کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەئێستاوە بۆ ئایندە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

حەکیم عەبدوالکریم

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە ڕێکەوتی ٦ و ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ٢٤ەمین جڤاتی گشتیی خۆی لە هۆڵەندا بەڕێوەبرد. ئەم کۆبوونەوەیە لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسسازدا ئەنجامدرا، کاتێک کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە گەورەکاندا بوو و هاوکێشەکانی هێز لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەردەوام لە گۆڕان بوون. ئەنجامنامەی ئەم جڤاتە تەنها کۆمەڵە بڕیار و ڕاسپاردەیەکی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی سیاسی و ستراتیژییە کە هەوڵ دەدات هەڵوێست و تێڕوانینی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهان دیاری بکات. بۆیە خوێندنەوەی ناوەرۆک و پەیامەکانی ئەم ئەنجامنامەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە دەتوانێت ئاراستە و ئامانجە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە قۆناغی داهاتوودا ڕوون بکاتەوە.

جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و پێگەی کورد لە گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا
یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکانی ئەنجامنامەی ٢٤ەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان شیکردنەوەی بارودۆخی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەکەیە. لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی ملمڵانێی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ئەم بارودۆخە وەک قۆناغێکی نوێ لە ملمڵانێی جیهانیدا دەبینرێت. لە تێڕوانینی کۆنگرەوە، سیستەمی سیاسیی دروستکراوی دوای ڕێککەوتنامەی لۆزان، کە سەد ساڵ پێشتر لەسەر بنەمای دابەشکردنی کوردستان و نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دامەزرابوو، ئێستا بەردەوام لە تێکچوون و داڕماندایە.

لە هەمان کاتدا، کۆنگرە پشتیوانی لە ستراتیژییەکی سەربەخۆ و سەربەست دەکات و پێیوایە کە کورد نابێت ببێتە پاشکۆی هیچ یەکێک لە جەمسەرە سیاسی و سەربازییەکان. بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی، لە دەرفەتە مێژووییەکان سوود وەربگرێت و پێگەی خۆی لە هاوکێشە نوێیەکاندا بپارێزێت. هەروەها ئەنجامنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گەلی کورد لە قۆناغێکی نوێی مێژووییدایە؛ قۆناغێک کە تێیدا سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوون و ناسنامەی کورد بە هێواشی سنوورەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت. بەڵام، ئەم قۆناغە پێویستی بە خەباتی یاسایی، سیاسی و دیپلۆماسیی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی داننان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد ببێتە ڕاستییەکی سیاسی و یاسایی.

پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و دەستپێشخەریی ئیمراڵی
ئەنجامنامەکە گرنگییەکی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان دەدات. لە شیکردنەوەکەدا، دەستپێشخەریی ئیمراڵی و بانگەوازی  بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا ناسێنراوە. لە ڕوانگەی کۆنگرەوە، ئەم پرۆسەیە گەیشتووەتە قۆناغێک کە پێویستی بە گەرەنتیی یاسایی و نێودەوڵەتی هەیە.

لەبەر ئەمە، داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە ئازادکردنی بێمەرجی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ بەشداربوون لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، بوونی لایەنی سێیەمی بێلایەن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە و هەروەها دەرکردنی یاسا و ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن پەرلەمانی تورکیا بۆ گواستنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ئاستی سیاسی بۆ ئاستی یاسایی و دامەزراوەیی.

یەکسانی هەڵوێست لە بەرامبەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان
یەکێک لە بنەما فکری و سیاسییە گرنگەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەیە کە پرسی کوردستان وەک پرسی یەک نەتەوە دەبینێت و لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا هەمان ئاست و هەمان پرەنسیپی پەیڕەو دەکات. لە تێڕوانینی کۆنگرەوە، هەموو دەوڵەتەکانی دابەشکردنی کوردستان بە شێوەیەکی هاوشێوە بەرپرسیارن لە بەردەوامبوونی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد.

لە هەمان کاتدا، کۆنگرە هەڵوێستێکی ڕوون سەبارەت بە عێراق هەیە. ئەم دامەزراوەیە بەردەوام پشتیوانی لەو خەباتە دەکات کە بۆ مسۆگەرکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق کراوە. لە ڕوانگەی کۆنگرەوە، ئەو دەستکەوتانەی گەلی باشووری کوردستان بە قوربانی و تێکۆشانی چەندین دەیە بەدەستی هێناون، دەبێت لە دەستور و پراکتیکی سیاسیی دەوڵەتی عێراقدا بە تەواوی ڕەنگبداتەوە و پارێزراو بێت.

باشووری کوردستان و پێویستی پاراستنی قەوارەی دەستووری
ئەنجامنامەکە دۆخی باشووری کوردستان بە وردی هەڵدەسەنگێنێت. لە لایەکدا، هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و قەوارەیەکی دەستووری ناسێنراوە. لە لایەکی دیکەشدا، ئاماژە بە بنبەستی سیاسی، دواخستنی پێکهاتنی حکومەت، کێشەکانی ماددەی ١٤٠ و هێرشە دەرەکییەکان دەکرێت.

کۆنگرە باوەڕی وایە کە پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەییە و تەنها پەیوەندی بە باشووری کوردستانەوە نییە. هەرێم وەک هەناسە و دەستکەوتێکی هاوبەشی هەموو کوردستان دەبینرێت و بۆیە هەموو تاکێکی گەلی کورد دەبێت خۆی بە پارێزەری ئەم دەستکەوتە بزانێت. هەروەها، کۆنگرە پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکات کە بۆ چاکسازی، دادپەروەری و بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراتییەکان بکرێت.

ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە شیکردنەوەی کۆنگرەدا، ڕۆژاوای کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیک ناسێنراوە. بەڵام، هێرشی هێزە توندڕەوەکان و نادیاریی چارەنووسی ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بە مەترسییەکی بەردەوام باس کراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، کۆنگرە بەهێزبوونی هۆشیاریی سیاسی و نزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکان بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت، بەڵام سەرکوت، لەسێدارەدان و کوشتنی کۆڵبەران بە بەردەوامی مەحکوم دەکات و داوای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە سیاسییەکان دەکات.

زمان، ناسنامە و فرەچەشنیی کوردستان
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ئەنجامنامەکە بریتییە لە پاراستنی زمانی کوردی و ناسنامەی کولتووریی گەلی کورد. لە ڕوانگەی کۆنگرەوە، کوردستان ناوچەیەکی فرەزمان، فرەزاراوە و فرەکولتوورە و ئەم فرەچەشنییە دەوڵەمەندییەکی نەتەوەییە. بۆیە داوای لە دامەزراوە فەرمییەکان، زانکۆکان، ئەکادیمیاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تاکە کەسەکان دەکات بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ پێشخستنی زمانی کوردی، پاراستنی زاراوەکان و بەهێزکردنی بەرهەمی زانستی و کولتووری بکەن.

لە تێڕوانینی ئەنجامنامەکەدا، زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو ستوونی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی مێژوو و یادەوەریی کۆمەڵایەتییە. بۆیە پاراستنی زمانی کوردی و گەشەپێدانی لە هەموو زاراوە و شێوە زمانییەکانیدا بەشێکە لە خەباتی گشتی بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی گەلی کورد.

کورد و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
لە بوارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کۆنگرە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کورد، وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکانی جیهان، دەبێت پێگەیەکی دیاریکراوی نێودەوڵەتی هەبێت. ئەنجامنامەکە داوا دەکات گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی نزیکەی ٦٠ ملیۆنی بێدەوڵەت بتوانێت لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا، بە تایبەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرایەتی و پێگەیەکی فەرمی وەک ئەندامی چاودێر هەبێت.

لە ڕوانگەی ئەنجامنامەکەوە، ئەوەی نەتەوەیەکی بەم قەبارەیە هێشتا لە زۆربەی دامەزراوە نێودەوڵەتییە گرنگەکاندا نوێنەرایەتیی فەرمی نەبێت، نادادپەروەرییەکی مێژووییە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت کە کورد بووەتە قوربانی دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان و چارەسەری پایەدار بۆ پرسی کورد پێویستی بە داننان و بەشداریی ڕاستەوخۆی گەلی کورد لە بڕیاردانە نێودەوڵەتییەکان هەیە.

گەنجان و ئایندەی بزووتنەوەی نەتەوەیی
بابەتێکی گرنگی دیکە لە ئەنجامنامەکەدا بریتییە لە ڕۆڵی گەنجان. کۆنگرە باوەڕی وایە کە گەنجانی کورد نەک تەنها هێزی داهاتوون، بەڵکو لە ئێستاشدا یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەردەوامی و نوێبوونەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردن. لەبەر ئەوە، جەخت لەسەر پێویستی ڕێگەکردنەوە بۆ بەشداریی کاریگەری گەنجان لە هەموو ئاستەکانی بڕیاردان و کارکردنی جومگە و دامەزراوەکانی کۆنگرە دەکرێتەوە.

ئەنجامنامەکە ئاماژە بە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان دەکات، کاتێک گەنجانی کورد لە دەمەوەختی هێرش و مەترسییەکاندا بە ڕۆحی بەرخۆدان و خۆبەخشین توانییان ڕۆڵێکی چارەنووسساز بگێڕن. لە ڕوانگەی کۆنگرەوە، ئەم ئەزموونە دەریدەخات کە گەنجان دەتوانن هەم لە کاتی مەترسیدا بەرگری لە دەستکەوتە نەتەوەییەکان بکەن و هەم لە کاتی ئاساییشدا ببنە هێزی بنیاتنانی داهاتوو. هەر لەم سۆنگەیەوە، گەنجان وەک هێزی مسۆگەرکردنی ئایندە و بەدیهێنانی ئاواتە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەبینرێن.

کۆتایی
بە گشتی، ئەنجامنامەی ٢٤ەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەڵگەنامەیەکی سیاسی و ستراتیژییە کە هەوڵ دەدات تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ داهاتووی پرسی کورد پێشکەش بکات. ناوەرۆکی ئەنجامنامەکە لەسەر چەند بنەمای سەرەکی وەستاویە: یەکێتیی نەتەوەیی، پاراستنی دەستکەوتەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان، پاراستنی زمان و ناسنامە، بەهێزکردنی ڕۆڵی گەنجان و فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، ئەنجامنامەکە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی گوتاری نەتەوەیی کورد لە ئاستی داواکارییە سیاسییە هەرێمایەتییەکان بۆ ئاستی ستراتیژییەکی نێودەوڵەتی و ماف‌محوەر. هەرچەندە جێبەجێکردنی زۆرێک لە ئامانجەکانی پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسیی ناوچە و ئیرادەی دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، بەڵام ئەنجامنامەکە بە ڕوونی دەریدەخات کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵ دەدات خۆی وەک دەنگ و چوارچێوەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان بناسێنێت و بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ داننان بە ماف و ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا. :::

 ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری KNK

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی