیە و زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) لەژێر دەسەڵات
و هەژموونی ڕەهای خۆیاندایە. لێرەوە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە «بۆچی لەم سنوورەی
کە وەک خۆتان دەڵێن حاکمی ڕەهان، مۆدێلێکی وا لە حوکمڕانی پێشکەش ناکەن کە ببێتە جێی
حەسادەتی ناوچەکانی تر؟»
کاتێک دەسەڵاتی دارایی، ئەمنی، و کارگێڕی زۆنێک بە تەواوی
لەدەست خۆتاندا بێت، ئیتر ناتوانیت پشکی شێری بەرپرسیارێتی پاشەکشەی وەبەرهێنان، کۆچکردنی
سەرمایە لە سلێمانییەوە، و کێشەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و ئاو بخەیتە ئەستۆی
"هەولێر". ئەگەر گومرگ و سنوور لە نێوان دوو زۆنەکەدا هەیە، کەواتە
داهاتی گومرگی باشماخ و پەروێزخان و باجەکانی ئەم زۆنە بۆچی خزمەتی پێشینەی هاوڵاتیانی
پێ ناکرێت؟ باشترین کەمپینی هەڵبژاردن پێشکەشکردنی "شەڕی نمونەییە" لەو
شوێنەی حوکمی ئەکەیت، نەک بەڵێندانی وشک بۆ داهاتوو.
(٣)
زۆنی زەرد و
ئاوەدانیی ڕواڵەتی، نادادپەروەری.
ئەم پاشەکشەیەی زۆنی سەوز، بۆ ساتێک ئیدارەی هەولێر و دهۆک
(پارتی دیموکراتی کوردستان) لە بەرپرسیارێتی بەدەر ناکات. ئەگەر لە سلێمانی دۆخەکە
بەهۆی بێسەروبەریی کارگێڕییەوە جێی ڕەخنە بێت، ئەوا لە هەولێری پایتەخت، کێشەکە فۆرمێکی
تر و لەمەش قورستری بەخۆوە گرتووە: فەرزکردنی مۆدێلێکی سەپێنراو لەژێر ناوی
"حکومڕانیی بەهێز" کە لە ناوەڕۆکدا پڕە لە نادادپەروەری.
هەروەها سزای
سیاسیی ناوچەکانی تر. کاتێک پارتی وەک هێزی یەکەم ڕەفتار ئەکات، گەورەترین شکستی ئەو
کاتە دەرئەکەوێت کە ناتوانێت وەک "باوکێکی دادپەروەر" بۆ هەموو شارەکان
بێت. بەستنەوەی بودجەی خزمەتگوزاریی سلێمانی بە داهاتی ناوخۆی خۆیەوە، سزادانی ناڕاستەوخۆی
هاوڵاتیانی ئەو زۆنەیە بەهۆی ململانێی حیزبییەوە.
راستە هەولێر
لە ڕووی باڵەخانە و شەقامی پانەوە گەشەی کردووە، بەڵام ئەمە تەنیا کەرتی تایبەت و
کۆمپانیا سێبەرەکانی حیزبی دەوڵەمەند کردووە. لە کاتێکدا گەڕەکە نوێ و شاهانەکان
خزمەتی زۆریان هەیە، گەڕەکە هەژارنشینەکانی تەنیشت خۆیان لە هاویندا تەنکەری ئاو دەکڕن
و لە زستاندا ژێرئاو ئەکەون.
ئەگەر جاران
سلێمانی شانازیی بە بەرقەرارکردنی ئازادیییەوە دەکرد، ئێستا هاوشێوەی هەولێر بەدەست گوشاری دەسەڵاتی
ئەمنی، سەرکوتکردنی دەنگە جیاوازەکان (دۆسیەی لاهور و بەبارمتەگرتنی شاسوار و حیزبەکەی
هەر وەک دۆسیەی زیندانیانی بادینان کاری نا یاسایی و دژ بە ئازادییە) و دەڤەری سەوزیش
وەک زەرد بەدەست قۆرخکاریی ڕەهای بازاڕەوە دەناڵێنێت.
(٤)
دۆخی هەرێمی کوردستان بەهۆی یارییەکی مەترسیداری هاوبەشی
هەردوو حیزبەوە وێران بووە… زۆنی سەوز بە
ناوی "ئازادی و لۆکاڵیکردن"ەوە خەریکی فەوزا و بێباکییە لە حوکمڕانی، و
زۆنی زەردیش بە ناوی "یاسا و دەوڵەتداری"یەوە خەریکی قۆرخکاریی ڕەهای دەسەڵات،
سامانی وڵات و فەرامۆشکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.
هەردوولا دوو ڕووی یەک دراون؛ یەکێکیان ناتوانێت ئەو زۆنەی
هەیەتی بەڕێوەببات و ئەوی تریشیان دەیەوێت بە ناوی مەرکەزییەتەوە هەژموونی حیزبی خۆی
بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. تا ئەو کاتەی ئەم دوو مۆدێلە نەبنە نموونەیەک بۆ ڕێزگرتن
لە هاوڵاتی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە، وتار و دروشمەکانی هەردوولا تەنیا وەک خۆدزینەوە
لە بەرپرسیارێتی دەمێننەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی