موبوتو سێسێ سێکۆ-ی سەرۆکی پێشوتری کۆنگۆ یەکێکبوو لەگەندەڵترین دیکتاتۆرەکانی مێژوو، بەڵام بۆ ڕازیکردنی سندوقی نێودەوڵەتی دراوو وڵاتانی ڕۆژئاوا، جارجارە کەمپەینی دژە گەندەڵی ڕادەگەیاند، وتاری حەماسیی بۆ خەڵک دەداو داوای لێدەکردن بەرپرسە گەندەڵەکانو ئەوانەی بەرتیل وەردەگرن، ئاشکرابکەنو بەڵێنی پاداشتی گەورەی پێدەدان.
کابرا بوە جێگەی گاڵتەجاڕیی، چونکە خەڵک دەیانزانی کە خودی موبوتوو بازنە نزیکەکەی دەسەڵات سەرچاوەی گەندەڵین، لەئەنجامدا، سیستمی پاداشتەکە تەنها وەک ئامرازێک بەکارھات بۆ کێبڕکێی سیاسیی نێوان بەرپرسەکان، کە یەکتریان بەگەندەڵی تۆمەتباردەکرد بۆ ئەوەی لای موبوتو خۆیان خۆشەویست بکەن.
موبوتو لەگەڵ ئەوەی دیکتاتۆرێکی ترسناک بوو، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕەفتارەکانی وایکردبوو ببێتە قەرەقۆزو خەڵکیی بەقسەو کردارەکانی پێبکەنن، ئەو لەوتارێکی بەناوبانگیدا لەساڵی 1976 لەبەردەم خەڵکو بەرپرسانی وڵاتەکەیدا، دەستەواژەیەکی بەکارهێنا کە دواتر بوو بەدروشمی بیرۆکراسی زایر (کۆنگۆ)، "ئەگەر دەتانەوێت بدزن، بەعاقڵانە بدزن، بەشێوازێکی بێدەنگ، چونکە ئەگەر ئەوەندە زۆر بدزن کە یەکسەر دەوڵەمەندبن، دەستگیردەکرێن".
ئەو لیژنەیەی موبوتو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵییو دزیی دروستیکرد، خۆی سەرۆکی بوو، واتا دزە گەورەکە سەرۆکی لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی دزەکان بوو، لەکاتێکدا موبوتو داوای دۆزینەوەی گەندەڵکارانی دەکرد، خۆی خەریکی دروستکردنی کۆشکە ئەفسانەییەکەی بوو لەگوندی (گبادۆلیت)، هەر لەو گوندەدا فڕۆکەخانەیەکی تایبەتی دروستکردبوو، بۆئەوەی خێزانەکەی بۆ بازاڕکردن بچێتە پاریس، تەنها سەروەتی شەخسیی خۆی لەبانکەکانی سویسرا نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی