ئەرێ بە ڕاست نەخشەی ناوچەکە گۆڕرا یاخود دەگۆڕرێت؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

زاهیر باهیر

 

دوای هێڕشە ترۆریستییەکەی  حەماس بۆ سەر ئیسرائیل  لە 07/10/2023   و وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکانی غەزە  خەیاڵێك لە مێشکی گەلێك لە ڕۆشبیران و سیاسییەکان و ئەکادیمییەکاندا ماخۆلانی بوو کە گوایە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەم بیر و بۆچونە لەناو هەندێکیاندا کە هەرە دیارەکەیان خانمی مامۆستای زانکۆ و بە ناو شارەزا  لە سیاسەتی ئەمریکا 'خاتوو شاڵی' تا ئەو ڕادەیە دەڕۆیشت کە هیچ گومان و لێکدانەوەیەکی بۆ ڕای پێچەوانە نەدەهێڵایەوە .
لە ڕاستیدا خاتوو شاڵی ئەوەندە بە جوانی و ئاسانی و وردەکاری  و بەڵگەی نادروستەوە باسەکەی دەکرد و ڤیدۆی لەسەر دەکرد ، کە ئەوانەمان باوەڕمان پێی نەبوو هەر زۆر زۆر کەمینە بوین . ئەو ڤیدۆیانەی ئەو و قسە و خیتابی سیاسییەکان و نوسین و وتاری ئەکادیمیەکان و ڕۆشنبیران بە ڕوودانی شەڕ ڕەحمەت بەسەر کورددا دەبارێت کارێکی زۆریان کرد لەسەر شۆردنەوەی مێشکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی تا ئەو ڕادەیەی کە خەیاڵپڵاوی و کەلەپووتی جێگە بە هەموو ڕاستی دروستییەك لە مێشکیاندا لێژبکات و جێگایان بگرێتەوە .
پاش ئەم هەموو ماوەیە ئەوەی ئاشکرایە گۆرانکاراییەکی وا لە ناوچەکەدا ڕوی نەداوە جگە لە هێنانی بەشێکی داعش بۆ حوکمڕانی سوریا، ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی ئەو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەی سەرەوە داڕێژرابوو نەك هەر ڕووی نەدا، بەڵکو ڕووش نادات چونکە بەرژەوەندی ئێستای ئەمریکا و ڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانی دیکەیان ئەوە ناخوازێت . تورکیا و ئێران و  عێراق و سعودییە و میرنشینەکانی کەنداو وەکو خۆیان مانەوە و ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی و هەمیشەیی بوو نەگبەتەکانی فەلەستین بوون . هەرچیش پەیوەندی بە بارودۆخی کوردەوە هەیە ئەوەندەی من مێژوی کوردم خوێندبێتەوە هەرگیز بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا وەکو ئێستا خراپ و مەترسیدار نەبووە .  بە خوێندنەوەیەکی خێرای بارودۆخی بەشەکانی کوردستان دەکرێت ئەوەی کە وتوومە ڕوون بکەمەوە.
باشووری کوردستان :  لام وایە دەربارەی کوردانی باشوور زۆر ئاشکرایە کە ناکۆکی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی  کوردستان لەسەر پشکی پارە و پایە و پلە و دەسەڵات هەرگیز ئەوەندە خراپ نەبووە .  ئەوە بیست مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی هێشتا دیوەخانی چەلەحانییەی  دەمهەراشان و چەنەبازان و مشەخۆرانی پەڕلەمانتاری دەنگپێدراو نەکراوەتەوە تاکو  بەردەوام بن لە هەڵخەڵەتاندن و درۆ کردن لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا. هاوکاتیش هەموان دەزانن کە هیچ کام لەو حیزبانە بە حیزبە موعارەزەکانیشەوە هیچ کامیان  نە خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆیانن و نە خاوەنی بەرنامە و پلانیان. ئاشکرایە کە  ئێران و تورکیا و ئەمریکا بۆیان دادەنێن و هەڵیاندەسوڕێنن.
ڕۆژئاوای کوردستان: بە داخەوە کە بە دەردێك چووە و دەچێت کە نەك هیچ بەهایەك بۆ ئەوانەی کە دروشـم بوون وەکو : خۆسەری و فێمێنزم و کۆنفیداراڵیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و ئابووری هەرەوەزییانە نییەو نەماوەتەوە، بەڵکو ئەمانە  تا نەمانیان کاڵ بووەنەتەوە.  لەگەڵ ئەوەشدا  هێشتا حکومەتەکەی جۆلانی و ئەمریکا پێی رازی نین و دەیانەوێت هەسەدە و پەیەدە لەوە زیاتریش سازش بکەن.  لەمەش خراپتر تا ئێستاش کەسمان نازانین چارەنوسی ڕۆژئاوا بەرەو کوێ دەڕوات.
باکوری کوردستان: تاکە هەنگاوێکی گەورە کە نرابێت بێ دەنگکردنی چەکەکانی پەکەکەیە کە گەورەترین خزمەتی بە کوردی سێ پارچەی کوردستان کردووە . جگە لەمە پرسی کورد لە باکوردا لە ماوەی ئەم 16 مانگەدا هەنگاوێك نەچۆتە پێشەوە.
ئۆجەلان چەند پێشنیارێکی تاکلایەنانەی بێ گەڕانەوە بۆ قەندیل بۆ دەوڵەتی تورکیا کرد بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی دیاری نیە و نەبووە.  ئەم پێشنیارەی ئۆجەلان کە پەکەکە و هەرە زۆرینەی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسییەکان بە پرس و پرۆسەی ئاشتی دایانە قەڵەم زیانێكی گەورەی بە متمانە دا و تۆوی بێ هیوایی و بێ بڕوایی لە دڵی کوردانی هەموو پارچەکاندا چاند. لەوێش وەکو ڕۆژئاوا هەموو پرسی کورد لەو دروشمە بریقەدارانەی پەکەکەوە هاتۆتە سەر سێ خاڵی سەرەکی کە مورات قەریلان لەم ڕۆژانەدا بەیانی کرد :  یەکەم: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆی وەک نوێنەری سەرەکیی کورد.
دووەم: داننان بە بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو دەستوور و یاساکانی تورکیادا.
سێیەم: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی چەکدارەکان (گەریلا) بە ژیانی مەدەنی و سیاسییەوە.
ئەم سێ مەرجە یاخود داخوازیانە کە هیچ نین بۆ بزوتنەوەیەکی وەکو پەکەکە کە ئەو هەموو قوربانییەیان داوە ، لە ئێستادا لانی زۆری یا لانی باڵای داخوازی پەکەکەیە.  کەچی دەوڵەتی تورکیا بەوەش ڕازی نییە و دەیەوێت کە پەکەکە بێ چەند و چوون ، بێ یەکدی بینین و وتووێژ  خۆی لە چەك داماڵێت و خۆی ڕادەستی دەوڵەت بکات. دەوڵەتیش بە گوێرەی یاسای " تاوان و تێوەگلانیان" لە کێشەی "تیرۆریزم و تیرۆریستیدا" مامەڵەیان بکات. هەرچیش  سەرکردەکانیشیانە لەبەرخاتری خاترداران ڕێگایان پێبدرێت  کە بچنە وڵاتێکی ئەوروپی یا وڵاتانی  دیکە بەو مەرجەی کە دەستبەرداری سیاسەت ببن.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان : نە ئێستا و نە ئایندەش کەس نازانێت حیزبە موعاریزەکانی ئەوێ چارەنوس و دواڕۆژیان چییە و چی دەبێت .  سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا کە لە ڕێگەی تۆم باڕاك-ەوە جێبەجێ دەکرێت دوور نییە کە پێداگری و فشاری زۆر لەسەر حکومەتی هەرێم دابنێت کە سەران و بەرپرسانی ئەو حیزبانە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، یاخود ڕێگەیان پێبدرێت بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بڕۆن.  ئەمە گومانێکی چاوەرواننەکراو نییە کاتێك سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و لە تورکیا و لە عێراق و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا دەبینین .
هاوکاتیش مەترسی بوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران کە کورد زەرەرمەندی زیاتر دەبێت گریمانی ڕوودانی زۆرە  تا ئەو کاتەی  حکومەتی ئێران ئاوا بمێنێتەوە کە زۆربەی گرفتەکانی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن لە ملی ئەودایە، هاوکاتیش هیچ ئاشتەواییەك لە نێوانی ئێران و ئیسرائیلدا نییە .
لەسەر بناخەی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت لەسەر بۆش و بێ بەڵگە و لە کاتێکیشدا  کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینین گەشبین بین بەرانبەر بە بارودۆخەکە.  لەبەر ئەوە وا هەست دەکەم کە بارودۆخی کورد لە هەر چوار پارچەکەدا نادیارە و لەو پەڕی خراپیدایە.  لێرەشدا تەنها سیاسییەکان و سەرانی پارتەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت بەرپرسیاری ئەم مەترسییە هەڵگرن و لۆمەی خۆیان بکەن نەك ئەمریکا و حکومەتەکانی دەر و دراوسێ و عێڕاقیش .
  

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی