مێژووی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مێژوویەکە پڕ لە پارادۆکس و هاوکێشەی نادادپەروەرانە. هێشتا مرەکەبەی ئەو واژۆ و سەردانە فەرمییانە وشک نەبووەتەوە کە تێیدا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، بەوپەڕی پرۆتۆکۆل و بەشداریی باڵاوە لە پرسەی ڕابەری پێشووی ئەو وڵاتەدا ئامادەبوم، ئەویش دوای کوژرانی بە بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کەچی وەڵامی تاران بۆ ئەم دڵسۆزی و سیاسەتی حەکیمانەیەی هەرێم، تەنها زمانی ئاگر، ئاسن و درۆن بوو. ئەمەیە ئەو "برایەتی" و وەفادارییەی کە سەرۆکە باڵا دەستەکانی تاران هەمیشە لە میدیاکانیاندا شانازیی پێوە دەکەن؟
میللەتی کورد، بە درێژایی مێژو، سەلماندوایەتی کە نەک هەر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی چواردەورەکەی، بەڵکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و هێورکەرەوەی ناوچەکە بوە.
کورد خاکی هیچ گەلێکی داگیر نەکردوە، دەستی لە کاروباری ناوخۆی کەس وەرنەداوە و تەنها لەناو سنوورەکانی خۆماندا بەدوای ژیانێکی شەرەفمەندانەدا گەڕاوین. لە جیاتی ئەوەی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکارانی ئێران لە هەرێم، ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی خۆیان بگەیەنن و ڕۆڵی بێلایەنانەی کورد بخەنەڕو، دەبینین ڕژێمێک کە هاووڵاتیانی خۆشی لە ناوخۆدا توشی داڕوخانی ئابوری و کۆمەڵایەتی کردوە، بێ گوێدانە هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی و مافی دراوسێیەتی، چەند ڕۆژێکە ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. ئاکامی ئەم سەرەڕۆییەش تەنها شەهیدبون و برینداربونی هاوڵاتیانی سڤیل و نانەوەی ترس و تۆقین بوە لە دڵی منداڵانی ئەم خاکەدا.
ئەم واقیعە تاڵە پەیامێکی ڕونمان پێدەدات: بێدەنگی و هیوای بێ بنەما بە دۆستایەتیی لایەنی هێرشبەر، تەنها شەهوەتی ئەوان بۆ هێرشی زیاتر تیژ دەکات. چیتر کاتی ئەوە نییە سەرکردایەتیی سیاسی، حزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکاکان بە چاوێکی ئاسایی و بێباکانە سەیری ئەم دۆخە مەترسیدارە بکەن، پێویستە هەڵوێستی ڕون و یەکلاکەرەوەیان هەبێت. ئەبێت شەقام بجوڵێت؛ تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە مافی خۆیەتی بڕژێتە سەر شەقامەکان بۆ ئیدانەکردنی ئەم وەحشیگەرییە سەربازییەی سوپای ئێران.
کورد هیچ بەرژەوەندی و پشکێکی لەو شەڕە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەدا نییە کە زلهێزەکان بۆ هەژمونی خۆیان بەرپای دەکەن, ئێمە نە بەشێک بوین لەو کێشانە و نە لە داهاتوشدا دەبینە سوتەمەنی ئەو یارییە سیاسییە گڵاوە، هەر بۆیە بێدەنگیی زیاتر، تەنها نەهامەتی و تەسلیمبونی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، و کاتی ئەوە هاتوە سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە بەردەوامانە دابنرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی