کۆچ وەک چەک.. کاتێک جوڵەی مرۆڤ دەبێتە ئامرازێکی ملمڵانێی جیوسیاسی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد

پێشەکی
لە سەدەی بیست و یەکەمدا، زۆر جار شەڕ تەنها بە تانک، فڕۆکە و مووشەک ناکرێت، بەڵکو لە ڕێگەی ئامرازە نائاساییەکان بەڕێوە دەچێت؛ ئەو شێوازەی کە بە شەڕی هایبریدی Hybrid Warfare  یاخود تێکەڵ ناسراوە. ئەم جۆرە شەڕە هەوڵ دەدات بە تێکەڵکردنی ئامرازە سەربازی و ناسەربازییەکان، بێ ئەوەی شەڕێکی ڕاستەوخۆ دەست پێ بکات، فشاری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتی بخاتە سەر لایەنی بەرامبەر.

لە نێوان ئەم ئامرازانەدا، کۆچ و کۆچی نایاسایی بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی شەڕی هایبریدی. لە ڕێگەی دەستکاری کردنی ڕەوتی کۆچ، دەوڵەتان دەتوانن بێ ئەوەی هێزی سەربازی بەکاربهێنن، فشاری سیاسی و ئەمنی بخەنە سەر ڕکابەرەکانیان. ئەم پرسەش دوای ڕووداوەکانی شاری سەبتە هاتەوە بەر باس و خواس و ئەو پرسیارەی وروژاند کە تا چەندە دەتوانرێت دیاردەى کۆچ وەک چەکێکی جیوسیاسی بەکاربهێنرێت؟ 

شەڕی هایبریدی یاخود تێکەڵ چییە؟
شەڕی هایبریدی بریتییە لە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە ئامرازە سەربازی و ناسەربازییەکان بۆ لاوازکردنی دوژمن، بێ ئەوەی شەڕێکی ئاشکرا ڕابگەیەنرێت. لەوانە شەڕی ئەلیکترۆنی، هێرشی سایبەری، جەنگی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵە، گوشاری ئابووری، بەکارهێنانی وزە، بەکارهێنانی کەمینەکان و بەکارهێنانی کۆچی بەکۆمەڵ. ئەمڕۆ زۆرێک لە توێژەران پێیان وایە کۆچ بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی شەڕی هایبریدی.

چۆن کۆچ دەبێتە چەک؟
مەبەست لە بەکارهێنانی کۆچ وەک چەک ئەوە نییە کە خەڵک بە زۆر کۆچ پێبکرێن، بەڵکو دەوڵەتێک دەتوانێت چاودێری سنوور کەم بکاتەوە، دەروازە سنوورییەکان بکاتەوە، ڕێگای کۆچ بگۆڕێت، ڕێگە بە کارى تۆڕەکانی قاچاخچیان بدات، یان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هانی خەڵک بدات بۆ تێپەڕین. ئامانج لەوە ئەوەیە کە لەماوەیەکی کورتدا ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران بچنە ناو وڵاتێکی دیاریکراو و ببنە هۆی دروستکردنى قەیران.

ئامانجەکانی بەکارهێنانی کۆچ وەک چەک
1.     دروستکردنی گوشاری سیاسی: هەرکات ژمارەی کۆچبەران زیاد بکات، حکومەت ناچار دەبێت ڕووبەڕووی گوشاری ناوخۆیی ببێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتی کۆچ ببێتە کێشەی هەڵبژاردن.
2.    ماندووکردنی دامەزراوەکان: شوێنەکانی نیشتەجێکردن، نەخۆشخانەکان، هێزە ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکەونە ژێر گوشارەوە.
3.    زیادکردنی دابەشبوونی سیاسی: کێشەی کۆچ زۆرجار ناکۆکی نێوان پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگا زیاد دەکات.
4.    بەدەستهێنانی دەسکەوتی دیپلۆماسی: ئەو دەوڵەتەی ئامانجی گوشارەکەیە، لەوانەیە ناچار بکرێت لە دانوستانەکاندا سازش بکات.

قەیرانی سەبتە... نمونەیەکی نوێ
سەبتە شارێکی ئیسپانییە دەکەوێتە باکووری مەغریب و یەکێکە لە گرنگترین خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەفریقا. لە ماوەی نزیکەی ٢٤ کاتژمێردا، دەیان هەزار کۆچبەر چوونە ناو شارەکە، بۆیە حکومەتی ئیسپانیا ناچار بوو هێزی سوپا و ئاسایش بنێرێت بۆ شارێک کە تەنها نزیکەی ٨٤ هەزار کەس دانیشتووانەکەیەتى، ئەو ژمارەیە لە کۆچبەر گوشارێکی زۆری لەسەر خزمەتگوزاری و دامەزراوەکان دروست کرد.

بۆچی سەبتە گرنگە؟
گرنگی سەبتە تەنها لە باری کۆچەوە نییە، بەڵکو بەهۆى شوێنە جیوسیاسییەکەیەتى. مەغریب سەبتە و مەلیلیە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، بەڵام ئیسپانیا حاکمێتی خۆی بەسەریاندا سەپاندووە. بۆیە هەرکات پەیوەندییە سیاسییەکان نێوان هەردوو وڵات خراپ ببن، ئەم دوو شارە دەبنە خاڵی گوشار.

پەیوەندی پرسەکە مەغریب، ئەمریکاو ئیسرائیل
لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە، پەیوەندی نێوان مەغریب، ئەمریکا و ئیسرائیل بەهێزتر بووە. لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ، ئەمریکا دانى بەسەروەری مەغریب بەسەر بیابانى ڕۆژئاوا دا نا، بەرامبەر بە چوونە ناو ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم. پاشان ئیسرائیل هەمان هەنگاوی نا، و هاوکارییەکانیان لە بوارەکانی هەواڵگری، بەرگری و دیپلۆماسی فراوانتر بوو. لە بەرامبەردا، پەیوەندی ئیسپانیا و ئیسرائیل دوای ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن مەدریدەوە خراپتر بوو.

ڕێپێوانى سەوز... نمونەیەکی مێژویی
ساڵی ١٩٧٥، مەغریب ٣٥٠ هەزار کەسی بەرەو بیابانى ڕۆژئاوا جوڵاند ئەوەی کە بە ڕێپێوانی سەوز ناسراوە. ئەم فشارە بووە هۆی ئەوەی ئیسپانیا زوو لە ناوچەکە بکشێتەوە. زۆر لە توێژەران ئەو ڕووداوە بە یەکێک لە یەکەم نموونەکانی بەکارهێنانی فشاری دیمۆگرافی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی لێکدەدەنەوە.

چەند نموونەکانی دیکە
1.    تورکیا و یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٠): تورکیا سنوورەکانی بەرەو یۆنان کردەوە و هەزاران کۆچبەری هاندا بەرەو ئەوروپا بچن، بۆ فشار خستنە سەر یەکێتی ئەوروپا لەسەر یارمەتییە داراییەکان و پرسی سوریا.
2.    بیلاروس و یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢١): بیلاروس هاتنی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ سنوورەکانی پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتفیا ئاسان کرد. یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ ئەو کردارەیان بە هێرشێکی هایبریدی ناو برد.

کۆتایی
ئەزموونەکانی سەبتە، سنووری تورکیا و یۆنان، و قەیرانی بیلاروس نیشانى دەدەن کە کۆچ لە دنیای ئێستادا تەنها بابەتێکی مرۆیی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە ئامرازێکی کاریگەر لە ملمڵانێی جیوسیاسی.

لە چەند ساڵی داهاتوودا، بەهۆی توندتربوونی ملمڵانێی نێودەوڵەتی، چاوەڕوان دەکرێت کۆچ زیاتر وەک ئامرازێکی فشار بەکاربهێندرێت، و بۆیە پاراستنی سنوور و بەڕێوەبردنی ڕەوتی کۆچ بۆتە بەشێکی گرنگ لە ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانی، نەوەک تەنها پرسێکی مرۆیی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی