بۆچی هەمووان قسە دەکەن و کەس گوێ ناگرێت؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاری عومەر




ئێمە لە ڕۆژگارێکدا دەژین کە جیهان لە هەموو کاتێک قەرەباڵغتر و پڕ دەنگترە، بەڵام مرۆڤ لە هەموو کاتێک تەنیاتر و بێدەنگترە.


بەرامبەر شاشە بچووکەکانمان دانیشتووین و ڕۆژانە ڕووبەڕووی لافاوێک لە زانیاری، هەواڵ، ڤیدیۆ و شیکاری دەبێنەوە. هەموو کەسێک مایکی پێیە و هەمووان دەیانەوێت شتێک بڵێن، بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە: لەناو ئەم هەموو ژاوەژاوەدا، گوێگرەکە کێیە؟
تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە ڕووبەرێک بن بۆ ئازادیی ڕادەربڕین ونزیکردنەوەی مرۆڤەکان، بەڵام بە کردەوە تووشی گەورەترین مۆتەکەی فکریی و سڕکردنی هەست و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیان کردووین ئێمە هێندە ڕاهاتووین بە ڕاکێشانی پەنجەکانمان لەسەر شاشەکان، کە ئیدی فریا ناکەوین لەسەر هیچ بابەتێک بوەستین. بەسەر کارەساتەکاندا تێدەپەڕین، لە ئاست ئازارەکاندا زەردەخەنەیەک یان «لایکێک» جێدەهێڵین، و بێ ئەوەی خولەکێک بیر بکەینەوە، دەچینە سەر بابەتی دواتر. ئەمە تەنیا کێشەی ئەپڵیکەیشنەکان نییە، بەڵکو گۆڕانی پێکهاتەی دەروونی و عەقڵی کۆمەڵگەیە.
بێدەنگیی ڕاستەقینە، نەبوونی دەنگ نییە؛ بەڵکو کەمبوونەوەی «تێگەیشتن و کاریگەرییە». کاتێک هەموو شتێک دەبێتە «کۆنتێنت» و بەرهەمی خێرا، ئیدی بەها فکری و ڕۆشنبیرییەکان قورسیی خۆیان لەدەست دەدەن. جاران بابەتێک بڵاودەکرایەوە، ڕەوتی بیرکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکانی دەگۆڕی، گفتوگۆی قوڵی لە کۆمەڵگەدا دەخوڵقاند. بەڵام ئەمڕۆ، تەمەنی کاریگەریی گەورەترین نووسین یان ڤیدیۆ، لە چەند کاتژمێرێک تێپەڕ ناکات و لەناو لافاوی پۆستی تردا دەخنکێت.
ئەم بارودۆخە، ئاڵۆزییەکی گەورەی لەبەردەم نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی بەئەزموون دروستکردووە. کۆمەڵگە بەرەو لای بابەتی خێرا، ڕووکارانە و هەستبزوێنی بێ‌ناوەرۆک پەلکێش دەکرێت. بەڵام ئایا چارەسەر ئەوەیە ئێمەش خۆمان بدەینە دەست ئەم شەپۆلە ڕووکەشە ؟ نەخێر.
بێدەنگیی ئێمە لە ئاست پرسیارە جدییەکانی کۆمەڵگە، یارمەتیدانی ئۆلگۆریتمەکانە بۆ سڕکردنی زیاتری عەقڵ.
ئەلگۆریتم ئەو یاساوڕێسایە و سیستمە زیرەکانەی کۆمپیوتەر کە بەنهێنی و لەپشت شاشەکانەوە بڕیار دەدەن کێ چی ببێنێت!

پێویستە جارێکی تر ڕاهێنان بە خۆمان بکەینەوە بۆ بەئاگابوونەوە. پێویستە فێربینەوە چۆن لەسەر دەقە قوڵەکان بوەستین، گفتوگۆی شارستانی بڕەخسێنین، و نەهێڵین شاشەکان ئاراستەی بیرکردنەوەمان بۆ دیاری بکەن.
جیهان پێویستی بە دەنگی بەرزتر نییە، پێویستی بە دەنگی بەڕاستی دیار و کاریگەر هەیە. تا ئەو کاتەی نەبینە بەشێک لە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە و بەهاکان نەبوژێنینەوە، تەنیا تەماشاکەرێکی بێدەنگ دەبین لە سیناریۆیەکدا کە کەسانی تر بۆیان نووسیوین!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی