تەعریب، ستراتیجی پشیلەی مردوو

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد ڕەسوڵ

                         

ئەم ماوەیە بابەتی بەعەرەبکردنی کوردستان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیای کوردیی تەنیوە.
بە پارلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە وەزیری خانەنشینکراوی کوردستان و عێراقەوە، بە نووسەر و شیکەرەوەی سیاسییەوە، بە ئەکادیمیی و مامۆستایانی زانکۆوە، بە سەرمایەدار و بەڵێندەرەوە، بە کادێری حزبیی و تەنانەت بە میدیاکارەکانیشەوە، پێکڕا کە ڕاستەوخۆ سەر بە دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین یان بە ناڕاستەوخۆ و بە دەستی دوو و سێ و لە سێبەردا سەر بە ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتیین، باسی تەعریبکردنی کوردستان دەکەن.
ئایا تەعریبی شارەکانی کوردستان، وەکو شۆڕشگێڕەکانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمڕۆ و ئەم ماوەیە دەستیپێکردووە یان ئێستا گەیشتبێتە بەرزترین ئاستی خۆی؟
واتا ئەگەر پرسێک بە ناونیشانی "بەعەرەبکردنی کوردستان" هەبێت! و کەمترین بڕی ڕەوایەتی! هەبێت، یەکەم پرسیاری هەرە سادە کە لەبەردەم پرسەکەدایە، ئەوەیە، ئایا بەعەرەبکردنی کوردستان، لە کەیەوە دەستپێدەکات، ئەم چەند ڕۆژ و مانگەی ڕابردوو ڕوویداوە و لە پڕ وەکو پرسێکی گرنگ! و چارەنوسساز! هاتووەتە بەردەممان؟
وەڵامەکەی ئاشکرایە، نەخێر. ئەو دیاردەیەی کە تیۆریسیۆنەکانی! ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن و بە تەعریب ناوی دەبەن و هاواریان لێبەرز بووەتەوە لەبارەیەوە، لە چەند ڕۆژ و مانگی ڕابردووەوە نییە و لەپڕ نەبووە.
ئەی کەواتە بۆچی ئەو بەڕێزانە لە پڕ بیریان کەوتەوە؟!
ئایا ئەوەی ناودەبرێت بە تەعریب، چۆن و لە کەیەوە دەستیپێکردووە؟
پڕۆسەی هاتنی بە لێشاوی خەڵکی عەرەبی ناوچەکانی ناوەڕاست و هەندێک لە ڕۆژئاوای عێراق و هەندێکیش لە خەڵکی شارەکانی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە لە دوای کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعسەوە  لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە سەرەتاکەی دەستپێدەکات و لە دوای شەپۆلە توندوتیژییەکان و نائارامییەکانی ناوەڕاستی عێراق و ناوچە سووننەنشینەکان لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ ەوە زۆر زیاتری کرد، بەهۆی ئەوەی کە هەڕەشە لەسەر گیان و کار و ژیانیان هەبوو. هەروەها لە دوای سەرهەڵدانی داعش "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" و کەوتنی موسڵ و ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییەوە لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و تا نزیکەی سێ ساڵێک دواتر، ئەو کۆچە بەلێشاوەی خەڵکی عەرەب هەر بەردەوام بوو.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ وە و ئەو جێگیریی و ئارامییەی گەڕایەوە بۆ بۆ شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق، بەشی زۆری ئەو عەرەبانەی پەنایان هێنابووە بەر شارەکانی کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
هەروەها بەشی زۆری ئەوانەش کە لە دوای کەوتنی موسڵ و بە دەسەڵات گەیشتنی داعشەوە هاتبوون بۆ شارەکانی کوردستان، لە دوای ڕووخانی خەلافەتە ئیسلامییەکەی داعش و ئەبوبەکر بەغدادییەوە بە پڕۆسەیەکی درێژخایەن گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان.
بە کورتی هەموو ئەو عەرەبانەی کە بە کۆچی بەلێشاو بە هۆکاری نائارامیی هاتنە کوردستان، گەڕانەوە بۆ شار و ناوچەکانی خۆیان تەنیا بەشێکی زۆر کەمیان بە هۆکارێک یان پتر، لە کوردستان مانەوە.

ئەوەی ئێستا باسدەکرێت، ئەوەیە کە گوایا پڕۆسەی بەعەرەبکردن لە ڕێگەی کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوونەوە بەڕێوەدەچێت، لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی بەڵێندەرەکان و سەرمایەدارانەوە کە دەگمەنیان تێدایە لە نێو سەرمایەداران و بەڵێندەران، هاوبەشی دەسەڵاتدارێک نەبێت و پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکەی وەکو ڕێگایەک بۆ سپیکردنەوەی سامانی گوماناویی و سەرچاوەنەزانراو بەکارنەهێنابێت.
واتا کاتێک سەرمایەدارانی کوردستان لەپێناوی قازانج و بەدەستهێنانی دارایی تایبەتی خۆیاندا، هەموو کوردستان نقوم دەکەن لە پڕۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کە بەشێکیان پارە سپیکردنەوەی تاڵانچێتیی دەسەڵاتدارانن کە داهاتی گشتی کوردستانیان هەڵلوشیوە و بەردەوامیشن "ڕەنگە ئەگەر بڵێم بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەو جۆرەی سپیکردنەوەی پارەن، هەڵە نەبێت"، دێن لە پێناوی ساغکردنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی خۆیاندا بە بڕیاری دەستەی وەبەرهێنان کە دیسانەوە بڕیاری هاوبەشی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران خۆیانە، بڕیار دەدرێت ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانە بفرۆشرێن بە خەڵکی عەرەب، ئایا ئەم پڕۆسەی نیشتەجێکردنەی خەڵکی عەرەب لە کوردستان جگە لە کاری دەسەڵاتداران و سەرمایەداران کێیە؟ هەڵبەت کە ئەوە دەسەڵاتداران و سەمایەدارانی هاوبەشیانن کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ خەڵکی عەرەب دروستکردووە و پێیان فرۆشتوون و دەفرۆشن.
ئێستا با بپرسین تەعریب چییە؟
تەعریب، بریتییە لە پڕۆسەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوە و ئیتنیک و کەمینە زمانیی و ئاینییەکانی دیکەی عێراق جگە لە خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب، بۆ کۆچکردن و بەجێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان و لە جێگایاندا نیشتەجێکردنی خەڵکی عەرەبی شار و ناوچەکانی دیکە بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای شار یان ناوچەکە. ئەم پڕۆسەیە بە سەرپەرشتیی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و سوپا و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان بەڕێوەدەچوو هەروەکو لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتداری پێشوو بۆ ماوەی چەندین دەیە ئەنجامدرا.
جا لێرەدا باسەکەی ئێمە لەبارەی کوردەوەیە. واتا پڕۆسەی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراوی تەنگپێهەڵچنین و ناچارکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی کورد و کورد زمان، بە جێهێشتنی شوێنی ژیان و زێدی باب و باپیرانیان لە ناوچەکانی ئەوەی ناودەبرێن بە "ناوچە کێشە لەسەرەکان – جاران، هەروەها بە زمانی عەرەبیش "مناطق متنازع علیها" کە لەو دەستوورەی عێراقدا هاتووە کە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە کاتی خۆیدا خەڵکی کوردستانیان ئاڕاستەکرد و هاندا لە ڕاپرسییەکی گشتییدا دەنگی پێبدەن و هەر ئەوەش ڕوویدا" و "ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم – ئێستا و لە چەند ساڵێک پێشترەوە" وەکو کەرکوک، خانەقین، جەلەولا، ... هتد و لە بەرانبەردا نیشتەجێکردنی خەڵکی سەر بە نەتەوەی عەرەب لە جێگایاندا کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهێنران بە شێوەیەکی دەزگایی و سیستماتیک بە سەرپەرشتی دەوڵەت.
واتا پڕۆسەی تەعریب ناچاریی و لە ژێر فشاردا  بووە و لەو ناوچانە بووە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و بە گوێرەی دەستوور ناویان لێناون ناوچە کێشە لەسەرەکان.
بەڵام ئاشکرایە ئەوەی ئەو بەڕێزانەی بانگەشەکارانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی باسی دەکەن، ئەو ناوچانە نیین، بەڵکو مەبەستیان لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستانە. ئایا دەکرێت و ڕاستە، پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی کوردستان بە تەعریب، یان بە عەرەبکردن ناوببرێت.
هەڵبەت کە ناوبردنی پڕۆسەی هاتنی خەڵکی عەرەب بۆ کوردستان و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون، بە تەعریب هەڵەیە و هێندەی مەبەستێکی ئایدیۆلۆژییە، هێندە ناونانێکی دروست نییە.
بۆچی ناوبردنی ئەم پڕۆسەیە بە تەعریب، هەڵەیە؟ لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی داگیرکەری بێگانەدا ڕووبدات، بەڵکو لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارێییەکی کوردیی خۆماڵییدا، ڕوودەدات. ئایا هیچ دەسەڵاتدارێتییەک هەیە لە قەڵەمڕەوییەکەیدا دژ بە میللەت و نەتەوەکەی خۆی، پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیی بەڕێوەبچێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە نەخێرە، کەواتە هەر لە بنەماوە پڕۆسەیەک بە ناوی تەعریب لە گۆڕێ نییە و ئەگەریش وەڵامەکەی بەڵێیە، ئەوا لایەنی تاوانبار، دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتییە نەوەکو عەرەب یان عێراق.
دووەم: ئەمە پڕۆسەیەک نییە بەسەرپەرشتی دەوڵەت و دەزگاکانی، بەشێوەیەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراو بەڕێوەبچێت، بەڵکو هەڕەمەکییە و هەندێکیان دوای ماوەیەک یەکەی نیشتەجێبوونەکەیان دەفرۆشنەوە.
سێیەم: لەم پڕۆسەیەدا هیچ کەسێکی کورد ناچار نەکراوە بە هەرزانفرۆش یان چۆڵکردنی خانوو و ماڵەکەی یان لێی زەوت و داگیرکرابێت و ناچار بە جێهێشتنی شار و ناوچەکەی خۆی کرابێت.
چوارەم: دەوڵەتی عێراق پارەی نەداوە و پاڵپشتیی دارایی هیچ کەسێکی عەرەبی نەکردووە و هانی نەداون لە ناوچە و شارەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە بێن و لە شار و ناوچەکانی هەرێم نیشتەجێ ببن، هەروەکو لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار دەیکرد.
بەپێچەوانەوە، ئەوەی ئەو بەڕێزانە بە تەعریب ناوی دەبەن، دەسەڵاتدارێتییەکەی بزووتنەوەی کوردایەتییە کە هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی کردووە و هاندانی زۆری هەیە هاوشانی بەڵێندەران، کۆمپانیاکان و ژوورەکانی بازرگانیی و پیشەسازیی و یەکێتی بەڵێندەران، لەژێر ناوی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی و جووڵەی ئابووریی و بازاڕ.
پێنجەم: ئایا ژمارەی هاتنی عەرەب و کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و جێگیربوونیان لە شارەکانی هەرێم، هێندە زۆرە، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت و ڕێژەیەکی هێندە بەرز بێت کە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیی شارەکانی هەرێمی لە نێو خۆیدا هەڵگرتبێت. من هیچ ئامارێکی ورد و ڕاستەقینە شک نابەم. وا دەزانم ئەو بەڕێزانەش کە هاواریان لێبەرز بووەتەوە، ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەیان لەبەردەست نەبێت.
ئەگەر ئامارێکیش لەبەردەست نییە، ئایا لە بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم، پرسیاریان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لە هەر خاوەن ١٠٠ دوکان و مۆڵ و باڵەخانەی بازرگانیی و تەنانەت خانوو و شووقەیەکیش، یەکێکیان کەسێکی عەرەب بێت و ئەمەش ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیی دروستکردبێت لەلای ئەو بەڕێزە نەتەوەپەروەرانە!
شەشەم: تەعریب چۆن دەکرێت، لە کاتێکدا ئەوانە سوڕەت قەید و کارتی نیشتمانیی و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی دیکەیان لە شارەکانی دیکەی عێراقە نەوەکو شارەکانی هەرێم. لە کاتێکدا، نە مافی دەنگدان و ڕاپرسییەکی گشتییان لێرە لە هەرێم و شارەکانی هەیە و دەبێت. نە دەتوانن نوێنەرایەتیی و ڕێژەی نوێنەرایەتیی لە پەرلەمان و دەزگاکان بەدەستبهێنن.
ئایا ئەم خاڵانەی سەرەوە و چەندین خاڵی دیکەش کە دەکرێت ڕیز بکرێن، بەس نیین بۆ ئەوەی کە بانگەشە و هاواری بەعەرەبکردنی شارەکانی هەرێمی کوردستان، پووچەڵ بکەنەوە و بە بانگەشەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیناریۆیەک لە کاتێکی دیاریکراودا و بۆ هەندێک ئامانجی تایبەتی سیاسیی و حزبیی، دایبنێین و لێکیبدەینەوە!
خاڵێکی تریش کە لێرەدا پێویستە بەبیر ئەو بەڕێزانەیدا بهێنینەوە، ئەوەیە کە یاساکان و بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتەکانی هەرێم "لەوانە ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوخۆ و دەستەی وەبەرهێنان" ن کە ڕێگەیان بە وەها کارێک داوە و یاسایی و بێگرفتە. هەروەها یاساکانی عێراق و دەستوورەکەشی ئەو مافەی بە هەموو عێراقییەکان داوە کە ئازادن و دەتوانن لە هەر شوێنێک، ناوچەیەک و شارێکی عێراق نیشتەجێ ببن و مافی کڕین و خاوەندارێتییکردنی خانوو و زەوی و دوکان و باڵەخانەیان هەیە. ئەمە بۆ هەموو عێراقییەکان مافی هاونیشتمانییبوونە، بەبێ جیاوازی نەتەوە و دین و زمان و ئیتنیک، مافێکی بنەڕەتییە.
ئایا ئێوە ئەگەر ئەمە بە تەعریب دادەنێن، دەتوانن یاساکانی هەرێم و عێراق بگۆڕن و ئەو مافەی هاونیشتمانییان نەهێڵن! ئایا کە ناتوانن ئەوە بکەن، دەتانەوێت لەم هەڵڵا و هەنگامەیە چی سەوز ببێت! دەتانەوێت بە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، دژایەتی عەرەب و بەغدا بکەن و دواتریش لە عێراق جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێک بهێنن؟! ئایا ئەمە دەکرێت؟!
من نازانم ئایا بەڕاستی ئەمەتان دەوێت و کاری بۆ دەکەن یان نا! بەڵام تا ڕاددەیەکی زۆر لەوە دڵنیام کە هەموو ئەو کۆڕاڵە گەورەیە، پێکڕا و لەم کاتەدا، جگە لە تاکتیکێکی دیکەی دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی چیتر نییە کە توانیویەتی لە ڕێگەی دەستی یەک و دوو و سێوە لە ڕێگەی کەسایەتییە هێما بۆ کراوەکانی پێشترەوە و بە وەگەڕخستنی ئیمپراتۆرێتییە میدیاییەکەیان مۆبەڵایزی بەشێکی گەورەی دەستەبژێر "ئیلیت" ی سیاسیی، ڕووناکبیریی، ئەکادیمیی و میدیایی کۆمەڵگای ئێمە بکەن و بیانخەنە خزمەت ئەجێنداکانی خۆیانەوە.
ئێستا با باسی "ستراتیجی پشیلەی مردوو" بکەین و دواتر دێینەوە سەر باسەکە بە تێکهەڵکێش لەگەڵ ئەم ستراتیجەدا.

ستراتیجی پشیلەی مردوو (Dead Cat Strategy)*

(با وەهای دابنێین کە تۆ لە گفتوگۆیەکدا خەریکە دەدۆڕێیت، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی سەرسەختانە دژی تۆن و تا خەڵک زیاتر سەرنجیان لەسەر واقیع بێت، بۆ تۆ و کەیسەکەت خراپترە. باشترین گرەو لەم بارودۆخانەدا ئەوەیە کە مانۆڕێک ئەنجام بدەیت، کە ستراتیجیستێکی سیاسیی و کەمپەینکارێکی گەورەی ئوستوڕالیی بە ناوی "لینتن کڕۆسبی"، چارەی دۆخەکە بەم شێوەیە باس دەکات: "فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزەکە" چارەسەرەکەیە.
ئەم کارە لەبەر ئەوەیە کە شتێک هەیە کە بە تەواوی لێی دڵنیایە، لە فڕێدانی پشیلەیەکی مردوو بۆ سەر مێزی ژووری نان خواردن، مەبەست ئەوە نییە کە خەڵک تووڕە ببن، زەنگ لێبدەن و بێزار ببن. ئەوانە ڕاستن و دەرئەنجامن، بەڵام مەبەستەکە ئەوە نییە. بەڵکو خاڵە سەرەکییەکە ئەوەیە کە هەمووان ڕاستەوخۆ و دەمودەست هاوار دەکەن “پشیلەیەکی مردوو لەسەر مێزەکەیە!”؛ بە واتایەکی تر باسی پشیلە مردووەکە دەکەن، ئەو شتەی کە تۆ دەتەوێت باسی بکەن و باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە لە دژی تۆن و پێیان نیگەرانیت.)**
واتا ئیتر باسی ئەو بابەتە یان بابەتانە ناکەن کە تێیاندا لاواز و دۆڕاویت و نیگەرانیت بە باسکردنیان. کەواتە هەمووان پێکڕا، هەم لایەنگرەکانت و هەم ڕکابەرەکانت و نەیارەکانت، باسی ئەو بابەتە دەکەن کە تۆ پێشنیارت کردووە و خستووتەتە بەردەمیان و بەمەش باری لاری خۆت ڕاست دەکەیتەوە.
ستراتیجی پشیلەی مردوو، لە نێو چێوەی سەرقاڵکردنە سیاسییەکان و دابەشکردنی کۆمەڵگای سیاسیی و گۆڕینی ئاڕاستەی بابەتە سیاسییە بەرهەمهێنراوەکان یان دروستکراوەکان "مانیفاکتۆرکراوە سیاسییەکان" وەکو تاکتیک "Tactic" هەژمار دەکرێت.
دەسەڵاتدارانی سیاسیی و کارگێڕیی لە پلەی باڵادا پەنا دەبەنە بەر ستراتیجی پشیلەی مردوو وەکو تاکتیک  لە کاتێکدا کە گەندەڵییەکانیان، سەروەت و سامانی سەرچاوە نەزانراو و گوماناوییان، ناپاکیی نەتەوەییان، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان، یان شکستی بەڕێوەبردن، یان قەیرانی ئابووریی و سیاسیی و کارگێڕیی یان سەرکوت و ستەمکارییەکەیان دەبێتە گفتوگۆی گشتی کۆمەڵگا یان بابەتی گەرمی ڕاگەیاندن و بابەتی چالاکییەکانی توێژی چالاکوانان "ئەکتیڤیست" ی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و شیکەرەوە سیاسییەکان و تەنانەت بابەتی گفتوگۆی ڕۆژانەی هاونیشتمانیان لە ڕووبەری گشتی کۆمەڵگادا.
لێرەدا ئەم دەسەڵاتدارانە بە ئامانجی گۆڕینی ئاڕاستەی باری سەرنجی فەزای گشتیی و دەستەبژێری سیاسیی و ڕۆشنبیریی و دواتریش تاکە تاکەی هاونیشتمانیییان، پشیلەی مردوو، وەکو بابەتێکی هەستیار و سەرنجڕاکێش، فڕێدەدەنە نێو فەزای گشتییەوە لە ڕێی ڕاگەیاندنەوە کە بۆ ئەمەش کۆمەڵێک لە بکەرە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی خۆیان ڕادەسپێرن و بابەتەکە لە ڕوانگەی جیاوازەوە و لە ڕێگەی کەسایەتییە جیاوازەکانەوە دەخەنە سەر مێزەکە و بەردەمی ڕای گشتیی و کۆمەڵگا. لێرەوە ئەم بابەتە سەرنجڕاکێش و هەستەوەر و ناسکە لە کاتێکدا دەوروژێنن کە ڕکابەر و نەیارەکانیان نەتوانن کەمترین پێشگیری لێبکەن و تەنانەت تا ئەو ئاستەی کە ڕکابەر و نەیارەکانیشیان هەستی پێناکەن و دەبنە بەشێک لە یارییەکە و مشتومڕەکە.
واتا پشیلەی مردوو، تاکتیکی لابردنی تەرکیز و سەرنجی خەڵک و دەستەبژێری سیاسیی، فەرهەنگیی و مێدیایی و تەنانەت هاونیشتمانییانە بە ڕکابەر و نەیارەکانیشەوە لەسەر ئەو ڕاستییانە و ئەو بابەتە واقعییانەی کە دەسەڵاتداران نیگەرانن لە باسکردنیان و لاواز و دۆڕاون تێیاندا، هەروەها ڕاکێشانی تەرکیز و سەرنجی هەموو ئەو گشتەیە بۆ بابەتێک کە دەسەڵاتداران تێیدا سەلامەتن و تەنانەت نەوەکو تەنها سەلامەت بەڵکو هەژموونگەرن تێیدا، واتا بابەتەکە و کاریگەرییەکانی لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتداراندایە و بۆ ئەمەش هەمووان ناچار دەکەن، ناچارکردنێکی تاکتیکی و ناراستەوخۆ، لەسەر ئەو بابەتە قسە و گفتوگۆ بکەن کە لە بەرهەمهێنراو و دروستکراوی سیاسیی ئەوانە.
ئێستا ئەگەر وردببینەوە لە هەڵڵا و هەنگامەی مێدیا و سۆشیاڵ مێدیا لەبارەی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، تێدەگەین دەسەڵاتدارانی خێڵی کوردایەتیی چۆن لە ڕێگەی وەکیلەکانیانەوە، لە نێو نێوەندی ڕوناکبیریی و نێوەندیی سیاسیی کوردستاندا چۆن هەموو ئەو کەسانەی بەکارهێناوە کە لە نێو چێوەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتییەکەی دوو حزبخێڵەکەی کوردایەتییدا جێگا دەگرن.
سەرنجبدە، چۆن پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنی شارەکانی کوردستان، بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی مەدەنیی، نووسەران و شیکەرەوە سیاسییەکان، نێوەندی ڕوناکبیریی، ئەکادیمیی، فەرهەنگیی و کەناڵە جۆراوجۆرە مێدیاییەکان و سۆشیاڵ میدیاشی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە و سەرنجی هەموو ئەو گشتەی لەسەر گەندەڵییە گەورە و خەیاڵییەکەی دەسەڵاتدارانی دوو حزبخێڵی کوردایەتیی لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی دروستکراوی کەمئاویی لەم ساڵەی باران و ئاو زۆرییەدا کە هەموو پۆند و بەنداوەکان پڕ بوون لابردووە، سەرنجی هەمووانی لەسەر قەیرانی گەورەی کەمیی و نرخ گرانیی بەنزین و غاز و نەوت و مووچە و دروستکردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم مووچەی خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە لابردووە.
لابردنی سەرنج لەسەر جیاکاریی ناوچەیی لە هەرێم. لابردنی سەرنج لەسەر زیندانییکردنی ڕۆژنامەنووسان. لابردنی سەرنج لەسەر بێکارەبایی و بەڵام لە هەمان کاتدا نرخێکی خەیاڵیی بۆ کارەبا.
لابردنی سەرنج لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و نەمانی بودجە و دیاریکردنی بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ شار و ناوچەکان هەر بە میزاج. لابردنی سەرنج لەسەر تەقدیسکردنی بنەماڵە و سیمبول و مێژووی خۆیان. لابردنی سەرنج لەسەر ئەوەی هەر منداڵێکی بنەماڵەی دەسەڵاتدار خاوەنی کۆشکی شاهانە لە وڵاتانی خۆرئاوا، خاوەنی زانکۆ، دەزگای فەرهەنگیی، دەزگای خێرخوازیی، کەناڵ و دامەزراوەی زەبەلاحی مێدیایی، پاڵاوگەی نەوت، بانک و گروپی کۆمپانیاکانن. لابردنی سەرنج لەسەر شکستی سیاسیی و کارگێڕیی سەراپاگیر.
بۆچی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردن لەم کاتەدا!
ڕاستە قەیرانگەلی پێشتر هێما بۆکراو لەمێژە هەن و بەردەوامن بەڵام بەڕێخستنی دیبەیت، کۆڕ و کۆنفڕانس بۆ پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستان و فەرمانپێدان بە هەموو کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیا و پەیج و ماڵپەڕە بێشومارەکانیان بە سێبەر و بەرتاوەوە کە بیکەن بە بابەتی هەرە گرنگ و لەپێش، بۆچی لەم کاتەدا؟!
بەهۆی شکستهێنان لە بەغدا و نەمانی هەژموونیان، هەروەها لەم ماوەیەدا کە هەڵمەتی ئەوەی کە ناودەبرێت بە پاکتاوکردنی گەندەڵیی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و دەستەبەسەرداگرتنی سامانەکانیان، بەڕێوەدەچێت لەلایەن کابینە نوێیەکەی حکومەتی عێراقەوە و بە پاڵپشتییکردنی زۆرینەی هاوپەیمانێتیی و هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها پشتیوانیی ئەمریکا و خودی ترەمپ لە عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتی عێراق، ترسی لە دڵی دەسەڵاتدارانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کوردستاندا دروستکردووە.
ترسی کەمبوونەوەی هێز و هەژموونیان، ترسی لەدەستچوونی بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتیان، ترسی قۆناغ بە قۆناغ دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و بەرەو لێژبوونەوەی ڕەوڕەوەی دەسەڵات و ملنەدانیان بە بڕیارەکانی بەغدا، هەروەکو لە ڕابردوو کردوویانە. ترسی نەمانی پاڵپشتیی نێو دەوڵەتیی و لە سەروو هەموویانەوە ئەمریکا. ترسی بە دادگا گەیاندنی هەندێک لە نزیکەکانیان کە ئەمەش خۆ بەخۆ یەکسانە بە شکانی شکۆ و جەبەڕووتیان کە لە درێژایی سی و ئەوەندە ساڵەی ڕابردوودا لەسەر شکاندنی شکۆی ئینسانی کورد و شکستپێهێنانی سایکۆلۆژیای گشتی کۆمەڵگای کوردیی و ئیرادەی ئینسانی کورد، بونیادیان ناوە.
ترس لە چارەنووسی دەسەڵات و داهاتووی سامانی بێشوماریان کە لەسەر تاڵانکردنی داهاتی گشتیی و وێرانکردنی کوردستان کەڵەکەیان کردووە.
ئێستا لە ڕێگەی پشیلە مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانەوە، دەیانەوێت ئەگەری شکانی شکۆی خۆیان یەکسان بکەن بە ئەگەری شکانی شکۆی میللەت و نەتەوەی کورد.
هەر لە ماوەی ڕابردوو، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەیاندنی سەر بە یەکێک لە دوو خێڵە دەسەڵاتدارەکە، سزادانی کۆمپانیاکەی لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی عێراقەوە بە سزادان لەسەر کوردایەتیی و کورد و کوردستان، ناوبرد. 
ئەوان "دەسەڵاتداران و سەرمایەدارە هاوبەشەکانیان" لە ڕێگەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە بۆ سپیکردنەوەی سەروەت و سامانە گوماناویی و سەرچاوە نەزانراوەکانیان و قازانجی خەیاڵیی خۆیان و تێکدانی عیمرانی شارەکان، پشیلەی مردووی بە عەرەبکردنی شارەکانی کوردستانیان وەکو پڕۆسەیەک جێبەجێکردووە، ئێستا دەبێت خەڵکی قوربانیی و ستەملێکراوی کوردستان، شەڕ لە دژی بە عەرەبکردن! بەرپا بکات و ببێتە سەربازی خۆبەختکەری ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی!. دەیانەوێت لە ڕێگەی پشیلەی مردووی بەعەرەبکردنەوە، مۆبەڵایزی ڕای گشتیی سیاسیی و خەڵکی کوردستان بکەن بە ئاڕاستەی دژایەتییکردنی حکومەتی عێراق و سیناریۆی پووچ و بێناوەڕۆکی هەڕەشەی خۆجیاکردنەوە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆ!
دەیانەوێت نمایشەکە وەها بکەن، کە ئەوە خەڵکی کوردستانە کە ئەمجارەیان دژی عێراقە و خواستی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە نەوەکو پلان و ئەکتی سەرکردە سیاسییەکان و هێز و لایەنە سیاسییەکان.
دواتریش ئەم کارتە بەکاربهێنن وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ خۆ دەربازکردن لە ئەگەری دەرخستنی گەندەڵییەکانیان و ئەگەری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی هەندێک لە نزیک و دەستوپێوەندەکانیان.
لێرەوەیە، تێدەگەین خێڵە دەسەڵاتدارەکانی بزووتنەوەی کوردایەتیی و ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، دەتوانن تا چەند کاریگەر بن لە ئاڕاستەکردنی بیرکردنەوەی گشتییدا و هەردەم لەڕێگەی بابەتە هەستیار و وروژێنەرەوەکانەوە، دەست بەسەر عەقڵی نەوەکو ئاپۆڕای جەماوەرییدا بگرن، بەڵکو دەستەبژێرەکانی نێو کایە جیاوازەکانیشدا بگرن لە مەنگەنەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی خۆیاندا لە قاڵبی بدەن.
پشیلە مردووەکانی سەرانی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتیی، هێندە زۆرن هەرگیز دواییان نایەت و کۆمەڵگاش هەزار جاری دیکە لە هەمان کونەوە، هەمان مار پێوەی دەداتەوە.
..................
تێبینی١: * ستراتیجی پشیلەی مردوو دەگەڕێتەوە بۆ ستراتیجیستی سیاسیی ئوستوڕالیی، لینتن کڕۆسبی.
تێبینی٢: ** ئەو دوو پەرەگرافەی نێوان دوو کەوانەکان، دەقی دوو کورتە پەرەگرافی نێو ستوونێکی بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیایە کە لە هەندێک بەشی وتارەکەدا لەبارەی ستراتیجی پشیلەی مردوو دەدوێت، کە لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕی زە تەلەگرافی بەریتانییدا لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە، کە لە کاتی نووسین و بڵاوکردنەوەی ستوونەکەدا لە ساڵی ٢٠١٣ ،بۆریس جۆنسن، پارێزگار "مایەر" ی شاری لەندەن بوو. ئەمەی خوارەوەش لینکی وتارەکەیە:
This cap on bankers’ bonuses is like a dead cat – pure distraction



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی