بیست و هەشتی تەموز

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

28ی تەموزی 2008 دوای ئەوەی كورد، پارتی و یەكێتی و لایەن گەلی كوردی كەركوك بڕیاریان دا دژی گروپی 22ی تەموزی هەمان ساڵ خۆ پیشاندانی گەورە ڕێكبخەن، گروپی 22ی تەموز بە سەر پەرشتی مەحمود مەشهەدانی لە ناو پارلەمانی عێراق بە گژ مادەی 140دا چوونەوەبە مادەی 24ی نێو یاسا تازەكەیان كەركوكیان نادیدە كردو مادە دەستوریەكەیان بێبایەخ كرد، خۆپیشاندانەكەی 28ی تەموز كۆدەنگیەكی حزبی بە تایبەت پارتی و یەكێتی لە سەر بوو، من لێرەدا یادێك لەو ڕۆژە دەكەمەوەو خۆم كەمتر لە قەرەی ڕەخنەو سەرنجی تایبەتی خۆم دەدەم، پێشتر لە كتێبێكدا 2015 چاپكراوە زۆر شتم باس كردوە.

دوای تەقینەوەكەكە 24شەهیدو 80 برینداری لێكەوتەوە، من لە نزیك مزگەوتی نائیب بووم دوو گەنجی هەرزەكارم بینی یەكی بە چەكێك و مەخزەنێكەوە بەرەو شوێنی ڕوداوەكە هەناسەبڕكێیان بوو، وتم چی بووە یەكێكیان وتی شەڕی كوردو توركمانەو توركمان كوردیان كوشتوە دەچین ئێمەش واو وادەكەین، پێم وتن ئەم درۆو دەلەسەیە ڕاست نیەو پەشیمانم كردنەوە. راستی هەمان ئەوانەی 22ی تەموزیان ئەفراند ویستیان لە كەركوك كوردو توركمان بكەن بە گژ یەكترداو ساڵی 1959 دووبارە بكەنەوە، هەرچۆنێكە ئەو خەونە قێزەونە سەری نەگرت ، بەڵام بۆ ماوەیەكی بێكۆتا مادەی 140و چارەسەری كێشەی كەركوك لە نێو برا، من كاتی خۆی لە ڕێی دۆستێكەوە تەواوی دۆسیەی ئەو ڕۆژەم پاراست ، بەڵام تا ئەم چركە ساتەش برینی ئەو ڕوداوە ساڕێژ نەبووە.

یەكێك لە دروشمە هەرە دیارەكانی ئەو ڕۆژە " لێرە ناڕۆین " بوو ، لە بەر ئەوەی هەر بە ئاشكرا هەوڵی دەركردن و لێرە بڕۆن هەبوو، دەبوو لە سەر ئەو ڕوداوە مەشهەدانی و گروپی 22ی تەموز بدرێنە دادگا نەدران ، كورد وەك هەموو جارێكی تر پاش ماوەیەكی كەم ئازارو شەهیدو ڕوداوەكەی لە بیر كرد، لە ناو 24 شەهیدەكەدا بەشێكی دیاریان مامۆستا بوون، دوای تەقینەوەكە سەرەتا هێندەی نەماو هەندێك كێشەو گرفتی گەورە سەر هەڵبدەن ، لێ‌ هەرچۆنێك بوو رێ‌ لە ڕوداوی نەخوازراو گیرا، ئەوەی بۆمن جێی داخ و تازە چەند ڕۆژێكی كەم بوو شەهید سۆرانی مامە حەمە شەهید كرابوو ، هێشتا خەم و شۆكی ئەو ئازارە بەری نەدابووم. خۆپیشاندان و تەقینەوەو ڕوداوی 28ی تەموزهۆكارەكەی ئەوە بوو پرسی كوردستانی بوونی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە نادیدە كرابوون ، كورد بەو خۆ پیشاندانە ویستی بڵێت ئێمە دەستبەرداری كەركوك نابین و دژی گروپی 22ی تەموزو پیلانەكانی ئەوانین ، ئەوانەی تەقینەوەكەیان كرد ویستیان بە كورد بڵێن ئەو خەونەتان نایەتە دی ، هەروەها بە هۆی نزیكی خۆپیشاندانەكە لە بارەگایەكی بەرەی توركمانیەوە ، ویستیان ئاژاوەیەك لە نێوان كوردو توركمان هەڵگیرسێنن، لە نێو پەڕاوەكانی دادگاشدا ئەو جۆرە قسانە هەیە ، لە كوردو لە توركمانیش هەبوون كەوتبونە ژێر ئەو كاریگەریەوە ، 28ی تەموز هێشتا برینێكە خوێنی لێدەچۆڕێت ، كورد نەئەو خوێنە دەبینێت نەدەزانێ‌ چۆن داكۆكی لە مافە ڕەواكانی خۆی بكات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی