کۆمەڵگەی تەنز و پێکەنین: کاتێک گاڵتەجاڕی دەبێتە ئایدیۆلۆژیای سەردەم .

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن


(کاتێک هەموو شتێک دەبێتە بابەتی گاڵتەجاڕی و سوعبەت، مرۆڤ ئەو توانایە لەدەستدەدات، جیاوازی بکات لە نێوان ئەوەی شایەنی پێکەنینە و ئەوەی شایەنی شۆڕشە).
مرۆڤی هاوچەرخ، وەک چۆن لە سەردەمی ڕاستیدا ناژێت، بەهەمان شێوە لە سەردەمی درۆشدا نییە، بەڵکو لە سەردەمی پلار و تەنز و گاڵتەجاڕیدا دەژێت. چونکە درۆ، هێشتا دان بە بونی ڕاستیدا دەنێت، بەڵام هەوڵدەدات لە باری بەرێ و بیشارێتەوە، بەڵام تەنز شتێکی مەترسیدارتر گشتگیر دەکات:
ڕاستی وا لێدەکات، بێبایەخ و بێ کەڵک و نابوت دەربکەوێت.
ڕوداو و کارەساتەکان بە تەقینەوەی بۆمبێک، کەوتنی باڵەخانەیەک، ڕوخانی پردێک، ڕوداوێکی هاتوچۆ، کەوتنەوەی ئاگرێک..  دەست پێناکەن، بەڵکو بە تەقینەوەی هەموو ئەو کۆمێنتە، تەنز ئامێزو گاڵتەجاڕیانە دەست پێدەکەن، بەدامێنی پۆستەکانەوە خۆیان هەڵواسیوە. ئێستا جەنگەکان تەنها لە مەیدانی نەبەردی و ڕوبەڕوبونەوە یەکلا ناکرێنەوە، بەڵکو پێش وەختە لە مەیدانی ( پۆست،ڕیلز، میم)ەکاندا جارەنوسیان دیاریدەکرێ. تەنانەت سیاسەتیش لە ڕێگەی بەرنامە و بیرۆکەکانەوە پەیڕەو ناکرێت، بەقەد ئەوەی لە ڕێگەی توانای خولقاندنی ئەو دیمەنەی، زۆرترین توانای بڵاوبوونەوەی خێرای هەیە، پەیڕەو دەکرێت.
 وەک ئەوەی فەیلەسوفی فەرەنسی (ژیل لیپۆڤێتسکی) وەسفی دەکات، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا دەژین، سەنگ و قورساییە ڕەمزییەکەی لەدەستداوە. دەسەڵات لەم ڕۆدا پێویستی بە تێکشکاندنی پیرۆزییەکان نەماوە، چونکە تەنز و سوعبەتی ڕۆژانە بە هێمنی ئەم ئەرکەیان لە کۆڵ ئەو کردۆتەوە. ئەمڕۆ بەهای هەر شتێک لە نوکتەیەکدا کورت دەکرێتەوە، هەموو بیرۆکەیەک تەنها بۆتە کەرەستەی سەرقاڵکردن، تەنانەت تراژیدیایەکان وەک ناوەڕۆکێکی بە بازاڕکردن سەیر دەکرێن.
 پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە:
بۆچی پێدەکەنین؟
بەڵکو ئەوەیە:
 کێ لەم گاڵتەجاڕی و پێکەنینە سوودمەند دەبێت؟
پێشتر پێکەنین، لە (ئەرستۆ)وە، تا دەگاتە(بێرگسۆن)، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی خۆی نمایش دەکرد، گوایە پەردە لەسەر ناڕەزایەتیەکان هەڵدەمالێت، یان لادانەکان ڕاستدەکاتەوە. بەڵام ئەمڕۆ پێکەنین لە ئەرکە نەریتییەکەی تێپەڕیوە، بۆتە کەرەستەیەکی ئابووری، سیاسی، پێشەسازی، تەکنیکێکی بۆ ئاراستەکردنی سەرنجی خەڵک. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەنها زانیاری نافرۆشن، بەڵکو کات دەفرۆشن. چیتر سەرمایەی ڕاستەقینە نەوت و زێڕ نییە، بەڵکو سەرنجی مرۆڤە، سەرمایەداری دیجیتاڵی، سەرمایەی زەبەلاح لە ڕاکێشانی زۆرترین سەرنجدا وەبەردەهێنێ .
لێرەوە تەنز دەبێتە کاڵایەکی نموونەیی، خێراترینە لە بڵاوبوونەوەدا، زۆرترین توانای هەیە بۆ هێشتنەوەی بەکارهێنەر لەبەردەم شاشەکاندا، کەمترین تێچووشی هەیە لە بەرهەمهێناندا. هەر بۆیە سەرمایەداریی دیجیتاڵی زۆر باش تێگەیشتووە، هاوڵاتییەکی تووڕە ڕەنگە بخوێنێتەوە، بیربکاتەوە، خۆی ڕێکبخات، و ڕەنگە ناڕەزایەتیش دەرببڕێت. بەڵام ئەو هاوڵاتییەی بەبێ وەستان نوکتە و تەنز بەکاردەهێنێ، تووڕەیی خۆی بە پێکەنین خاڵی دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بۆ چەند ساتێکیش بێت، دەکەوێتە بارو دۆخێکەوە واهەست بکات، ئەرکە ئەخلاقیەکەی جێبەجێ کردووە. ئەمەش بەو مانایەی تەنز و سوعبەت هەمیشە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات نییە، بەڵکو ڕەنگە ببێتە یەکێک لە ئامرازەکان بەدەستی ستەمکارانەوە.
 (گرامشی) هەژموونی بەوە وەسف دەکرد، تەنها باڵادەستی هێز نییە، بەڵکو توانایەکە بۆ ڕاهێنانی کۆمەڵگا، تا سیستەمی سەپاو وەک شتێکی سروشتی قبوڵ بکەن. ئەگەر گرامشی ئیمڕۆ لە ناوماندا بووایە، ڕەنگە ئەمەی بۆ تیۆرەکەی زیاد کردبا، یەکێک لە ئامرازەکانی ئەم هەژموونە بریتییە لە گۆڕینی هەموو ناڕەزایەتییەکان، بۆ تەنز و نوکتە، هەموو تراژیدیاکان بۆ (ترێند)، تاوەکو واقیع هەرچەندە سەخت و قەیرانەکان هەر چەندە قوڵ بن، دواجار ببنە شتێکی ئاشنا و قبوڵکراو ئاسایی بەلای کۆمەڵگاوە.
(میشێل فوکۆ) فێری کردین، دەسەڵاتی هاوچەرخ تەنها لە ڕێگەی قەدەغەکردنەوە کارناکات، بەڵکو لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی شێوازی تایبەتی ڕەفتار و ئاخاوتنەوە کار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت بڕوانرێتە کلتوری تەنز، وەک جۆرە ئاخاوتنێک، هاوڵاتییەکی نوێ بەرهەمدێنێت: خێرا تووڕە دەبێت، خێرا لەبیری دەچێتەوە، کەمترین تێڕامانی هەیە، لەمانەش مەترسیدارتر، بەکارهێنەری هەڵوێستەکانە نەک دروستکەریان .
(گی دێبۆر) زۆر لەسەر حەق بوو کاتێک گوتی کۆمەڵگەی هاوچەرخ بۆتە (کۆمەڵگەی نمایش). بەڵام خودی نمایشەکە گۆڕانی بەسەرداهاتوە، تەنها پشت بە شوک و سەرسامکردن نابەستێت، بەڵکو پشت بە تەنز و سوعبەتیش دەبەستێت. ئەو دیمەنەی پێکەنین نەخوڵقێنێ، هێزی بڵاوبوونەوە لەدەست دەدات، ئەو ڕووداوەش نەبێتە (ڕیلز یان میم)، بەها ڕەمزیەکەی لە بازاڕی پلاتفۆڕمەکاندا بزردەکات.
پاشان (ژان بۆدریار) دێت، تا پەردە لەسەر قۆناغی کۆتایی ئەم وەرچەرخانە هەڵبمالێت، وێنەکان تەنها واقیع ناشارنەوە، بەڵکو دەبنە جێگرەوەیان. ئیمڕۆ دەکرێت بگوترێت (میم)، تەنها ڕووداوەکە شیکار ناکات، بەڵکو خۆی بۆتە خودی ڕووداوەکە، لە بیرگە و یادەوەری جەماوەردا. زۆر کەس نوکتەکەیان بیرە، پۆستەکەیان بیر نەچۆتەوە، بەڵام ئەو کێشەیەی نوکتەکە و پۆستی لەسەرکراوە، دەمێکە لەبیریان چۆتەوە. ئەمە قەیرانی زانیاری نییە، بەڵکو قەیرانی واتایە، قەیرانی خاوخلیسکی نیە بەڵکو قەیرانی تێپەڕبونی خێرایە.
(نیل پۆستـمان) دەمێکە پێشبینی ئەوەی کردوە، ئێمە بەهۆی قەدەغەکردنی قسەکردنەوە لەناو ناچین، بەڵکو بەهۆی نوقمبوون لە کات بەسەربردنی بێ ئامانجدا بە هێواشی دەتوێینەوە. ئەوەی ئیمڕۆ ڕودەدات، پێشبینیەکەی پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوەتا کلتور بە قووڵیی و ڕەسەنایەتیەکەی ناپێورێت، بەڵکو بە خێرای و زۆری بەکارهێنەرەکانی دەپێورێت، دیبەیت و گفتوگۆ گشتیەکان، بە بەڵگە و ئارگومێنت یەکلا نا کرێنەوە، بەڵکو بە ژمارەی شەیر و لایک و فۆڵەوەرەکان.
بەم شێوەیە ئەگەرچی مرۆڤ بە دەریایەک لە زانیاری دەورە دەراوە، بەڵام بەدەست هەژاریی تێگەیشتنەوە دەناڵێنێت. دەبێتە شاهیدی هەزاران تراژیدیا، بەڵام توانای ئەوەی لەدەستداوە کاریگەریی درێژ خایەن لەسەر یادەوەریەکانی بەجێ بێڵن .
 نیچە دەڵێت: (مرۆڤ هەندێک جار پێویستی بە وەهم هەیە تا بتوانێت بەرگەی ژیان بگرێت). بەڵام وەهمەکانی ئەم سەردەمە ئەفسانە ئاینیەکان نین، بەڵکو لێشاوێکی بێ دوایەکی ئەو ناوەڕۆکانەن، تەنها هەستێکی کاتیی بەشداربوونمان پێدەبەخشن، لە کاتێکدا دابڕان و نامۆبونمان قووڵتر دەکەنەوە، توانای هەڵوێستی جددی و کاردانەوەمان زیاتر پەرت و بڵاودەکەن.
مەترسیدارترین شت لە (کۆمەڵگەی تەنز و نوکتەدا)دا، ئەوە نییە، وامان لێدەکات پێبکەنین، بەڵکو ئەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئازاردا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. ئەو تراژیدیایەی ویژدانی بەئاگا دەهێناینەوە، ئیمڕۆ وەک پۆستێکی تێپەڕ، بەخێرایی بە بەردەمماندا تێپەڕ دەبێت. ئەو زوڵمەی بەردەوام بانگهێشتی دەکردین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بۆتە دیاردەیەک تەنها بۆ ڕیزکردنی کۆمێنتی زیاتری تەنزئاميز، یان زۆرترین دیمەنی ڕیلزی کۆمیدی.
ئاشکرایە ویژدان بەیەکجار و لە یەک چرکەساتدا نا کەوێت، بەڵکو بە هێمنی و هێواشی دەپوکێتەوە، لەگەڵ هەر پێکەنینێکدا لە کاتی خۆی و لە جێی خۆیدا نەبێت. ڕەنگە لەبەر ئەمە بێت، پرسیاری فەلسەفیی ئیمڕۆ ئەوە نەماوە:
تا چەند ئازادی دەربڕینمان هەیە؟
بەڵکو گۆڕاوە بۆ:
ئایە هێشتا توانای هەستکردنمان ماوە؟
چونکە ئەو شارستانییەتەی توانای خەمباربوون لەدەستبدات، لەگەڵ خۆیدا توانای دادپەروەریش لەدەستدەدات. وە ئەو کۆمەڵگایەی بە هەموو شتێک پێدەکەنێت، ڕەنگە دواجار خۆی لەو جێگایە ببینێتەوە، توانای بەرگری لە وجود و کەرامەتی بەیەکجاری لەدەست داوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی