لەسەر رێکەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیار جلال


خاڵەکانی رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ زۆرینەی لە بەرژەوەندی گشتی و بە دامەزراوەییکردنی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە جێگەی دڵخۆشییە بە مەرجێک لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە بە فعلی کاری پێ بکرێت نەک تەنها نوسراوی سەر کاغەز بێت وەک هەموو ئەو دروشم و بەڵێنانەی لە دوای ساڵی ١٩٩١ بەخەڵک دراون... بۆیە ئێمە وەک دانیشتوانی سلێمانی و سنوری قەڵەمڕەوی یەکێتی چاوەڕێ دەکەین:
1-سەروەری بگەڕێتەوە بۆ دادگاکان و رێز لە یاسا بگیرێت، لە سبەی زوتر نییە هەموو ئەو کەسانەی لە زیندانن لە چوارچێوەی یاسا و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کەیسەکانیان یەکلابکرێتەوە، هەموو ئەوانەشی فەرمانی گرتنیان هەیە و پێشێلی یاسایان کردوە رادەستی دادگا بکرێن.
2- نرخی سوتەمەنی و کارەبا و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەم سنورە کەم بکرێتەوە، بە جۆرێک 25 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی ناو 50 هەزار بەرمیلەکەی هەرێم، بۆ کەمکردنەوەی نرخی سوتەمەنی بەکاربهێنرێت.
3- هەموو ئەو نادادییەی لە دابەشکردنی زەوی و پێدانی زەوی بە وەبەرهێنەران ساڵانێکە ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەردەوامە کۆتایی پێبێت و موڵکی گشتی بخرێتەوە خزمەتی گشتی هاوڵاتیانی سنورەکە.
4- خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنوری ئەم قەڵەمڕەوییە دابنرێن و لە جیاتی ئەوەی حزب کەسەکان دادەنێت، با کەسانی شایستە و لێهاتوو دابنرێن و حزب چاودێری کار و چالاکییەکانیان بکات لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان.
5- ئەو وەبەرهێنەرانەی لەم سنورەدا زەوییان پێدراوە و کردویانەتە شوقە و بە نرخی بازرگانی شوقە بە هاوڵاتیان دەفرۆشن ناچاربکرێن نرخی شوقەکانیان زۆر کەم بکەنەوە بە جۆرێک کارێک بکرێت ئەو گەنجانەی ژیانی هاوسەرگیریان پێکنەهێناوە بەهۆی کەمی داهاتەوە سودمەند بن.
6- چاودێری کەسانی بەرتیل خۆر بکرێت لە ناو دامودەزگاکان بە تایبەتی ئەو دامودەزگایانەی کە کاروباری بازرگانان و خاوەنکارەکانی لێ جێبەجێ دەکرێت.
7- کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی باج بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بازاڕ ببوژێتەوە.
8- بەیەک چاو سەیری سەرجەم قەزا و ناحیەکان بکرێت، بەتایبەتی ئەو قەزا و ناوچانەی ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە و بێبەشن لە خزمەتگوزاری ئاوڕی جددیان لێ بدرێتەوە...
9- رێگە نەدرێت چیتر ئەو مۆدێلی جنێو و تەشهیرەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتوەتەوە بەردەوامی پێ بدرێت، کارێک بکرێت خەڵک و دەزگا پەیوەندیدارەکان چڕتر کار لەسەر کۆتایی هێنان بەو مۆدێلە ناشارستانییە بکرێت کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە.

لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە کە بێگومان یەکێتییە ئاشتدەبێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ناوەرۆکی رێککەوتنەکە بەفعلی جێبەجێ نەکرێت، ئەوا نەک هاوشێوەی رێککەوتنەکەی ١٠ ساڵ پیش ئێستای گۆڕان و یەکێتی هیچ ئەنجامێکی نابێت، بەڵکو خەڵک زیاتر بێ متمانە دەبێت بەرامبەر بڕیاربەدەستانی قەڵەمڕەوییەکە و جارێکی دیکە پەنا دەبەنەوە بۆ شێوازی نوێ تا بە مافە شایستەکانیان دەگەن...


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی